سەردێڕ:

نوێترین زانیاریی لەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان

PM:05:52:05/05/2022

317884 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پارەی تەواویان لەبەردەستە بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی موچە و لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکەن.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی موچە لەبەردەستدایە و تەنها بڕێکی کەمی ماوە، کە بە گەڕانەوەی داهاتی ئەم چەند رۆژەی خاڵە سنورییەکان پارەکە دابیندەکرێت.

ئەو چاوگە بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا دەست دەکرێت بە دابەشکردنی موچە و پلانەکان بەو جۆرەن؛ ئەگەر گرفتی هونەر نەبێت سەرەتای هەفتە لیستی موچە رابگەیەنن.

ئەوەشی خستەڕوو، لیستی دابەشکردنی موچە هاوشێوەی مانگی رابردوو دەبێت و بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە نەیانتوانیوە لەم چەند رۆژەدا موچە دابەشبکەن. جگە لەوەی بەشێکی موچەخۆران موچەی مانگی ئازاریان وەرنەگرتووە، بەبیانووی ئەوەی پارە لە بانکەکاندا نەمابوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو موچەیەی حکومەت بڕیارە دابەشیبکات موچەی مانگی نیسانە؛ لە کاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێم نزیکن لە ناوەڕاستی مانگی ئایار. لەماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم بەڵێنی دابوو هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام نەک بەڵێنەکەی نەبردووەتەسەر، بەڵکو دابەشکردنی موچە مانگێک لەدوایە.

جگە لەوەی سیستمی دابەشکردنی موچە خراپە و بەبیانووی نەبوونی پارەوە دابەشکردنەکە دوادەکەوێت؛ ئەو گرفتەش زیاتر سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینی گرتووەتەوە.

سەرەڕای ئەوانەش شێوەی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان کێشەی تێدایە و تەنها لەکاتی دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات و لە رۆژی جەژنی نەورۆزدا پێنج خانەنشین لەسەرەی وەرگرتنی موچەکانیان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتی دابەشکردنی موچەی مانگی ئازار، چەندین خانەنشین برینداربوون و لەلایەن پاسەوانانی بانکەکانەوە مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ دەکرێت و پاڵیان پێوەدەنرێت یاخود داری کارەباییان لێدەدەن.

هێرش قادر، هەولێر

هـ.ئـ













گەلەری