PM:05:20:05/05/2022
2324 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دوو بڕیاری لەبارەی ئاوارە نوێیەکانی شنگالەوە دەرکرد، کە لەماوەی هەفتەی رابردوو و سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئاوارەی هەرێم بوون.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، "بڕیارەکان بەهۆی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەیە کە لە سنووری قەزای شنگال هەیە، بەتایبەت ناوچەکانی (سنونێ و خانەسوور و دووگر)، هەروەها بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەو قوتابیانەیە کە لەگەڵ خێزانەکانیان ڕوویان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووە."
دەقی بڕیارەکان:
١. بەرێوەبەرایەتی
گشتیی پەروەردەی دهۆک و پەروەردەی شنگالمان راسپاردووە کە ئەو قوتابیانەی سەر بە
قوتابخانەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانن ئێستا لەگەڵ خێزانەکانیان ڕوویان
لە پارێزگای دهۆک کردووە و لە کەمپەکان یان دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن دەتوانن لە قوتابخانەی ناو کەمپەکان و ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکانیش
لە نزیکترین قوتابخانە خۆیان تۆماربکەن و تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن و پاشان
نمرەکانیان لە رێگای بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی دهۆکەوە دەچێتەوە قوتابخانەکانی
خۆیان، هەروەها ئەو قوتابیانەی کە بەهۆی دۆخی ئێستایان ئامادەسازنین بۆ تاقیکردنەوە
دەسەڵاتی تەواو دەدەین بە بەرێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک لە کاتێکی دیکەی گونجاو
تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەن بەجۆرێک هیچ قوتابییەک لەو قوتابیانە نابێت مافیان
بفەوتێت بەهۆی بەجێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە.
٢. بەیانی
ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدڕاڵ پەیوەندی تەلەفۆنیم ئەنجامدا سەبارەت
بەو قوتابیانەی کە ئێستا لەگەڵ خانەوادەکانیان ڕوویان لە پارێزگای دهۆک کردووە و سەر
بە قوتابخانەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدڕاڵن، داوام لێکرد هەموو رێکارێکی گونجاو
بگرنەبەر بۆ ئەوەی مافی ئەو قوتابیانە پارێزراو بێت، وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدڕاڵ
بەڵێنیدا بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی نەینەوا رادەسپێرن کە هاوشێوەی وەزارەتی
پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەنگاو بنێن و تیمێکی کارکردن دروست بکەن بۆ ئەو بابەتە
و دڵنیاییدا کە هەموو رێکارێکی گونجاو دەگرنەبەر بۆ ئەوەی مافی ئەو قوتابیانە نەفەوتێت.
هـ.ئـ