سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە خۆڵبارین راگەیاند

PM:02:47:05/05/2022

6180 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، بەهۆکاری خۆڵبارین کەسێک لە نەخۆشخانەکانی عێراق گیانیلەدەستداوە. دەشڵێت، "بە هەزاران کەس بەهۆی هەناسە توندییەوە داخڵی نەخۆشخانەکان کراون".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، نەخۆشخانەکانی عێراق زیاتر لە پێنج هەزار کەیسی سەردانی کردن و داخڵبوونیان تۆامر کردووە کە بەهۆی خۆڵبارینەوە هاوڵاتییان توشی هەناسە تەنگی بوون.

ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا یەک حاڵەتی مردن بە هۆی خۆڵبارینەوە تۆمار کراوە.

سەیف بەدر ئەوەشی خستەڕوو، نەخۆشخانەکانی هەردوو بەشی کەرخ و رەسافە لە شاری بەغدای پایتەخت زیاتر لە هەزار کەیسییان تۆمار کردووە کە بەهۆی خۆڵبارینەوە هاوڵاتییان توشی هەناسە تەنگی بوون.

وتیشی، ژمارەیەکی زۆر لە کەیسەکان زۆر قورس نەبوون و دوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە بەرە بەیانییەکی زووی ئەمڕۆوە ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە عێراق کردبوو گەیشتە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێم و کوردستان بە تایبەتی پارێزگای کەرکوک و خانەقین و کفری و گەرمیان و پارێزگای سلێمانی.

سامان لە‌تیف وتە‌بێژی تە‌ندروستی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی کاریگەری خۆڵ بارین لەچەند کاتژمێری رابردوو ١٣ هاوڵاتی سەردانی هەردوو نەخۆشخانەی شار و دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی تایبەت بە منداڵانیان کردوە.

ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی خۆڵبارین پارێزگاکانی بەغدا و ئەنبار و کەرکوک و نەجەف و کەربەلا و سەڵاحەدینی گرتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە پارێزگاکانی ئەنبار و نەجەف بەهۆی خۆڵبارینەوە زیاتر لە ٨٠٠ هاوڵاتی توشی هەناسەتوندی بوون و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە پارێزگای سەڵاحەدین ٣٢٢ کەس توشی هەناسە توندی بوون، بەڵام هیچ کەس گیانیلەدەست نەداوە.

سەباح موحسین زاملی بەڕێوەبری گشتی تەندروستی پارێزگای دیوانییە بە ئاژانسی هەواڵی عێرقی راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی رووی لە عێراق کردووە، لەو پارێزگایە ١٠٠ کەس توشی هەناسە توندی بوون و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و داخڵکراون.














گەلەری