سەردێڕ:

روسیا لە بارەی بوون بە ئەندامی دوو وڵاتی ئەوروپی لە ناتۆدا هۆشداری توندی دا

AM:09:47:05/05/2022

11868 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئەگەر فینلەندا و سوید ببنە ئەندام لە ناتۆ، ئەوا دەبنە مەیدانی روبەڕووبونەوەی روسیا لەگەڵ پەیمانیی باکوری ئەتڵەسیدا. دەشڵێت، "ئایا ئەمە ئەو شتەیە کە هەردوو گەلی سویدی و فنلەندی دەیانەوێت؟"


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ماریا زاخارۆفا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا بە رۆژنامەی ABC ی ئیسپانی راگەیاند، ئەگەر فینلەندا و سوید ببنە ئەندام لە ناتۆ، دەبنە مەیدانی روبەڕووبونەوەی روسیا لەگەڵ پەیمانی باکوری ئەتڵەسیدا.

ئاماژەی بەوەشدا، کە ئایا هەردوو گەلی سویدی و فنلەندی ئەم بژاردەیان دەوێت؟

وتیشی، لەکاتی بوون بە ئەندامی هەریەک لە فینلەندا و سوید لە ناتۆدا، ئەوا تەواوی متمانەی نێوان روسیا و ئەو وڵاتانە کۆتایی پێدێت و مامەڵەی رێزگرتنی وڵاتانی دراوسێ دەگۆڕێت.

پاش هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا، هەردوو وڵاتی ئەسکەندەناڤی، سوید و فینلەندا بەشوێن هاوپەیمانێکی باشتر لە روسیادا دەگەڕێن و ناتۆش هەفتەی رابردوو داوای لێکردن کە پەیوەندیان پێوە بکەن، لەبەرامبەردا، دوێنێ چوارشەممە، سانا مارین سەرۆک وەزیرانی فینلەندا رایگەیاند، لە ئەگەری پاڵاوتنی وڵاتەکەی بۆ چوونە ناو ناتۆوە، هیوادارن لە زووترین کاتدا ناتۆ دەست بە رێکارەکان بکات جا ئەگەر بە تەنها بێت یان لەگەڵ سوید.

دەشڵێت، هێلسینکی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا، تا بتوانن گەرەنتی پاراستنیان بەدەستبهێنێت لەماوەی پاڵاوتنەکەیاندا، کە ئەگەری هەیە چەندان مانگ بخایەنێت.

سانا مارین راشیگەیاند، ئەگەربێت و سوید و فینلەندا پەیوەندی بە ناتۆوە بکەن، گرنگترین شت ئەوەیە کە پرۆسەکە دەبێت زۆر کورت بخایەنێت، ئەمە تەنها گەرەنتی ئەمنییە کە دەتوانن هەیانبێت.

لای خۆشییەوە، بێن واڵاس وەزیری بەرگری بەریتانیا بەڵێنیدا، وڵاتەکەی پشتیوانی تەواوی ئەم وڵاتە ئەسکەندەناڤییە دەکات لە هەر حاڵەتی هێرشکردنێک رووبەروویان بێتەوە.

وتیشی، ناتوانن هەرگیز وابیر بکەنەوە کە یارمەتی سوید و فینلەندا نادەن گەربێت و توشی مەترسی ببنەوە.

لەپاش هێرشە سەربازییەکەی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا، سوید و فینلەندا بەنیازن هاوپەیمانێکی باشتر لە روسیای دراوسێیان پەیدا بکەن.

بە شێوەیەکی فەرمی، وڵاتانی ناو ناتۆ دەتوانن سودمەندبن لە هاوپەیمانی سەربازیی بەپێی بەندی پێنج کە لەلایەن ئەمریکاوە لە کاتی جەنگی ساردی لەگەڵ یەکێتی سۆڤییەت دەرچوو.

هاوکات، میدیاکانی فینلەندا پێشبینی بڕیاری حکومەتەکەیان دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا لەبارەی چوونە ناو پەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ"وە.

حکومەت و پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی سویدیش لە ١٣ی ئایارەوە دەست دەکەن بە پێداچونەوەی ئەمنی دەربارەی بوون بە ئەندام لە ناتۆ.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگری فینلەندا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، هەلیکۆپتەری سوپای روسیا ئاسمانی فینلەندای بەزاندوە و ئەمەش دووەمین جارە لە مانگێکدا روسیا ئاسمانی فینلەندا دەبەزێنێت.













گەلەری