سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، ٢٤ هەزار و ٥٠٠ سەربازی سوپای روسیا لەماوەی ٧٠ رۆژی رابردوودا کوژراون و لە دەستپێکی جەنگەوە تا ئەمڕۆ روسیا ١٩٤ فڕۆکەی جەنگی، ١٥٥ کۆپتەر و هەزار و ٧٧ تانکی لەدەستداوە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا، نوێترین زانیاری لە بارەی زەرەر و زیانەکانی سوپای روسیا لە ٢٤ی مانگی شوباتەوە تا ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣٠٠ سەربازی سوپای روسیا کوژراون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تا ئێستا ٢٤ هەزار و ٥٠٠ سەربازی سوپای روسیا کوژراون.
ئاماژەی بەوەشداوە، ١٩٤ فڕۆکەی جەنگی،
١٥٥ کۆپتەر، هەزار و ٧٧ تانک، دوو هەزار و ٦١٠ ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، ٤٩١ تۆپهاوێژ،
١٦٣ موشەکهاوێژ و ٨١ سیتسمی بەرگری ئاسمانی روسی، تێکشکێندراون.
لە لایەکی دیکەشەوە، روسیا هەزار و ٨٦٧ ئۆتۆمبێلی سەربازی، ٣٠٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
و ١٠ کەشتی و یەختی خێرایی مامناوەندی لەدەستداوە.
ئەوە لەکاتێدایە کە وەزارەتی بەرگریی روسیا پێشتر لە راگەیەندراوێکدا لە
٢٥ی ئادار بڵاوی کردبووەوە کە تاکو ئێستا هەزار و ٣٥١ سەربازی سوپای روسیا لە ئۆکرانیا
کوژراون.