سەردێڕ:

هاتوچۆی عێراق وادەی دابەشکردنی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێلی ئاشکرا کرد

PM:10:02:01/05/2022

6192 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق رایگەیاند، دوای جەژن تابلۆی نوێی یۆتۆمبێلەکان دابەش دەکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، تارق روبەیعی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، یەکەم کاروانی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل بە چاپکراوی و ئامادەکراوی گەیشتووەتە عێراق.

ئاماژەی بەوەشداوە، دوا بەدوای تۆژانی جەژن دەست بەدابەشکردنی تابلۆکان دەکرێت.

هەروەها، بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی عێراق لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە نەداوە تابلۆکان لە کوێ چاپکراون.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای رێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق لەبارەی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێلەوە، لە رێکەوتی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٢ یەکەم تابلۆ بە سیستمی نوێ لە هاتوچۆی هەولێر چاپکرا و دەستکرا بە پێدانی تابلۆ بە شوفێران.

دواتر لە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٨ی ٤ی ٢٠٢٢ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێل بە دیزاین و سیستەمی نوێ لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی چاپکرا و بە کردەیی کرا بە ئۆتۆمبێلی تایبەت / تۆماری یەکەم جار.

پێشتر، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٦ی ٤ی ٢٠٢٢ بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "من ئاگاداری تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل نیم و زانیاری لای هاتوچۆی هەولێرە، من هیچی لێ ئاگادار نیم".

وتیشی، ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەرێم هیچ زانیارییەکیان لەسەر کۆی پرۆسەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بۆ تابلۆی نوێ نییە.

دوابەدوای ئەم لێدوانەی، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی ٤ی ٢٠٢٢ عەبدولقادر عزیز بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "پێشتر چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ عێراق کراوە تاوەکو گەشتینە ئەو ئەنجامە تابلۆکە بەو شێوەیە بێت."

وتیشی، ئاگاداری هەموو رێکارەکانی تابلۆ نوێیەکەیە، پێشتر بەهۆی ئیش و کارەوە ماندوو بووە و بۆیە وتویەتی هیچ زانیارییەکیان لەسەر کۆی پرۆسەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بۆ تابلۆی نوێ نییە.

هەروەها، فەرهاد حاتەم دادوەری داواکاری گشتی بڵاویکردووەتەوە، لە پێگەی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە و باس لەوە دەکات گوایە بەگوێرەی رێنمای و فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەت یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێل بە زمان و پیتی ئینگلیزی چاپکراوە، بەڵام ئەو بابەتە پێچەوانەی یاساکانە.













گەلەری