سەردێڕ:

بارزانی دەستپێشخەرییەکی نوێی راگەیاند و هاوپەیمانی فەتیحیش رەتیکردەوە

PM:02:25:01/05/2022

18736 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردەیەک لە هاوپەیمانی فەتح دەستپێشخەرییەکی بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رەتکردەوە و دەڵێت، "ئەو فێڵە لە ئێمە ناکرێت."


ئەمڕۆ یەکشەممە، مادیش شنگالی کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێشخەرییەکی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، کە تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی دۆخی سیاسی عێراق.

لە دەستپێشخەرییەکەدا هاتبوو، کە بارزانی داوای کردووە حکومەت هەبێت و لەگەڵ حکومەتیشدا ئۆپۆزسیۆنی بەهیز بوونی هەبێت کە لە رێگای لیژنەکانی پەرلەمانەوە رۆڵێکی چاودێری گەورەی هەبێت، بە جۆرێک کە ئۆپۆزسیۆن سەرۆکایەتی چەند لیژنەکەی پەرلەمان وەربگرێت و رۆڵیان هەبێت لە ئاگاداربوون لە پرۆگرامەکانی حکومەت و شێوازی جێبەجێکردن و چاودێریکردنی.

لە بەرامبەردا رەفیق ساڵحی کە ئەندامی هاوپەیمانی فەتحە دەستپێشخەرییەکەی رەتکردووەتەوە و بە "فێڵێک" ناوی بردووە و دەڵێت، "ئەو فێڵە لە ئێمە ناکرێت."

ساڵحی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئێرز نیوزی عەرەبی رایگەیاندووە، "یەکێک لە مەبەستەکانی بارزانی و هاوپەیمانەکانی ئەوەیە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کەنارگیربکەن و بەتەنیا خۆیان لە پێناوبەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەسەڵات بەرێوەببەن."

لەبارەی چوارچێوەی هەماهەنگیشەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، "دەرگاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کراوەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بەرەو سازان و کەنارگیرنەکردنی هیچ هێزێکی سیاسی."

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا بەڕێوەچوو، بەڵام سەرەڕای تەواوبوونی وادەکەی تاوەکو ئێستا هێزە سیاسییەکانی عێراق نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەت. رەوتی سەدریش کە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانە وادەی ٤٠ رۆژی داوە بە هێزەکانی دیکە بۆ پێکهێنانی حکومەت.













گەلەری