سەردێڕ:

ئایا خەوتن لەبەر روناکی دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی شەکرە و پەستانی خوێن؟

AM:12:01:01/05/2022

9776 جار خوێندراوەتەوە

جەستەی مرۆڤ کاتژمێرێکی ناوخۆیی هەیە بۆ خەوتن و هەستان لە خەو، کاتێک کە خۆر هەڵدێت تیشکی رووناکی یارمەتی جەستەمان دەدات بۆ رژاندنی ئەو هۆرمۆنانەی کە بەرپرسن لە خەبەربوونەوە بەڵام رووناککەرەوە دەستکردەکان ئەو سوڕە تێکدەدەن و دەبنە هۆی پچراندنی خەوێکی ئارام کە پێویستە بۆ تەندروستی.


بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی لە گۆڤاری ئەکادیمیای نیشتیمانی زانست لە ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە، شەوانە خەوتن لەبەر روناکی ئامێرە کارەباییەکانی وەکو تەلەفزیۆن و مۆبایل و گڵۆپ دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی رێژەی پەستانی خوێن و شەکرە تەنانەت لە کەسانی تەندروستیشدا.

ئاماژەی بەوەشداوە، تەنانەت هەبوونی بەشێکی کەم لە روناکی ئامێرەکان لە کاتی خەوتندا رێگری لە جەستە دەکات بۆ ئەوەی ئاستی رێژەی شەکر لە خوێندا لەئاستێکی تەندروست بهێلێتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، زانایانی بەشداربوو لە لێکۆڵینەوەکە تاقیکردنەوەیان لەسەر ٢٠ کەس کە تەمەنیان لە نێوان ١٩ بۆ ٣٦ ساڵ بووە کردووە بە جۆرێک، لە شەوی یەکەمی تاقیکردنەوەکەدا بەشداربووەکان لە ژورێکی تاریکدا خەوتن و شەوی دووەم نیوەی بەشداربووەکان لەبەر ئامێرێک خەوتن کە روناکییەکەی بە ئەندازەی روناکی شاشەی تەلەفزیۆن بوو، لە کاتێکدا بەشەکەی تر دووبارە لە تاریکیدا خەوتن.

رۆژی دواتر لە بەیانیدا زاناکان پشکنینی رێژەی شەکرەی بەشداربوەکانیان پشکنی و بۆیاندەرکەوت کە ئەو کەسانەی لەبەر روناکی خەوتون رێژەی ئەنسۆلینیان ٢٠٪ بەرزتر بوو لەوانەی کە لە تاریکیدا خەوتبوون ئەمە سەرەڕای ئەوەی لێدانی دڵیان خێراتر بوو.

لایخۆشیەوە، فیڵس زی توێژەرەوە لە بواری خەوتن لە زانکۆی باکوری خۆرئاوای فێینبێرگ سکوڵی پزیشکی و سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکەباسی لەوەکردووە، "پێموایە بەهێزی ئەو بەڵگانەی کە دەستمانکەوتووە پێویستە ببێتەهۆی ئەوەی گرنگی بدەیت بەو روناکیەی کە لەژووری خەوتنەکەت هەیە و هەوڵبدە کە ڕوناکیەکان کەمبکەیتەو بەلانی کەمەوە کاتژمێرێک یا دوو کاتژمێر بەر لە خەوتن."













گەلەری