سەردێڕ:

سەرۆکی تاڵیبان: رێگا نادەین هەڕەشە بۆسەر ئاشتی و ئارامی ئەفغانستان دروستببێت

PM:11:30:29/04/2022

2740 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی تاڵیبان لە پەیامێکیدا بەهۆی جەژنەوە، بەرپەرچی ئەمریکای دایەوە لەبارەی دەستوەردان لە کاروباری وڵاتەکەی و راشیگەیاند، رێگا بە هیچ کەسێک نادەن نائاسایشی لە وڵاتەکەیاندا بەرپا بکات.


هەیبەتوڵا ئاخوندزادە سەرۆکی تاڵیبان پەیامێکی بەبۆنەی جەژنەوە بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند، "ئێستا بە رزگاربوونی ئەفغانستان لە داگیرکەرانی بێگانە تەواوی گەلی ئەفغانستان دەبێت بۆ ئاوەدانی وبەختەوەری وڵاتەکەیان هەوڵبدەن."

جەختیشی کردەوە، ئاساییش و ئارامی مەرجە بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانی وڵاتەکەیان، وتیشی، "لە ئێستادا حکومەتەکەی لێبوردنی گشتی بۆ ئۆپۆزسیۆن دەرکردووە، بەڵام هەرکەس بییەوێت جەنگێکیتر هەڵبگیرسێنێت کاردانەوەی جددی و توندیان دەبێت بەرامبەری."

ئاخونزادە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گەلەکەیان ڕێگا بە هیچ کەسێک نادات ئارامی و ئاسایشی وڵاتەکەیان بشێوێنێت.

جەختیشی لە پشتگیری حکومەتی ئەفغانستان کردەوە بۆ پێشخستن و بنیادنانەوەی وڵاتەکەیان و وتی، ئەو بوارەمان بۆ بازرگانان و خاوەنکارانی خۆماڵی رەخساندووە کە بە ئازادانە و بە ئاسانی کار بۆ بنیادنانەوەی ئەفغانستان بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، لەبەرئەوەی ئەفغانستان خوازیاری پەیوەندیی ئەرێنی و باشە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ؛ چاوەڕێی هەمان نیاز لە وڵاتانی چواردەور دەکەن.

لەبارەی رێککەوتنی قەتەریشەوە رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەمریکا نابێت دەستوەردان لە کاروباری ئەفغانستان بکات ئەوان هێشتا پێیان وایە ڕێكەوتننامەی دەوحە دەبێت بە جۆرێک جێبەجێ بکرێت لە جیاتی فشارخستنە سەریان کار بۆ پێشکەوتن و گیانی هاوکاری بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژێک پێش ئێستا بە هۆی دوو تەقینەوەی جیاجیاوە لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی ئەفغانستان ٩ کەس گیانیان لەدەستدا.













گەلەری