سەردێڕ:

نوێترین هەڵوێستی ئێران لەبارەی هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق

AM:08:23:28/04/2022

4100 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە عێراق دەکات و لە هەموو بوارەکانیشدا کۆمەکی دەکات لەنێویشیاندا هەناردەکردنی غاز. دەشڵێت، "بڕی هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق زیاد دەکەین".


نوسینگەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمیر عەبدوڵاهییان وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازی لە مەحەمەد حەلبوسی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پێی راگەیاندووە، وڵاتەکەی بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە عێراق دەکات ولە هەموو بوارەکانیشدا کۆمەکی دەکات لە نێویشیاندا هەناردەکردنی غاز.

ئاماژەی بەوەشداوە، کە بڕی هەناردەکردنی غاز بۆ عێراق زیاد دەکەن.

لەبارەی رۆڵی عێراق لە نزیک کردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێران سوپاسی حکومەتی عێراق دەکات لە ئاسانکاری کردن لە گفتوگۆکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە.

دەشڵێت، چارەسەی سیاسی و گفتوگۆ کردن بۆ دەرچوون لە قەیرانەکان لەناوچەکە خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری هەردوو وڵات و ناوچەکە دەکات.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی نوسیگنەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراق پێویستییەکی نیشتیمانی و هەرێمییە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئێران پشتیوانی عێراق دەکات بە ئامانجی بەدەست هێنانی ئەو ئەمنی و سەقامگیرییە.

هەروەها، خۆشحاڵی ئێرانی دەربەڕیووە بەرامبەر ئەو رۆڵەی عێراق دەیگێڕێت لە ناوچەکەدا لە بەڕێوەچوونی گفتوگۆی نێوان وڵاتان، بەتایبەتی ئێران و سعودییە.

ئەمە لەکاتێکیدایە، دوێنێ چوارشەممە، محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی ئێرانی کرد، چەند چاوگێک ئاماژەیان بەوەکرد کە نامەی بارزانی دەگەیەنێتە ئێران، بەڵام مەشعان جبوری سەرکردەی هاوپەیمانی سوننەکان لەپەیوەندیەکدا لەگەڵ ئێن ئاڕتی رەتیکردەوە حەلبوسی پەیامی بارزانی بۆ ئێران بردبێت.













گەلەری