سەردێڕ:

کیم جۆنگ ئون: ئەگەر هەڕەشەمان لەسەر بێت چەکی ناوەکی بەکاردەهێنین

PM:07:35:26/04/2022

2776 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور رایگەیاند، سەرۆکی کۆریای باکوور لە میانی نمایشێکی سەربازییدا لە پیۆنگیانگ بەڵێنیداوە بەرنامەی چەکی ناوەکی وڵاتەکە پتەوتر بکات.


دەزگای هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوەداوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور لە نمایشێکی تایبەت بەهۆی ساڵیادی تێپەڕبوونی ٩٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای کۆریای باکوورەوە ئاشکرایکردووە، "بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی توانا ناوەکییەکانی وڵاتەکە بەخێرایی."

باسی لەوەشکردووە، چەکە ناوەکییەکانی وڵاتەکەی سیمبولی هێزی نیشتیمانین و هێزی ناوەکییان پتەوتر دەکەن و پەرەی پێدەدەن و هەتا ئێستا رۆڵی سەرەکی چەکە ناوەکییەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرگرییکردن بووە بەڵام ناکرێت تەنها بە یەک ئەرکەوە ببەسترێنەوە.

کیم جۆنگ ئون ئەوەشی وت، "ئەگەر هەر هێزێک هەوڵی لەناوبردنی بەرژەوەندییە بنچینەییەکانی وڵاتەکەمان بدات ئەوا هێزی ناوەکی وڵاتەکەمان هیچ بژاردەیەکی دیکەی نابێت جگە لەوەی بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو ئەرکی دووەمی ئەنجام بدات."

ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆریای باکوور بەهۆی بەرنامە ناوەکییەکەیەوە لەژێر سزا نێودەوڵەتیەکاندایە و گفتوگۆ دووبارەوە بووەکانیش بۆ رازیکردنی کیم بۆ کۆتایی هێنان بە بەرنامە ناوەکییەکەی سوودییان نەبووە.

هاوکات کۆریای باکوور لەم ساڵدا زیاتر لە ١٢ جار تاقیکردنەوەی چەکەکانی ئەنجامداوە، لەوانەش تاقیکردنەوەی موشەکێکی باڵیستیکی کیشوەربڕ، ئەوەش یەکەمجار بوو لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە ئەو جۆرە موشەکە تاقی بکرێتەوە.













گەلەری