سەردێڕ:

بۆ ئەمساڵ چەند کەس دەتوانن بچن بۆ حەج و مەرج و خەرجییەکانی چۆنە؟

PM:06:02:26/04/2022

7628 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی کوردستان رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ نزیکەی دوو هەزار کەس دەتوانن بچن بۆ پرۆسەی حەجکردن و وردەکاری مەرج و خەریجییەکانی پرۆسەکەی ئاشکراکردووە.


نیاز راغب نەقشبەندی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عەمرە رایگەیاند، "پرۆسەی حەجی ئەمساڵ جیاوازە و هەندێك لەو کەسانەی کە ناویان دەرچووە ناتوانن سەردانی ماڵی خودا بکەن."

باسی لەوەشکرد، "لە ساڵی ٢٠١٧دا ٨٦ هەزار و٨٥٠ هاونیشتمانی داواکاری خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی هەرێم تۆمار کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵانی ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩ بە ئەنجامدانی تیروپشک ١٧ هەزار کەس لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا ناویان گەڕاوەتەوە. بۆ ئەو کەسانەش مابوونەوە و ناویان نەگەڕابووەوە لە ٢٠١٩دا، بڕیار درا بۆ ساڵێکی تر حەجکردن هەر لەنێو ئەو کەسانەدا بکرێت کە لەو ساڵانەدا ناوی خۆیان تۆمار کردبوو و تیایدا ٤ هەزار ٣٥٠ هاونیشتمانی تر ناویان دەرچوو، بەڵام بەهۆی هاتنی کۆرۆناوە ئەنجامدانی فەریزەی حەج بۆ ماوەی دوو ساڵ راگیرا."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە عێراق ١٥ هەزار ٢٥٢ کەس دەتوانن بەشداری بکەن و لەو ڕێژەیەش هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢ هەزار کەس بەشداردەبن."

باسی لەوەشكرد، ئەو بڕە پارەیەی لە حاجییان وەردەگیرێت بۆ پرۆسەکە بۆ خەرجی و هاتوچۆ و خواردن و پێداویستییەکانیان خەرجدەکرێتەوە و هەر ٤٧ بۆ ٥٠ حاجییەی دەدرێن بە کۆمپانیایەک، بۆ رێنمایی و جێبەجێکردنی رێکارەکانیان.

لەبارەی مەرجەکانی ئەمساڵەوە بۆ حەجکردن ئەوەی ئاشکراکردووە، کە دەبێت حاجییان لە خوار ٦٥ ساڵەوە بن، واتە لە ساڵی ١٩٥٨ بە دواوە و بۆ ژنانیش لە خوار ٤٥ ساڵەوە دەبێت کەسێکی مەحرەمیان لەگەڵدا بێت، یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە پێویستە ئەو کەسەی پرۆسەکە ئەنجامدەدات کارتی ڤاکسینی باوەڕپێکراوی هەبێت و پاسپۆرتی تەواو بێت.

نیاز راغب نەقشبەندی دەشڵێت، "ئەو ڕێژەیەی ناویان لە تیروپشک دەرچووە، هەموویان ناتوانن حەج بکەن، چونکە ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان و هەموو وڵاتان کەم بووه‌تەوە، بۆیە تەنیا دەتوانین ٢ هەزار کەس یان کەمێک زیاتر بنێرین بۆ حەج، چونکە لە تیروپشکی ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٤ هەزار و ٣٠٠ کەس بوون، بۆیە ئەوانەی تەمەنیان ٦٥ ساڵە جیایان دەکەینەوە بۆ ساڵی ئاییندە، بەڵام بە مافیان ناخورێت و شوێنیان پارێزراوە بۆ ساڵی داهاتوو، کە وڵاتی سعودیە بڕیاری خۆی گۆڕی و مەرجی تەمەنی نەهێشت یەکەم کەس ئەوان حەج دەکەن."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ماوەی دوو ساڵي ئەنجامدانی پرۆسەی حەج بۆ وڵاتان راگیراوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و ساڵی رابردوو تەنها رێگا بە هاوڵاتیانی ناوخۆی سعودییە درا پرۆسەکە ئەنجامبدەن. جگە لەوەی بۆ ئەمساڵ رێژەی ٪٤٥ی پشکی وڵاتان کەمکراوەتەوە.

بڕیارە ئەمساڵ دابەشکردنی رێژەکە بەم جۆرەبێت کە ١٥٠ هەزار کەس لە ناوخۆی سعودیە و٨٥٠ هەزار کەسیش بۆ وڵاتانی تر بێت. لە عێراقیش ١٥ هەزار ٢٥٢ کەس دەتوانن بەشداری بکەن و لەو ڕێژەیەش هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢ هەزار کەس دەتوانن بەشدار بن کە دیاریکردنی رێژەکە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان دەبێت.

هـ.ئـ












گەلەری