سەردێڕ:

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان: لەشکرکێشییەکانى روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داگیرکارییە

PM:03:59:26/04/2022

2424 جار خوێندراوەتەوە

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەشکرکێشییەکانى روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داگیرکارییە. هاوکات داواشی کرد، "لە نزیکترین کاتدا پێویستە جەنگ رابگیرێت".


ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنیۆ گوێتریس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی هاوبەشدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە مۆسکۆ رایگەیاند، لەشکرکێشییەکانى روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داگیرکارییە.

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوەی بەلامانەوە گرنگە رەخساندنی دۆخێک و دۆزینەوەی رێگەیەکە بۆ گفتوگۆکانی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بە ئامانجی راگرتنی جەنگ لە نزکترین کاتدا".

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی، "داوا لە سوپاى روسیا دەکەم رێڕەوە مرۆییەکان بەرووى هاوڵاتییانى ئۆکرانیادا بکەنەوە".

باسی لەوەشکرد، بەردەوادەبن لە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئۆکرانیا.

لەبەرامبەردا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەدا، "وەڵامی داواکارییەکانی ئەنتۆنیۆ گوێتریس- مان داوەتەوە و لە مۆسکۆوە پەیوەندییەکانمان دەستپێکردووە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی چەندین کەیسەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، فرەیی زۆر گرنگە بۆ جیهان کە رێککەوتنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی لەسەر دامەزراوە بە ئامانجی پەتوکردنی بنەمای یەکسانی لە سەروەری نێوان وڵاتاندا.

وتیشی، پێویستە بە گرنگەوە هەنگاو بۆ فرەی بنرێت، ئەو بنەمایەی خۆرئاوا دژییەتی و لەم ساڵانەی دواییدا بەڕوونی هەوڵیداوە جەمسەری تاک لایەنانە دروست بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ٢٤ی ٢ی ٢٠٢٢ەوە بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتن سەرۆک روسیا سوپای ئەو وڵاتە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا دەستپێکرد و تا ئێستاش جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە و ئەمەش یەکەمجارە ئەنتۆنی گوێتریس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگەوە سەردانی مۆسکۆ بکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە و وەزیری دەرەوە کۆبووەوە و بڕیارە سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بکات.













گەلەری