سەردێڕ:

دوای کڕینی لەلایەن مەسکەوە چارەنوسی تویتەر بەچی دەگات؟

AM:10:55:26/04/2022

2336 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی کۆمپانیای تویتەر رایگەیاند، کڕینی سەکۆی تویتەری لەلایەن ئیلیۆن مەسکی بە بەهای ٤٤ ملیار دۆلاری قەبوڵ کردووە. ترس لەسەر چارەنوسی سیاسی تویتەر دروستبووە. هاوکات، کۆشکی سپی رایگەیاند، "نیگەرانییەکانیان نوێنین و بەردەوامدەبین لە هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە٢٣٠ی پاراستنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە تویتەریشەوە".


ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیای تویتەر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، تویتەر لەگەڵ ئیلیۆن مەسک ملیاردێر و خاوەنی هەردوو کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ فرۆشتنی سەکۆی تویتەر.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر پشکێکی کۆمپانیاکە بە بڕی ٥٤،٢ دۆلار بە مەسک کراوە.

ئەوەشی خستوووەتەڕوو، دوای کۆتایی ھاتنی رێکارەکانی فرۆشتن تویتەر دەبێـت بە کۆمپانیایەکی تایبەت.

لە راگەیەندراوەکەدا، لێدوانێکی ئیلیۆن مەسک بڵاوکراوەتەوە کە ئاماژەی بەوەداوە: "ئازادی رادەربڕین، بەردی بناغەی دیموکراسییەکی کارایە و تویتەر بۆ داھاتووی مرۆڤایەتی ناوەندێکی دیجیتاڵیی شارە بۆ گەنگەشەکردنی پرسە گرنگەکان".

ئیلیۆن مه‌سک، ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەیەوێت تویتەر لە ھەموو سەردەمێک باشتر بکات و رایگەیاند تویتەر خاوەنی توانای مەزنە و بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا و بەکارھێنەرانی دەکات.

شارەزایانی بواری تەکنەلۆجیا و لێکۆڵەرانی سیاسی ترسیان هەیە لە گەڕانەوەی کۆمارییەکان بۆ تویتەر و گەڕانەوەی جارێکی دیکەی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ تویتەر و کردنەوەی هەژمارەکەی.

لەلایەن خۆیەوە، جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "نیگەرانییەکانمان نوێ نین، ئەم جۆرە سەکۆیانە پێویستە بخرێنە ژێر بار".

ئاماژەی بەوەشدا، پێشتریش جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانییەکانی خۆی بەرامبەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەربڕیوە لە نێویشیاندا تویتەر، لەبارەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی نا دروست و چەواشەکارانەوە.

وتەبێژی کۆشکی سپی ئەوەشی ئاشکرا کرد، کۆشکی بەردەوام دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە ٢٣٠ کە کۆمپانیاکانی تۆڕی ئینتەرنێت دەپارێزێت لە لێپێچینەوەی ناوەرۆکی ئەو بابەتانی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بڵاوی دەکەنەوە، هاوکات پشتیوانی دەکات لە گرتنەبەری رێکاری شەفاف و نەهێشتنی قۆرخکاری لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیادا.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئیلیۆن مەسک ٩.٢٪ی پشکەکانی تویتەری کڕیبوو لە پەیامێکیدا لە ١٤ی نیسان پێشکەش کردنی پێشنیارێک لەسەر کڕینی تەواوی تویتەر بە بڕی ٥٤،٢ دۆلار بۆ ھەر پشکێکی راگەیاندبوو.













گەلەری