سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی روسیا: جەنگی ئەتۆمی بە کەم مەزانن

AM:08:27:26/04/2022

13568 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی روسیا هۆشداریدا لە هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی و بەمەترسییەکی کردەیی دانا و دەڵێت، "جەنگی ئەتۆمی بەکەم مەزانن". لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا ئەم هۆشدارییەی روسیای بە بێ ئومێدبوونی ئەو وڵاتە و ترساندنی جیهانی وەسفکرد.


سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە بارەی گفتوگۆ و دانوستانەکانی شاندی وڵاتەکەی لەگەڵ شاندی ئۆکرانیاوە رایگەیاند، ئەوان بەردەوامدەبن لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئە تیمەی سەرۆکی ئۆکرانیا رایسپاردوون بۆ دانوستان لەگەڵ روسیادا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئۆکرانیا خۆی وا دەردەخات گفتوگۆ و دانوستان دەکات، بەڵام لە راستیدا وانییە، هەربۆیە نیازباشی روسیا لە بەردەوامبوون لە گفتوگۆکردن سنوری خۆی هەیە، ئەگەر دوو لایەنە نەبێت ئەوا کۆمەکی گفتوگۆکان ناکات.

هەروەها، سێرگی لاڤرۆڤ، ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیای بە ئەکتەرێکی باش وەسفکرد و وتی، ئەگەر بەوردی لێی بڕوانی هەزار لێکدژی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئینتەر فاکسی روسی لە زاری سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەوڵاتەوە بڵاویکردەوە، روسیا هۆشداریدەدات لە هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی و ئەمەشی بە مەترسییەکی گەورە و کردەیی دانا و وتی، "بابەتەکە هی ئەوەنییە گاڵتەی پێبکرێت، جەنکی ئەتۆمی بە کەم مەزانن".

لەبەرامبەردا، دیمیترۆ کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە تویتێکیدا رایگەیاند، روسیا بێ ئومێدبووە، ترسی بۆ دروست بووە لە هاوکاریکردنەکانی جیهان بۆ ئۆکرانیا، هەربۆیە باسی مەترسییەکانی جەنگی سێیەمی جیهانی دەکات.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم هۆشدارییەی روسیا بەواتای ئەوەدێت مۆسکۆ هەست بە شکستدەکات لە ئۆکرانیادا، هەربۆیە، پێویستە لەسەر جیهان یارمەتی و کۆمەکییەکانیان بۆ ئۆکرانیا بەردوامبێت و دوو هێندەی بکەن تا ئۆکرانیا سەربەکوێت و پارێزگاری لە ئەوروپا و جیهان بکات.

ئەم هۆشدارییانەی شیرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە کاتێکدایە، رۆژی پێشتر هەریەک لە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە و لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە کیێڤی پایەختی ئۆکرانیا و لەگەڵ ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆکرانییەکان بەهێز و بوێرییەوە بەرگری دەکەن.

بلینکن و ئۆستن ئاشکرایان کرد، لەم هەفتەیەدا ژمارەیەک دبلۆماتکاری ئەمریکی دەگەڕێنەوە کیێڤ و ئەمریکاش بە بڕی ٣٢٢ ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکرانیا دەکات.













گەلەری