سەردێڕ:

ئێران زانیاری نوێ لەسەر پرۆژە ئەتۆمییەکەی ئاشکرا کرد

PM:04:17:25/04/2022

4660 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی پێشووی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هەر لەسەرەتاوە بەنیازبووە چەکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت بەمەبەستی بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی نەتوانرا نهێنیبوونی پرۆژەکە بپارێزرێت هەر زوو ئاشکرا بوو.


ماڵپەڕی ئێران ئینتەرناشناڵ بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی ٤ی ٢٠٢٢ عەلی موتەهەری ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ یانەی خوێندکارانی رۆژنامەنوسی ئێران ئاشکرای کردووە، وڵاتەکەی هەر لەسەرەتاوە بەنیازبووە چەکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئامانج لەم هەنگاوەیان بەهێزکردنی توانای بەرپەرچدانەوەبووە، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی نەتوانرا نهێنیبوونی پرۆژەکە بپارێزرێت هەر زوو ئاشکرا بووە.

ئاماژەی بەوەشدا، نیهێنی دۆسیەی چەکی ئەتۆمی ئێران لەلایەن ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگری ئێرانەوە، کە بزوتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی ئێرانە دزەی پێکراوە و ئاشکرا کراوە.

پێشتریش، هاشم رەفسنجانی سەرۆکی پێشووتری ئێران ئاشکرای کرد، بیرۆکەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ماوەی جەنگی ئێران- عێراقدا هاتووەتەئاراوە، بەڵام جێبەجێنەکراوە.

عەلی موتەهەری باسی لەوەشکرد، هەر وڵاتێک بەنیازبێت ئەتۆم بۆ مەبەستی ئاشتی بەرهەمبهێنێت سەرەتا یۆرانیۆم ناپیتێنێت، بەڵکو کورەی ئەتۆمی دادەمەزرێنێت و دواتر پیتاندن دەستپێدەکات، بەڵام ئەمڕۆ حکومەتی ئێران بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە و ئەمەش گومانی لەسەر دروستکردنی چەکی ئەتۆم دروستکردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بۆ یەکەمجار ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگری ئێران لە ساڵی ٢٠٠٧ چالاکی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانی لە ئاوی قورسدا لە بنکەی ئەتۆمی نەتەز و ئاراک ئاشکرا کرد.













گەلەری