سەردێڕ:

یەدەگی دراوی بیانی عێراق ٧٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاند

AM:10:28:25/04/2022

3192 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە کە نرخەکەی ٧٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. دەشڵێت، "ئەمەش سێ ھێندەی ئەو قەرزە دەرەکییانەیە کە دەبێت لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢٢-٢٠٢٨ بدرێنەوە".


محەمەد مەزھەر ساڵح راوێژکاری دارایی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بانکی ناوەندی یەدەگی خۆی لە دراوی بیانی گەڕاندووەتەوە کە نرخەکەی ٧٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمەش سێ ھێندەی ئەو قەرزە دەرەکییانەیە کە دەبێت عێراق لە ماوەی ساڵەکانی ٢٠٢٢-٢٠٢٨ بیانداتەوە.

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، عێراق لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بەھۆی کێشمەکێشی نرخەکانی بازاری وزەی جیھانی و کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی نەوت لە دوای رێککەوتنەکانی (ئۆپێک +) و خراپبوونی خواستی جیھانی لەسەر نەوتی خام، رووبەڕووی کێشەی دارایی ببوویەوە.

بانکی ناوەندیی عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو راگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار.

دوێنێ یەکشەممە، عەلی عەلاوی وەزیری دارای عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە بەغدا رایگەیاند، دۆخی دارایی عێراق زۆر باشە و پێویستی بە هاوکاری نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ چەند پسپۆڕێکی ئابوری لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمریکی ڕێکەوتنیان کردووە بۆ ئەوەی پاڵپشتی عێراق بکەن لە ئەنجامدانی چاکسازی و یارمەتیدانی عێراق بۆ سەرکەوتن بەسەر ئاستەنگە داراییەکاندا.

عێراق، دووەم گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتە لە نێو وڵاتانی رێکخراوی ئۆپێک و بۆ تەرخانکردنی بودجەی ساڵانەی بەڕێژەی ٩٠٪ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.













گەلەری