سەردێڕ:

هۆکار و نیشانەکانی خه‌واڵویی و بێهێزی دوای به‌ربانگ

PM:06:35:24/04/2022

2832 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆرێکی خۆراک ئاماژەی بەوەکردووە، خه‌واڵویی و شه‌که‌تی و بێهێزی و دوای ڕۆژووشکاندن دیارده‌یه‌کی به‌ربڵاوه‌ و کۆمه‌ڵێکی زۆر له‌ ڕۆژووەوان به‌ ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن کە هۆکار و نیشانەی خۆی هەیە.


کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک گرنگترین هۆکاره‌کانی خه‌واڵویی و بێهێزی دوای به‌ربانگی بەمجۆرە خستووەتە ڕوو:

یەکەم: خواردنی بڕێکی زۆر خۆراکی چه‌وری و شیرینی له‌ به‌ربانگدا.

دووەم: دابه‌زینی فشاری خوێن پاش خواردنی ژه‌مه‌کان، چونکه‌ بڕێکی زۆر خوێنی جەستە بۆ گه‌دده‌ و کۆئه‌ندامی هه‌رس دەچێت.

سێیەم: دابه‌زینی ئاستی دابه‌زینی شه‌کر له‌ خوێندا، بەهۆی دەردانی بڕێکی زۆر لە ئەنسۆلین یه‌که‌م جار ئاستی گلوکۆز بەخێرایی به‌رزده‌بێته‌وه‌، دوای که‌مێک داده‌به‌زێت.

چوارەم: هیلاکبوون له‌ ماوه‌ی ڕۆژدا کاتی به‌ڕۆژبوون.

پێنجەم: کۆنیشانه‌ی پڕبوونی گه‌دده‌ دوای نان خواردن.

شەشەم: وشکبوونه‌وه‌ی جەستە به‌هۆی نه‌خواردنه‌وه‌ی بڕی پێویست له‌ ئاو و شله‌مه‌نی ته‌ندروست.

حەوتەم: که‌می جوڵه‌ و دانیشتن یان پاڵکه‌وتن و وه‌رزش نه‌کردن له‌ ڕۆژانی رەمەزاندا.

هەشتەم: که‌می ڤیتامین و کانزا و به‌دخۆراکی.

نۆیەم: هۆکاری ده‌روونی، فشار و دڵه‌ڕاوکێ و نیگەرانی به‌رده‌وام و خه‌مۆکی.

دەیەم: خواردنی ده‌رمان بە شیوازێکی هەڵە وەک دەرمانەکانی فشاری خوێن و نه‌خۆشی شه‌کره‌ و نه‌خۆشیه‌کانی تر.

یانزدەیەم: بوونی هۆکاره‌کانی شه‌که‌تی و بێهێزی به‌رده‌وام پێش هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان، وه‌ک تێکچوونی هۆرمۆنه‌کان، که‌مخوێنی .

ئەو پسپۆرە دیارترین نیشانەکانی بێهێزی و شەکەتی دوای بەربانگی بەمجۆرە دەستنیشانکردووە:

یەکەم: دوای بەربانگ راستەوخۆ هه‌ست به‌ بێهێزی و بێتاقه‌تی دەکەیت.

دووەم: سه‌رئێشه‌ و گێژبوون و هه‌ستکردن به‌ سه‌ر سووڕانه‌وه‌.

سێیەم: ته‌مبه‌ڵی و نه‌بوونی توانای ئه‌نجامدانی هیچ کارێک.

چوارەم: خه‌واڵویی و باوێشکدانه‌وه‌ی به‌رده‌وام.

پێنجەم: زوو هیلاکبوون لە دوای که‌مترین جووڵه‌.

شەشەم: له‌رزین و ئاره‌قکردنه‌وه‌ و خێرابوونی لێدانەکانی دڵ.

حەوتەم: بەخێرایی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ستکردن به‌ برسییه‌تی.

هەشتەم: تووڕه‌یی و دڵته‌نگی و نیگەرانی.

نۆیەم: ئاره‌ق کردنه‌وه‌یه‌کی زۆر.













گەلەری