زیندانییەکی زیندانی گوانتانامۆ کە ١٤ ساڵی تەمەنی لەناو ئەو زیندانەدا گوزەراندوە، داوایەکی یاسایی دژی کەنەدا تۆمار کرد و تیایدا داوای ٣٥ ملیۆن دۆلار قەرەبوو، دەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی دەزگای میدیایی "CBC"ی کەنەدی، سکاڵاکارەکە ناوی محەمەدۆو ویلد سەڵاحی'یە و لە دادگای فیدراڵیی کەنەدا داواکەی تۆمار کردووە.
سەڵاحی لە داواکەدا باسی لەوە
کردووە، ١٤ ساڵ لە زیندانی گوانتانامۆدا رووبەڕووی ئەشکەنجە و ئازار بووەتەوە و هۆکارەکەشی
ئەوەبووە کە لایەنە بەرپرسەکانی کەنەدا زانیاری هەڵەیان لەبارەیەوە داوە.
محەمەدۆو ویلد سەڵاحی هاوڵاتییەکی
٥١ ساڵی مۆریتانییە و لە تشرینی دووەمی ١٩٩٩ـەوە تا کانوونی دووەمی ٢٠٠٠ لە شاری مۆنتریاڵی
کەنەدا ژیاوە، بەگوتەی خۆی لەو ماوەیەدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە لێکۆڵینەوەی
لەگەڵ کراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەستدرێژی کراوەتە سەر و زۆری لێکراوە بگەڕێتەوە
بۆ مۆریتانیا.
باس لەوەش دەکات، بەهۆی
"زانیاری هەڵە"ی بەرپرسانی کەنەداوە، دەستگیر کراوە و براوەتە ئەردەن و
ئەفغانستان لە کۆتاییشدا بۆ زیندانی گوانتانامۆ، گواستراوەتەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٢دا قۆناغی لێکۆڵینەوەکان
بەرەو بەندکردنی محەمەدۆو ویلد سەڵاحی چووە، "ئەم قۆناغەش بەهۆی ئەوەوە دەستیپێکردووە
کە ناوبراو لەگەڵ ئەندامی ئەلقاعیدە و پلانداڕێژەری تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی لۆس
ئانجڵێس، ئەحمەد رەسان لە یەک مزگەوت نوێژی کردووە، بەمهۆیەشەوە بەرپرسانی کەنەدا
گومانی ئەوەیان لێکردوە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد رەسان هەبووبێت."
محەمەدۆو ویلد سەڵاحی دەڵێت،
دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، ئەشکەنجە دراوە و لە ئەنجامی ئەشکەنجەکاندا
ناچاربووە ئەو تۆمەتانە قبوڵ بکات کە ئاراستەی کراون.
دوای ئازاد کردنیشی لە ساڵی
٢٠١٧دا، لەبارەی بیرەوەرییەکانی لە زیندان چەندین کتێبی نووسیوە. هەروەها سیناریۆی
فیلمی "The
Moritanian” کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بەرهەمهێندراوە
لە یەکێک لە کتێبەکانی محەمەدۆو ویلد سەڵاحی'یەوە وەرگیراوە.
ئەوەش دوای ئەوەدێت، بەپێی
ماڵپەڕە جیهانییەکان؛ لە رابردوودا دەزگا هەواڵگرییەکانی کەنەدا چەندان داوای یاساییان
لە دژ تۆمار کراوە و لەو داوایانەدا ئەو کەسانەی بەهۆی زانیاری هەڵەوە رووبەڕووی زیندان
و ئەشکەنجە بوونەتەوە، داوای قەرەبوویان کردووەتەوە، ئەو سکاڵاکارانەشی داواکانیان
بردووەتەوە دەیان ملیۆن دۆلاریان وەک قەرەبوو لە حکومەتی کەنەدا، وەرگرتووە.