سەردێڕ:

ئەمڕۆ فەڕەنسا بژاردە قورسەکە یەکلایی دەکاتەوە

AM:09:28:24/04/2022

3148 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگدەرانی فەڕەنسی بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەو وڵاتە و یەکلایی کردنەوەی بژاردە قورسەکە روویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد. بەگوێرەی راپرسییەکان تا ئێستا ئیمانوێل ماکرۆن چانسی بردنەوەی زیاترە وەک لە مارین لۆپانی رکابەری.


ئیمانوێل ماکرۆن کاندیدی رەوتی میانڕەوی فەڕەنسی و پشتگیری کاری یەکێتی ئەوروپا بە توندی رکابەری مارین لۆپان کاندیدی رەوتی راستڕەوە توندەکان دەکات.

بەگوێرەی راپرسییەکانی چەند رۆژی رابردوو، تا ئێستا چانسی بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری فەڕەنسا و بەرەوپێشچوونەکان بۆ ئیمانوێل ماکرۆنە.

چاودێران و راڤەکارانی بواری سیاسی لەو باوەڕەدان، مارین لۆپان تا ئێستا کەسایەتییەکی گونجاونییە بەلای زۆرێک لە دەنگدەرانی فەڕەنسییەوە، سەرەڕای ئەوەی هەوڵێکی زۆری داوە وێنەی خۆی لەلای دەنگدەری فەڕەنسی باشتر بکات و لە مامەڵە توندەکانی کەم بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بە دوریشی نازانن ئەو دەنگدەرانەی تا ئێستا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە کە دەنگ بەکێ بدەن، ئەمڕۆ تەواوی هاوکێشەکان هەڵبگەڕێننەوە و رووداوێکی چاوەڕواننەکراو تۆمار بکەن بە دەنگدانیان بە مارین لۆپان و بەمەش گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان لە بەختی لۆپان بێت.

چاودێران ئاماژە بەوەدەدەن، لە ئەگەری سەرکەونتی مارین لۆپاندا، هەمان هەست لای زۆرێک لە فەڕەنسییەکان دروست دەبێت کاتێک بەریتانیا دەنگیدا لەسەر دەرچوونی لە یەکێتی ئەوروپا، یان هەڵبژاردنی دۆناڵد تڕەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦ کە شڵەژانێکی سیاسی توندیان دروستکرد.

ئامادەکارانی راپرسییەکان لەو باوەڕەدان، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٦ سندوقەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەرانی فەڕەنسادا کرانەوە، کاتژمێر ٨ی ئێوارەش دادەخرێن، سەرەتای سەرکەوتنی یەکێک لە کاندیدەکان بە گوێرەی ئەنجامە بەراییە نافەرمییەکان دەر بکەوێت و بزانرێت براوە کێیە.

پێشتر، ئیمانوێل ماکرۆن، تەمەن ٤٤ ساڵ، هۆشداریدا لە سەرکەوتنی مارین لۆپان و هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی لە فەڕەنسا، چونکە لە دیارترین لە سیاستەکانی لۆپان قەدەغەکردنی باڵاپۆشی ژنانە لە شوێنە گشتییەکاندا. هەربۆیە ماکرۆن داوای لە دیموکراتی خوازانی فەڕەنسا کرد پشتیوانی بکەن تا بتوانێت بەسەر رکابەرە توندەکەی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

هاوکات، مارین لۆپان، تەمەن ٥٣ ساڵ، لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا باسی لە گرانبوونی نرخی پێداویستییەکان کرد و ئاماژەی بەوەدا تێچوونی ژیان و دابینکردنی وزە نرخییان گرانبووە و ئەمەش بارگرانی بۆ هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دروست کردووە. وتیشی، مامەڵەکانی ماکرۆن و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات بووەتە جێگەی گاڵتەجاڕی خەڵکی.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی ٤ی ٢٠٢٢ فەڕەنسییەکان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و لەناو کێبڕکێی ١٢ کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، مارین لۆپان کاندیدی پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانی راستڕەو بە توندی رکابەرایەتی سەرۆکی ئێستای فەرەنسا کرد. لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا هیچ کام لە ئیمانوێل ماکرۆن و مارین لۆپان نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبهێنن و چونە قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکانەوە.













گەلەری