بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١٠٦ دۆلار و ٧٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەمەش نرخەکەی بەراورد بە دوێنێ ٥٠ سەنت بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١٠٦ دۆلار و ٧٠ سەنتە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ١٠٢ دۆلار و یەک سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە لەماوەی رابردوودا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە زیاتر لە
١٣٠ دۆلار و دواتریش دابەزییەوە خوارەوە بەهۆی زیادبوونی ئەگەرەکانی رێککەوتنی
ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا، بەڵام هەر لەبەرزیدایە و سەرووی ١٠٠ دۆلار مامەڵەی
پێوە دەکرێت.
لەسەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەهۆی زیادبونی
سزاکانی وڵاتان لەسەر روسیا و و کەمبونی دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا نرخی نەوت
گەیشتە بەرزترین ئاستی لەماوەی ١٤ ساڵدا.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت
زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
رۆژی ٢٣ی مانگی شوبات، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە
سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە
بازاڕەکانی جیهاندا.
بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت
پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی
قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ
گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.