سەردێڕ:

بۆ یەکەمجار روسیا بڵاوە بە چەکێک دەکات هاوشێوەی نییە

PM:01:44:23/04/2022

13740 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئاژانسی رۆسکۆزمۆسی بۆشایی ئاسمانی روسیا رایگەیاند، لەسەرەتای مانگی پایزەوە حکومەتی وڵاتەکەی بەنیازە یەکەی سەربازی پڕچەک بە موشەکی سارمات کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە لە دووری سێ هەزار کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایتەخت جێگیر بکات.


ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی فەرمی هەواڵی تاسی روسی لە زاری دیمیتری رۆجۆزین سەرۆکی ئاژانسی رۆسکۆزمۆسی بۆشایی ئاسمانی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی لەگەڵ سەرەتای وەرزی پایزدا یەکەیەکی سەربازی لەناوچەی ئۆگۆر لە کراسنوریاسک جێگیر دەکات.

ئاماژەی بەوەشداوە، یەکە سەربازییەکە پڕچەک بە موشەکی سارمات کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە.

دەشڵێت، بنکە سەربازییەکە سێ هەزار کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایتەختی روسیاوە جێگیر دەکرێت.

سارمات، ریتییە لە موشەکێکی بالیستی قورسی کیشوەربڕ، بە یەکێک لە بەهێزترین چەکەکان دادنەرێت لە جیهاندا و هاوشێوەی نییە. ئەمریکییەکان پێیدەڵێن "شەیتان- 2". موشەکەکە دوور بڕە و هێزێکی تایبەتی هەیە و دەتوانێت کڵاوەی ئەتۆمی و تێکشکێنەری خێراتر لەدەنگ و کڵاوەی کلاسیکی و ئاسایی لێببەسترێت.

ئەمە لەکاتیکدایە، ماوەی ٥٩ رۆژە هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا دەستی پێکردووە و بەردەوامە و لەبەرامبەردا هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا و سەنگافورە و کۆریای باشور و ژاپۆن و یەکێتی ئەوروپا زنجیرەیەک سزای ئابوری بازرگانی و داراییان بەسەر چەندبانک و کۆمپانیایەکی گەورەی روسیدا سەپاندوو و لە نوێترین سزاشیاندا بەنیازن بە تەواوەتی دەستبەرداری وزەی روسی بن.

هەروەها، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام بە پارە و چەک و دابینکردنی پێداویستییەکانی جەنگ پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکەن و بەردەوام کۆمەکەکانیان بۆ ئەو وڵاتە زیاتر دەکەن.













گەلەری