سەردێڕ:

هۆشدارییەک لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقەوە بۆ لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان

PM:12:04:23/04/2022

5584 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، هۆشداری دەدەن بە لایەن و سەرکردە سیاسییەکان کە بەهیچ شێوەیەک ناوی دامەزراوەی دادوەری نەکەن بەبەشێک لە کەرەستەی ناکۆکی و شەڕی راگەیاندنی نێوانیان،. دەشڵێت، "رەوش و دۆخی سیاسی هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بنەڕەتی کارکردنی ئەوان نیە".


ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دادگا سەیری هەر دۆسییەیەک دەکات کە کەسێک تیایدا بەبەڵگەوە تۆمەتبار بکرێت، تۆمەتباریش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە بێ ئەوەی رەچاوی ناو و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرداوە، کارکردنی دامەزراوەی دادوەری هیچ پەیوەستییەکی نیە بە رەوشی سیاسییەوە، بۆیە داوا لە هەموو لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان دەکەن، ناوی دامەزراوەی دادوەری نەکەن بەبەشێک لە ناکۆکییە سیاسییەکانیان لەوانەش شەڕی میدیایی و هێرشکردنە سەر یەکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی نادیارەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوکەیدا ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق داواکراوە، رای گشتی خەڵک بە زانیاری ناڕاست نەشێوێنرێت، بەجۆرێک هەندێک لایەن لە دۆخێکدا پشتیوانی تۆمەتبارێک دەکەن و لەدۆخێکی دیکەدا دژی دەوەستنەوە، بۆیە بڕیاری دادگا لەوبارەیەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان شی دەکەنەوە کە ئەوەش دژیەکی تێدایە و ئەمەش دوورە لە بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانییەوە.













گەلەری