کۆشکی سپی هۆشداری دایە چین لەبارەی جێگیر کردن و دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لە دورگەکانی سلێمان لەباشوری زەریای هێمن کە لە ماوەی رابردوودا رێککەوتنامەیەکیان واژۆکرد.
کۆشکی سپی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرکردەکانی دورگەکانی سلێمانیان راگەیاندووە، ئەو رێککەوتنامەیەی لە گەڵ چیندا واژۆیان کردووە کاریگەری خراپی لەسەر ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێت.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، شاندەکە بە سەرکردەکانی دورگەکانی
سلێمانیان راگەیاندووە، چین هەر هەنگاوێک بنێت لە دامەزراندنی بنکەی سەربازی
هەمیشەیی، یان هەژموونی خۆی بسەپێنێت، ئەوا ئەوکات ئەمریکا بەگوێرەی دۆخەکە وەڵامی
دەبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو شاندێکی باڵای ئەمریکا کە لە هەریەک کۆرت
کامبڵ رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی بۆ ناوچەکانی زەریای هێمن و
هیندی و دانیال کریتنبریک یاریدەدەری
وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ئاسیا و نوێنەرێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا
پێکهاتبوو بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە دورگەکانی سلێمان و لەگەڵ ماناسیە سۆغافاری
سەرۆک وەزیرانی دورگەکانی سلێمان کۆبوونەوە و هۆشدارییەکانی ئەمریکایان لە بارەی
رێککەوتنەکەی نێوان کانیبرا و پەکین گەیاندە
دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە.
لەبەرامبەردا، ماناسیە
سۆغافاری سەرۆک وەزیرانی دورگەکانی سلێمان شاندی ئەمریکی دڵنیا کردەوە لەوەی
رێککەوتنەکەیان دامەزراندنی بنکەی سەربازی هەمیشەیی چینی لە خۆ نەگرتووە، شاندەکەی
ئەمریکاش پێیان راگەیاندووە ئەوان لە نزیکەوە و بە وردی چاودێری بەرەوپێشچوونەکان
لە رێکەوتنەکەدا دەکەن.