سەردێڕ:

ئەمریکا بە مەرج رێگەدەدات پەنابەرە ئۆکرانیییەکان لەو وڵاتە بمێننەوە

PM:07:45:22/04/2022

3248 جار خوێندراوەتەوە

چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی رایانگەیاند، وڵاتەکەیان رێگە بەو ئۆکرانییانە دەدات کە لە دەست شەڕی روسیا هەڵدێن بۆ ماوەیەکی کاتی لە ئەمەریکا بمێننەوە بەو مەرجەی لەو وڵاتە پاڵپشتێکیان هەبێت.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، وڵاتەکەیان رێگە بەو ئۆکرانییانە دەدات کە لە دەست شەڕی روسیا هەڵدێن بۆ ماوەیەکی کاتی لە ئەمەریکا بمێننەوە بەو مەرجەی لەو وڵاتە پاڵپشتێکیان هەبێت.

هەروەها، بەرپرسێکی ئەمەریکی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، پڕۆگرامەکە هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکات و رێگە دەدات ئەو ئۆکرانییانەی کە شایستەن بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئەمەریکا بمێننەوە.

هاوکات، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ئاشکرای کرد، هاوڵاتییانی ئەمەریکی یاخود خاوەن کارەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکان دەتوانن پاڵپشتی ئەو ئەو ئۆکرانییانە بکەن کە دەیانەوێت وەکو پەنابەر بێنە ئەمەریکاوە، بەڵام دەبێت توانای دارایی خۆیان بۆ ئەمریکا ئاشکرا بکەن و پشکنینیان بۆ پێشینەی ئۆکرانییەکان بکرێت.

باسی لەوەشکرد لە رۆژی دووشەممەوە ، خوازیارانی پاڵپشتیکردن دەتوانن داواکانیان بۆ پاڵپشتیکردن لە ئۆکرانییەکان پێشکەش بکەن و بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاماژەی بەوەدا، پڕۆسەی پاڵپشتیکردنەکە رەنگە هەفتەیەکی پێبچێت تاوەکو تەواو دەبێت.

ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، ئەو ئۆکرانیانەی دەبن پەنابەر لە ئەمریکا مافی کارکردنیان دەبێت.

لایخۆشیەوە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، " ئەمریکا پابەندە بە سەلامەتی گەلی ئۆکرانیاوە و هەوڵدەدەن پڕۆسەری وەرگرتنی پەنابەران خێراتربکەن."

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشدا، ١٠٠ هەزار هاوڵاتی ئۆکرانی وەردەگرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی روسیاوە لە ئۆکرانیا، نزیکەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانیا لە وڵاتەکە هەڵاتوون و زۆرینەیان بۆ وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا رۆیشتوون.













گەلەری