دەسەڵاتدارانی روسیا رایانگەیاند، گفتوگۆ و دانوستنەکانیان لەگەڵ ئۆکرانیادا راگرتووە. سەرۆکی روسیاش لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی هاریکاری نێوان وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤییەت تاوتوێکرد.
ئەمڕۆ هەینی، دەسەڵاتدارانی روسیا رایانگەیاند، سەرجەم گفتوگۆ و دانوستانەکانیان لەگەڵ شاندی ئۆکرانیا راگرتووە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، دەسەڵاتدارانی کیێڤ ئامادەنین کێشەکانی نێوان دوو
وڵات چارەسەر بکەن، هەربۆیە ئۆکرانیا لەسەر هەڵوێسرەکانی بەردەوام نییە و
لەگفتوگۆکانیدا دۆسییەکان دەگۆڕێت.
هەر ئەمڕۆش، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە
لەگەڵ ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی کۆبووەوە و دۆسیەی
هاریکاریکردنی نێوان وڵاتانی پێشووی یەکێتی سۆڤییەتی تاوتوێکرد.
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەمڕۆ چاودەخشێنینەوە بە بابەتی هاریکاری کردن
لەگەڵ نزیکترین دراوسێکانمان دوای یەکێتی سۆڤییەت".
ئاشکراشی کرد، ئەم دۆسییەیە لەلایەن ئەلێکسی ئۆفرشۆک جێگری سەرۆک وەزیرانەوە
سەرپەرشتی دەکرێت. وتیشی، چاوەڕێیە راپۆرتەکەی تەواو بکات تایبەت بە بەرەوپێشبردنی
کارکردن پێکەوە بەتایبەتی لە کەرتی ئابوریدا.
ئەمە
لەکاتێکدایە، ماوەی ٥٨ رۆژە هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا دەستی پێکردووە و
بەردەوامە و لەبەرامبەردا هەریەک لە ئەمریکا و بەریتانیا و کەنەدا و سەنگافورە و
کۆریای باشور و ژاپۆن و یەکێتی ئەوروپا زنجیرەیەک سزای ئابوری بازرگانی و داراییان
بەسەر چەندبانک و کۆمپانیایەکی گەورەی روسیدا سەپاندوو و لە نوێترین سزاشیاندا
بەنیازن بە تەواوەتی دەستبەرداری وزەی روسی بن.