سەردێڕ:

لە مزگەوتێکی ئەفغانستان تەقینەوەیەک روویدا و کوژراو و بریندار هەیە

PM:05:27:22/04/2022

3164 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی ئەفغانستان رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە یەکێک لە مزگەوتەکانی قەندوز روویداوە و کوژراو و بریندار هەیە. بەشێک لە مدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویان کردەوە، نزیکەی ٣٠ کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانیانلەدەستداوە.


ئەمڕۆ هەینی، کەناڵی ئاسمانی تڵوع نیوزی ئەفغانی لە زاری حافز عومەر بەرپرسی باڵای پۆلیسی ناوچەی ئیمام ساحێبەوە بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەک مزگەوتی مەولەوی سکەندەری لە ناوچەکە هەژاندووە.

تڵوع نیوز ئاماژەی بەوەشداوە، لەبەردەم وەزارەتی بازرگانی ئەفغانستان لە شاری کابوڵی پایتەختی ئەو وڵاتە دەنگی تەقینەوە بیستراوە، بەڵام پۆلیس دەڵێت هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

هەروەها، ئاژانسی هەواڵی ئاماج نیوز بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەکەی مزگەوتی مەولەوی سکەندەر نزیکەی ٣٠ کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە، بەڵام کەناڵی تڵوع نیوز لە زاری چەند شایەتحاڵ و پۆلیسەوە بڵاویکردووەتەوە، کە کەمتر لە حەوت کەس گیانیانلەدەستداوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ لە مزگەوتی سێ دوکان لە شاری مەزار شەریف، کە یەکێک لە گەورەترین مزگەوتەکانی ئەفغانستان و شوێنەوارێکی مێژووی لێیە، تەقینەوەیەک روویداو و بەهۆیەوە ٣١ کەس کوژران و ٨٧ کەسی دیکە برینداربوون و رێکخراوی چەکداری داعش بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی راگەیاند. هەر ئەمڕۆش رێکخراوی تاڵیبان لە تویتێکدا ئاشکرای کرد، هێزە سەربازییە تایبەتەکانیان رێکخەری تەقینەوەکانی دوێنێی مزگەوتی مەزار شەریف و ویلایەتی بەڵخی دەستگیرکردووە.













گەلەری