سەردێڕ:

ئەڵمانیا: لە کۆتایی ٢٠٢٢دا دەستبەرداری نەوتی رووسیا دەبین

AM:08:35:22/04/2022

2300 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا هاوردەکردنی نەوت لە روسیاوە رادەگرێت.


ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتاکانی لە وڵاتانی بەڵتیک، لاتییڤا و ئێستۆنیا و لیتوانیا، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا هەتا کۆتایی وەرزی هاوین دەستبەرداری خەڵووزی روسی دەبن، هەروەها لە هاویندا هاوردەکردنی نەوت لە روسیاوە بۆ ئاستی نیوە کەمدەکەنەوە و تاوەکو کۆتایی ساڵ بە تەواوەتی دەستبەرداری دەبن.

هه‌روه‌ها رەخنەی توندی لە سیاسەتی وزەی وڵاتەکەی لەبارەی رووسیاوە لە سەردەمی راوێژکاری پێشوو، ئەنگێلا مێرکڵ گرت و بە "هەڵەی روون" ناوی برد، راشیگەیاند، ئەو سیاسەتە لە حکوومەتی نوێدا راستکراوەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەڵمانیا رێژەی ٥٥٪ پێویستییەکانی لە گازی سرووشتیی و ٢٥٪ی نەوتی خاو٤٥٪ خەڵووز لە روسیاوە هاوردە دەکات.

هاوکات ماوەی ٥٧ رۆژە سوپای روسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ئۆکرانیا دەست پێکردووە و ئەمەش کاردانەوه‌ی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.

لایخۆشیەوە روسیا کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی ئۆکراینا لە پلانی ئەندامبوونی لە ناتۆ و پابەندبوونی بە بێلایەنیی تەواو، لە بەرامبەردا ئۆکراینا ئەم داوایەی رووسیا بە دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت.













گەلەری