بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١٠٧ دۆلار و دوو سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەمەش نرخەکەی بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو تا ڕادەیەک جێگیرە.
ئەمڕۆ ههینی، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١٠٧ دۆلار و دوو سەنتە و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ١٠٣ دۆلار و حهوت سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە لەماوەی رابردوودا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە زیاتر لە ١٣٠ دۆلار و دواتریش دابەزییەوە خوارەوە بەهۆی زیادبوونی ئەگەرەکانی رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا، بەڵام هەر لەبەرزیدایە و سەرووی ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لەسەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەهۆی زیادبونی سزاکانی وڵاتان لەسەر روسیا و و کەمبونی دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لەماوەی ١٤ ساڵدا.
بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
رۆژی ٢٣ی مانگی شوبات، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.