سەردێڕ:

وەزیرى نەوتی عێراق: وەڵامی هەرێمی كوردستانمان لە رێگەی میدیاكانەوە وەرگرتووە

PM:10:10:21/04/2022

8512 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى نەوتى عێراق ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن حکومەتى هەرێم نەوت بە هەرزانتر لە نرخی نەوتی عێراق بفرۆشێت. دەشڵێت، دادگای فیدراڵی دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی پێداون، چاوگێکیش لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم رایگەیاند، هەفتەى داهاتوو وەڵامى بەغدا دەدەنەوە.


ئیحسان عەبدولجەبار وەزیرى نەوتى عێراق ڕاشیگەیاند، جیاوازیەکى زۆر هەیە لە فرۆشتنى نەوتى عێراق و فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، ئەوەش زیانێکى زۆر بە ئابورى عێراق دەگەیەنێت.

وتیشى، ئەوان وەک وەزارەتى نەوتى عێراق ڕیگریى لەوە دەکەن و هەوڵ دەدەن داهاتى نەوتى عێراق زیاتر بکەن بە فرۆشتنى تەواوى نەوتى عێراق لە ریگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە. دەشڵێت، وەڵامی حکومەتی هەرێمی كوردستانیان لە رێگەی میدیاكانەوە وەرگرتووە.

ئەوەشى خستەڕوو، لە ئێستادا حکومەتى عێراق هەوڵەکانى خۆى بەگەرخستووە و چەندین جارحکومەتى هەرێمیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هەرێم وەڵامى ئەرێنى حکومەتى عێراقى نەداوەتەوە، بۆیە هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە بەهەدەردانى سامانى گشتى دەوڵەت.

هاوکات چاوگێکى باڵا لە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، پاش گەڕانەوەى شاندى هەرێم لە بەریتانیا، گفتوگۆ لەسەر پێشنیازەکانى وەزارەتى نەوتى عێراق دەکەن و وەڵامى کۆتاییان دەدەنەوە.













گەلەری