سەردێڕ:

روسیا کۆنترۆڵکردنی شاری ماریۆپۆڵی راگەیاند

PM:01:41:21/04/2022

6608 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، بە تەواوی دەستیان بەسەر شاری ماریۆپۆڵی ئۆکرانیدا گرتووە و سوپای ئۆکرانیا لە شارەکەدا نەماون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێرگی شويگو وەزیری بەرگری روسیا ئاشکرایکرد، بە تەواوی دەستیان بەسەر شاری ماریۆپۆڵی ئۆکرانیدا گرتووە و سوپای ئەو وڵاتە لە شارەکە نەماون، ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیاش ستایشی سەربازەکانی کرد.

هاوکات، لە راگەیەندراوێکدا، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی روسیا ئاماژەی بەوەدا، لە رێگەی مووشەکی ھەستیارەوە ١٢ پێگه‌ی سەربازیی ئۆکراینایان کردووەتە ئامانج و ھێرشەکانی سوپای روسیا بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئۆکراینا بەردەوام دەبێت.

کۆناشێنکۆڤ باسی لەوەشکرد، ئەنهائەمڕۆ سوپای روسیا ٧٢ ئامانجی سەربازییان کە دوو عەمباری مووشەک و چەک لە نێویاندا بووە پێکاوە.

باسی لەوەشکرد، تاکو ئەمڕۆ ١٤٠ فڕۆکە، ١٠٦ ھێلیکۆپتەر، ٤٩٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٢٥٤ سیستمی مووشەکیی بەرگریی ئاسمانی، دوو ھەزار و ٣٩٧ تانک و زریپۆش، ٢٦١ مووشه‌كهاوێژ، ھەزار و ٣٨ هاوه‌ن و تۆپهاوێژ و دوو ھەزار و ٢٤٤ ئۆتۆمبیلی تایبەتی سەربازیی ئۆكراینا لەنێوبراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی ٥٧ رۆژە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوامە وبەمەبەستی گەیشتن بە رێکەوتن و کۆتایی هێنان بە جەنگ چەندین کۆبونەوە و دانوستان لەنێوان شاندی هەردوو وڵات ئەنجامدراون بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام کۆتایی هاتوون.













گەلەری