سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان نوێترین ئاماری پەنابەرانی ئۆکرانیای ئاشکراکرد

PM:09:19:20/04/2022

3520 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەی پەنابەرانی ئۆکرانیا پێنج ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و زۆربەشیان چوونەتە وڵاتی پۆڵەندا.


لە راگەیاندراوێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەداوە، لە ٢٤ی شوباتەوە تا ١٩ی نیسان، پێنج ملیۆن و ٣٤ هەزار و ٤٣٩ پەنابەری ئۆکرانی چوونەتە وڵاتانی دراوسێیان بە تایبەتی پۆڵەندا.

باسی لەوەشکردووە، زۆربەی پەنابەرە ئۆکرانییەکان روویان لە پۆڵەندا کردووە کە ژمارەیان دوو ملیۆن و ٨٢٥ ھەزار و ٤٦٣ کەسە و ٧٥٧ هەزار و ٤٧ کەسیش روویان لە رۆمانیا کردووە، هاوکات ٥٤٩ هەزار و ٨٠٥ ئۆکرانی بەرەو روسیا هەڵهاتوون و لە ھەنگاریاش ٤٧١ ھەزار و ٨٠ پەنابەری ئۆکرانی هەیە.

لایخۆشیەوە، شابیا مانتو وتەبێژی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاند، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک لە پەنابەرانی ئۆکرانیا لەنێوان وڵاتانی دراوسێدا گەشت دەکەن ژمارەی گشتییان بەرزبووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، سەدان هەزار کەس کە لە ئۆکرانیاوە چوونەتە وڵاتانی دراوسێ لەوێوە چوونەتە وڵاتانی ئەوروپا.

هاوکات، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، لەناو ئۆکرانیادا ٧.١ ملیۆن کەسی مەدەنی ئاوارە بوون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە دەستپێکی جەنگەکەدا پێشبینی کردبوو لە ئەگەری هەڵکشانی پێکدادانەکاندا، چوار ملیۆن پەنابەر وڵاتەکە جێبهێڵن و لە ئێستاشدا ماوەی ٥٥ رۆژە جەنگ بەردەوامە.













گەلەری