سەردێڕ:

یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق ٧٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاند

PM:01:28:20/04/2022

2896 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، یەدەگی نەختینەیی بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە ٧٠ ملیار دۆلار. دەشڵێت، "دەستپێشخەرییەکانی بانکەکە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی ئابوری گەیشتووەتە ١٥ تریلیۆن دینار".


ئیحسان یاسری جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "تحت خطين" ی کەناڵی عێراقیە رایگەیاند، یەکێک لە کارەکانی بانکی ناوەندی بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی کەرتی بانکی.

ئاماژەی بەوەشدا، کەرتی بانکی حکومەت ٨٥٪ی پارەدانی دامەزراوەکان و خەڵکی لە ئەستۆیدایە.

وتیشی، کاری ئابوری بانکەکان پێویستی بە جیاکردنەوەی خاوەندارێتی لە بەڕێوەبردن هەیە و بانکی ناوەندی لەم دواییەدا سەرنجی خستووەتە سەر هەڵسوکەوتی بانکەکان.

لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی یەدەگی نەختینەیی، ئیحسان یاسری ئاشکرای کرد، "پێنج تریلیۆن دەستپێشخەرییەکە گەیشتووەتە نۆ تریلیۆن دینار و هەموو دەستپێشخەرییەکانمان گەیشتووەتە ١٥ تریلیۆن دینار و یەدەگی بانکی ناوەندی ٧٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە زیاتر لە ٧٠ بانکمان هەیە کە حەوت بانکیان حکومەتن و نیوەیان لە ئاستێکی نایابدان"

وتیشی، بانکەکان کێشەیەکی گەورەی سەپاندنی یاسایان هەیە و مەترسی بانکەکان لە قەرزدا ٣٠ -٤٠٪ زیاد دەکات و رێژەی قازانج بە مەترسیی زیاترەوە بەرزدەبێتەوە.

باسی لەوەشکرد، بانکی ناوەندی دەستپێشخەرییەکەی کەرتی خانووبەرە بێ سوودە و بەشەکانی تر لە جیاوازی رێژەکان و زیاتر لە ٤٦ تریلیۆن دینار قەرزن لە بانکی ناوەندییەوە بۆ وەزارەتی دارایی.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە بەردەوام نرخی نەوت لەبەرزبوونەوەدایە و بۆ یەکەمجار و دوای هەشت ساڵ لە رێکەوتی ٢٤ی٢ی ٢٠٢٢، دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی روسیا لە ئۆکرانیادا نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ١٠١ دۆلار و ٢٣ سەنتەوە گەیشتە ١٠٥ دۆلار و ٧٥ سەنت.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و هەڵگرتنی بەشێکی زۆری رێکارە توند و قورسەکانی روبەڕووبونەوەی کۆرۆنا لە جیهاندا جموجوڵ و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بوژانەوە و بەمەش داهاتی نەوتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، بەشێوەیەک لە رێکەوتی٢٥ی ٢ی ٢٠٢٢ وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی ساڵی رابردووی هەناردەکردنی نەوت گەیشتووەتە نزیکەی ٨٤ ملیار دۆلار.

لە رێکەوتی ٢٦ی ٣ی ٢٠٢٢ نرخی نەوت بەڕێژەی ٥٠٪ بەرز بووەوە و بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تۆمارکرد بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ ١٣٩ دۆلار و ١٣ سەنت بەرز بووەوە.













گەلەری