PM:07:40:18/04/2022
8976 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی رۆشنبیری عێراق رایگەیاند، لەگەڵ شاندی تایبەتی وڵاتی ئێران لەبارەی ئاسانکارییەکانی هەردوو وڵات بۆ گەشتیاران گفتوگۆیانکردووە و سەرۆکی شاندی ئێرانیش داوای کردووە سنورە وشکانییەکان بەرووی گەشتیارانی ئێرانیدا دووبارە بکرێنەوە.
لە راگەیەنداوێکدا، حەسەن نازم وەزیری گەشتوگوزاری عێراق ئاماژەی بەوەداوە، لەگەڵ شاندی حەج و عەمرەی وڵاتی ئێران لەبارەی ئاسانکارییەکانی هەردوو وڵات بۆ گەشتیاران گفتوگۆیان کردووە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئاسانکاری بۆ گەشتیاران.
ئاشکراشیکردووە، عێراق بڕیاریداوە هەندێک لە باج و رۆتیناتی گەشتکردن بۆ
عێراق کەم بکەنەوە و داوایان لە ئێران کردووە هەمان رێوشوێن بەرامبەر
گەشتیارە عێراقییەکان بگرنەبەر.
حەسەن نازم باسی لەوەشکردووە، سەرۆکی شاندەکەی ئێران داوایکردووە سنورە
وشکانییەکان دووبارە بە رووی گەشتیارانی ئێرانیدا بکرێنەوە و لە
بەرامبەریشدا ئێران ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لەو سنورانەوە دێنە عێراق
کۆنترۆڵ دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵانە هەزاران گەشتیار لە هەردوو وڵاتەوە بە سنورە وشکانی و ئاسمانیەکاندا تێپەڕدەبن.