سەردێڕ:

کێ بزوتنەوەی گۆڕان دەناسێتەوە؟

6/19/2019 9:30:03 PM
6797 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس فەتاح
+ -

”بەیاننامەکەی ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان پرۆسەی "عاقڵبوون"ی کۆتایی ئەم رێکخراوە سیاسییەیە کە لە دوای مردنی رێکخەرە گشتییەکەیەوە بە خێراییەکی ترسناک لە عەقڵەوە بۆ غەفل و لە ڕادیکاڵییەتەوە بۆ تەسلیبوون ھەنگاو دەنێت. ئەم سیاسەتە نوێیەی بزوتنەوەکە بەرجەستەکردن و بەدیھێنانی تەواوی ئەو گوتارەی پارتییە کە دەڵێت گۆڕانی دوای نەوشیروان عاقڵ دەبێت.“

سیاسەتی حیزبە کوردییەکان لەم چرکەساتە مەترسییدارەدا کە بێدەنگیی و سەرکزکردن و خۆگێلکردن خەسڵەتە سەرەکییەکانی پێکدەھێنن، گەر نوزەیەکی تێدا مابێت، دەنگ و ماندووبوونی چەند پەرلەمانتارێکی تەرەکەوتووە لە بەغدا و ھەولێر. ئەم پەرلەمەنتارانەی ھەندێ لە ھێزە سیاسییەکان کە ژمارەیان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت، وەک جەنگاوەرێکی تەنھاکەوتوو دژ بە خێزانییکردنی دەسەڵات و بەتاڵابردنی نەوت و مووچەی ھاونیشتیمانیانیان لە پەرلەمانی عێراق و ھەرێم کاردەکەن و خەبات بۆ شەفافییەت و مافە خوراوەکانیان دەکەن.
ھەندێک لە پەرلەمەنتارەکانی گۆڕان لە بەغدا دەمێکە گۆشتێکی زیادەن بە جەستەی سیاسیی بزوتنەوەکەیانەوە. ئەم بەیاننامەیەش ھێمایەکی ئاشکرایە بۆ بڕینی دوا گۆشتی زیادەی سەر جەستەی سیاسیی گۆڕان لە ساڵۆنی تەجمیلی پارتی دیموکراتی کوردستان و دروستکردنی کولتووری بێدەنگیی ناو گۆڕستانێکی سیاسیی.

لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ کاک مەریوانی ھاوڕێم چەندین وتاری شیکارییمان لەسەر پرۆسەی گەشەکردنی ئەم بزوتنەوەیە و کێشەکانی نووسیوە. لێرەدا ھێما بە دوانیان دەکەم. لە ساڵی ٢٠١٧ لە وتارێکدا بەناوی (بزوتنەوەی گۆڕان: گیرخواردن لەنێوان گوتاری ڕوخاندن و ھیچنەکردندا) باسمان لە بوونی ململانێکانی ناو بزوتنەوەکە کرد کە ئەوکات بەتەواوی یەکلانەبووبووەوە. ئەوکات نووسیمان:

„بزوتنەوەی گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا بووە بە ھێزێکی چەقیو لە نێوان رادیکالیزم و ھیچنەکردندا. بووە بە ھێزێک کە لە نێوان ھیوایەکی موغامیرانەی بیرلێنەکراوە و بێھیواییەکی شکستپەرستدا قەتیسماوە. بزوتنەوەیەکە لە نێوان خواستی ریفۆرمی بنەڕەتیی تا ئاستی شۆڕشکردن و لە نێوان ترسان و بوون بە برابچووک و سەیرکەرێکی وەڕسبووی ڕووداوەکاندا گیریخواردووە. بەبۆچوونی ئێمە کێشەی سەرەکیی ئەم بزوتنەوەیە گریخواردنیەتی بەدەست ئەم دابەشبوونەوە؛ دۆشدامان و چەقبەستن لەنێوان بژاردە پەڕگیرەکاندا. ھەندێکیان پێیان وایە یان ئەوەتا دەبێت ھێزی ئەوەت ھەبێت بتوانیت سەری ڕەش و دەباشان بگریت، یان کە ئەوەت نییە لەسەر مۆدێلی یەکگرتوی ئیسلامیی لەبەردەم خواستەکانی دوو بنەماڵەکەی ناو پارتی و یەکێتیدا، نووچبدەیت. چەقین لەنێوان ئەم دوو دۆخە پەڕگیرەدا بنبەستیی سیاسیی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕانە. ئەمەش تەواو ناکۆکە بە سیاسەتکردن وەک چالاکییەکی عەقڵانیی، سیاسەتی عەقلانیی ھەرگیز ھەڵبژاردن نییە لەنێوان دووجۆر لە بژادەی پەڕگیردا. بەڕای ئێمە لەنێوان شۆڕش و تەسلیمبووندا زۆر کردەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و میدیایی ھەیە کە پێویستە بکرێت، بەڵام ئەمە نەک ھەر نەکراوە بەڵکو بیریشی لێنەکراوەتەوە.“

لەدواوتاریشماندا بەناوی (بزوتنەوەی گۆڕان: شکستی نوخبەیەکی سیاسیی نوێ) باسمان لە ساغبوونەوەی ئەم ململانێیە کرد و شیکاری ئەوەمان کرد کە „بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە وێنەیەکی تری پرۆژەی دروستکردن و بەھێزکردنی خێزانە سوڵتانییەکانی ناو ھەرێم. نوخبە سیاسییە تازەکەی ناو گۆڕانیش بەشێوەی جیاواز لەم پرۆژەیەوە ئاڵاون“...

لەدیدگای ئێمەدا „لەماوەی دە ساڵدا گۆڕان لە ھێزێکی سیاسیی تازە و ڕادیکاڵەوە گۆڕا بۆ ھێزێکی نیمچە سوڵتانیی کە تەوریسی سیاسیی بەشێکی زۆری ئاکار و جوڵە و ھەڵوێستە سیاسییەکانی دەستنیشاندەکات.

بەبۆچوونی ئێمە بزوتنەوەی گۆڕان بە مانا سیاسییە تەقلیدییەکەی خیانەتی لە ستراتیژی ھەنووکەیی و سیاسەتی ئێستای خۆی نەکردووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر ڕاستگۆیانە پەیڕەوی ئەو سیاسەتە نوێیەی تەوریسی سیاسیی و بەخێزانییکردنی حیزب دەکات کە لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفاوە بۆی ماوەتەوە.

ئەم کەلتوورە لە داھاتوودا تەنھا متمانەی دەنگدەر بە ئەخلاقیی سیاسیی و چەمکی ئۆپۆزیسیۆن لەقناکات، بەڵکو کۆی پرۆسەی سیاسیی و خەباتی پەرلەمانتارییش دەخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە.“