سەردێڕ:

دیکتاتۆرییەت و کولتووری بەرگریی

6/10/2019 6:33:53 PM
3487 جار خوێندراوەتەوە
ئاراس فەتاح
+ -

مێژووی بەرگریی لە ھەموو کۆمەڵگایەک کە دیکتاتۆرییەت تیایدا بەرقەرارە، لە ڕوبەڕوبوونەوەی بەردەوام و بێدەنگنەبوونی رۆشنبیران و ھونەرمەندان و ئۆپۆزیسیۆنەوە دەستپێدەکات و پاشان گەشەدەسەنێت گۆڕانکاریی دروستدەکات. گەر ئەم گۆرانیبێژە ئەفریقییە کە من دوێنێ لەگەڵ نووسینێکدا گۆرانییەکەیم پێشکەش بە نێچیرڤان بارزانیی کردبوو و ئەمڕۆش سایتی ئاوێنە بڵاویکردۆتەوە، نموونەیەکی جوانی کولتووری بەرگریی بێت لە کۆنگۆ، ئەوا لە ئەزموونی ھونەری بەرگریی کوردییدا خاڵییە. بەپێچەوانەوە دەیان گۆرانی و سرودی کوردی و عەرەبی بەسەر بارزانی و حیزبەکەیدا گوتراوە.

گەر لەمڕۆدا ئەو دەوڵەتانەی ئەمریکای لاتین شتێک لە دیموکراسییان تێدا بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەرھەمی ئەو کولتووری بەرگرییەیە کە ڕێگاخۆشکەر بوو بۆ کۆتاییھێنان بە دیکتاتۆرییەت. وڵاتی چیلیش باشترین نموونەیە. (پابلۆ لارایین) یەکێکە لە دەرھێنەرە گەورەکانی فیلم لە مێژووی سینەمای وڵاتی چیلی و جیھان. ئەم دەرھێنەرە گەورەترین ئەزموونی کولتووری بەرگریی دژ بە دیکتاتۆرییەت پێشکەشکردین، کاتێک فیلمی (NO)ی لەسەر ڕژێمی پینۆشێت دەرکرد و لە ساڵی ٢٠١٣ خەڵاتی ئۆسکاریان بۆ باشترین فیلمی بیانی پێبەخشی. نووسەر و شانۆکاری بەناوبانگیش (خوان رادریگان) بە تێکستە شانۆییەکانی لەسەر ھەژاریی و مرۆڤە شکستخواردوو و پەراوێزخراوەکان، بە یەکێک لە دامەزرێنەرە ھەرە گەورەکانی کولتووری بەرگری لەوڵاتەکەی خۆی دەژمێردرێت. ساڵانێک ھونەری شانۆی سەر شەقام و گەڕۆک لە ناو چادردا نماییشدەکرا و چەندین جاریش لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەسوتێنران. بەم چەشنە ھونەری بەرگریی رێگاخۆشکەرێکی کاریگەر بوو بۆ شکستپێھێنانی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتی چیلی.

کولتووری سیاسیی لە وڵاتی ئێمەدا بووە بە نماییشگەرییەکی بێتامی دیموکراسییانەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەناو یەک خێزانی سوڵتانی، بووە بە تەزویرێکی گەورەی ھەڵبژاردن بۆ دروستکردنی واقعێکی وەھمیی بۆ دیموکراسییەت.

کولتووری ھونەریی و فیکریی لە ھەرێمی کوردستاندا بووە بە کارخانەیەکی گەورە بۆ فیستیڤاڵی بێفیکر و بێھونەر، یادکردنەوە و ڕێزلێنان و کاسبیی دروستکردنی گۆڕستانێک لە مۆنۆمێنت و پەیکەری بێئەرزشی ھونەریی و سازدانی کۆنفرانسی ھیچنەگووتن. ھاوکات بووە بە ئێڤێنتی زەبەلاحی بێبەرھەم و دروستکردنی فیلم و ھونەری لووس و بێناوەڕۆک و بێقووڵایی، کە نەک نایەوێت خۆی لە قەرەی ھیچ بابەتێکی رەخنەیی بدات و ھیچ حیزب و سەرۆکێک بریندار و نیگەران بکات، بەڵکو ملیۆنەھا دۆلار بەخشراوە بە سینەماکاران و ھونەرمەندان بۆ بەرھەمھێنانی فیلمی پروپاگەندەی حیزبیی و تەقدیسکردنی کولتووری تاکپەرستیی.

ھەموو سیستەمێکی دیکتاتۆریی پێویستی بە ئەکادیمیست و نووسەرانێک ھەیە ڕۆڵی „سمسار“ی فیکرییان بۆ بگێڕێن، فەیلەسوف و سیاسەتمەدار و ئەدیب و شاعیر و گۆرانیبێژ و دەرھێنەریان لە دەرەوە بۆ ڕاوبکەن، تاوەکو مەراسیم و کۆنفرانس و فیستیڤاڵەکانیانی پێبڕازێننەوە و ھەیبەتێکی نماییشگەراییانە بە گرنگیی مێژوویی ئەو رووداوانە ببەخشن. ھەندێکی تریشیان ڕۆڵی سمساری میدیایی بۆ دەزگا حیزبیی و سێبەرەکانی دەگێڕن، بۆئەوەی گەندەڵیی و شکستە سیاسیی و ئابووریی و ئەخلاقییەکانی دەسەڵاتداران لە خوێنەر و بینەر بکەن بە پاڵەوانێتییەکی نیشتیمانیی.

سیاسەتی ڕۆشنبیریی ئەم سیستەمە سوڵتانییەی ئێمە پشتیوانی تایپێکی تایبەت لە ئەدیب و ئەکادیمیی و ھونەرمەند دەکات کە بە ئارەزووی خۆیان دەتوانن باس لە رۆشەنگەریی و فەلسەفە و ئەدەب و جوانیی و خۆشەویستیی و مێژوو و ھونەر و فێمینیزم بکەن، بەبێئەوەی یەک پرسیار لە جەوھەری دەسەڵات و مەترسییەکانی سیستەمی پیاوسالارێتیی و ناعەدالەتی جێندەریی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بکەن، کە خودی سیستەمە سیاسییە نێرسوڵتانییەکە لێی بەرپرسیارە. تەماشاکردنێکی سەرپێیی مەراسیمی سوێندخواردنەکەی ئەمڕۆ ئەو راستییە دەردەخات کە بۆچی ژنان لە ڕیزەکانی پێشەوە بوونیان نەبوو.

ھیچ کۆمەڵگایەک نییە بەبێ بوونی کولتووری بەرگریی، کە لە ئامادەگیی رەخنەییانەی نووسەران و ھونەرمەندان و بەرھەمھێنانی چالاکیی فیکریی و ھونەریی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتییدا بەرجەستەدەبێت، بتوانێت ھەنگاو بەرەو گۆڕانکاریی گەورە بنێت.

گەر تەماشایەکی سایتە کوردییەکان بکەیت، بێدەنگییەکی گۆڕستان ئاسا باڵی بەسەر زۆرینەیاندا کێشاوە. کۆمەڵگای ئێمە بە قۆناغێکی تاریکی نەمانی جیاوازیی لە نێوان گوتار و کردەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات و نەمانی میدیای ئازاد و بێدەنگییەکی سەرسام و مەترسییداری نووسەران و ھونەرمەنداندا دەڕوات. بەبۆچوونی من ئەم قۆناغەش وەک قۆناغی پێش دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان، ماوەیەکی نادیار لە متبوونی رۆشنبیریی و سیاسیی لەگەڵ خۆیدا دەھێنێت بۆ پێداچوونەوەیەکی بەرفراوان لە چەمکی ئۆپۆزیسیۆن و کولتووری بەرگریی و خەباتی پەرلەمانیی و مۆدێلی حیزبایەتی و کوردبوون.