سەردێڕ:

حکومەتی ھەرێم یان حکومەتی پارتی و ھاوئاوازەکانی

6/19/2019 2:09:49 PM
3246 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

بەدرێژایی ھەشت کابینەی پێشووی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام قەیرانەکان کەڵەکە دەبن و گەندەڵی پەرە دەسەنێت و دامەزراوەکانی ھەرێمەکەش لە پەرلەمان و دادگاکان گەشەیەکی ئەوتۆیان پێوەنابینرێت و ناتوانن رۆڵێکی کاراو پیشەیی و باڵا بنوێنن لە کاروچالاکیەکانی رۆژانەیاندا، لەبەر ئەم ھۆکارانەش دەبینین کە رۆژ بەرۆژ خەڵک متمانەی لاواز دەبێت بە رۆڵی ئەو دامەزراوانە و بەتایبەتیش حکومەت، چونکە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان پێم وایە جۆرێک لە ھۆشیاریان ھەیە، ئەو ھۆشیاریەش بەشێکی بەھۆی میدیاکانەوە بۆی دروست بووە، چونکە لە میدیادا ئێستا و بە درێژایی ساڵانی رابردوو گفتوگۆی چڕوپڕ ھەبووە بە بەشداری سیاسی و ئەکادیمی و رۆشنبیر و رۆژنامەنووسەکان لەسەر بارودۆخی ھەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، کە تیایدا بەشێک لە گفتوگۆکان و نووسینەکان و دیبەیتەکان تایبەت بووە بە سیستمی دیموکراسی و رۆڵی ھاوڵاتی و سیستمی سیاسی و جۆری حکومەت بەتایبەتی حکومەتی چاک و رۆڵی کارای ھاوڵاتی لەو حکومەتەدا چیە؟

ھەروەھا بەشێک لە ھاوڵاتیان ئاشنایەتیان پەیداکردووە بەرامبەر بە بەرپرسیارێتی حکومەت بەرامبەر بە ھاوڵاتیان؟ ئایا خەڵک بۆچی بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمان دەکات؟ ئایا ئەو دەنگەی کاریگەری چیە لەسەر جۆری  ئەو حکومەتەی لە ھەرێمدا دروست دەبێت؟

ئەزموونی ھەشت حکومەتەکەی رابردوو کاریگەری خراپی لەسەر ھەڵوێستی ھاوڵاتی وەک دەنگدەر دروست کردووە لە ھەرێمی کوردستاندا، ئەویش بە کەمی بەشداری خەڵک لە ھەڵبژاردنەکانی پارساڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستاندا دەرکەوت، چونکە پارتە سیاسیەکان بە پارتە حوکمڕانەکانیشەوە بەڵێنێکی زۆر بە خەڵک دەدەن بەتایبەتی لەڕووی بەرەوڕوبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ھەمەچەشن بە ھاوڵاتیان، بەڵام ئەم بەڵێنانە تەنھا ھەتا ئەوکاتەیە کە پەرلەمان جێگیر دەبێت و دەکەوێتە سەر سکەی خۆی و متمانە بە حکومەت دەدرێت، لەدوای ئەوە نەپەرلەمانتاران و نە حکومەت ناگەڕێنەوە بۆ پێداچوونەوەی بەڵێنەکانیان بە ھاوڵاتیان و ئەو پڕۆژانەی کە ھەیانبووە بۆ باشکردنی گوزەران و چاکسازی و بەرەوڕوبوونەوەی گەندەڵی، بەڵکو دەچنەوە سەر ھەمان ریتمی پێشوو و ناتوانن ھیچ گۆڕانکاریەک دروست بکەن، حکومەت وەک لایەنی جێبەجێکار دەبێت ئەو پارتانەی کە بەشداری تێدا دەکەن چاوی یەکەمیان لەسەر پڕۆژەکانیان بێت لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا.

ھەروەھا ئەوەیان لەبیر بێت کە ئەم حکومەتە کە پەرلەمان دەنگی بۆ داوە لەسەر بنەمای دەنگدانی ھاوڵاتی دروست بووە، کەواتە ئەندام پەرلەمان و ھەموو بەرپرسەکانی حکومەت ھەر لە وەزیرەوە ھەتا بەڕێوەبەرە گشتیەکان، دەبێت خۆیان بە نوێنەری ھاوڵاتی بزانن و لە ویست و داواکانی ھاوڵاتیانەوە نزیک بن و تێکەڵاویان ببن و گوێ بۆ سکاڵا و پێشنیارەکانیان بگرن، ھەتا ئەو حکومەتە ببێتە حکومەتی خەڵک، لەبەرئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا بانگەشەی سیستمی دیموکراسی دەکرێت و لە دەستوریشدا چەسپاوە کە سیستم دیموکراسی فیدراڵیە، کەواتە دەبێت لەم روانگەیەشەوە پارتە سیاسیە براوەکان مامەڵە لەگەڵ  پێکھاتنی حکومەتدا بکەن، واتە حکومەت دەبێت ھەست بکات چ بەرپرسیاریەتێکی لە ئەستۆدایە بەرامبەر بە ھاوڵاتیەکانی، بەمەش بەشداری سیاسی و دەنگدان مانایەکی دەبێت و دەرونی دەنگدەر ئاسودە دەبێت و خەڵک ھەست دەکات کە ئینتیمایەکی بۆ ئەو حکومەتە و ئەو دەسەڵاتە سیاسیە ھەیە، بەڵام ئەگەر بەو جۆرە نەبێت ئەوان رۆژ بەرۆژ پردی پەیوەندی نێوان حکومەت و خەڵک لاواز دەبێت و بەرپرسانی حکومەت لە رۆڵێکدا دەبن و خەڵکیش لە رۆڵێکی تر.

لە سیستمە دیموکراسیەکانی ئێستای دنیادا باس لە حکومەتی چاک دەکرێت، ئەمەش بەشێکە لە ھۆشیاری سیاسی کە لە کۆنەستی تاکی کورددا چەسپاوەو شتێکی چاوەڕوانکراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە، لە ھەرێمی کوردستاندا ھەست ناکرێت کە ویست و خەمێک ھەبێت بۆ تێگەیشتن لە ئەو خەم و پێشنیار و داواو تێگەیشتنانەی ھاوڵاتی، چونکە دەبینین رۆژبەرۆژ رۆڵی پەرلەمان وەک دەزگایەکی چاودێری لاواز دەکرێت و ناتوانێت رۆڵی کاریگەر و کارای ھەبێت لە چاودێری حکومەت و ڕووبوونەوەی گەندەڵی بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و سامانە سروشتیەکانی تردا کە پشکی شێری گەندەڵی بەر دەکەوێت، ھەتا ئێستاش پەرلەمان نەیتوانیوە بەدواداچوون بۆ سەرچاوە دارایی ئەو کانزایانە و وزە بکات و داھاتی ئەو کەرتە ھەتا ئێستاش بە نھێنی ماوەتەوە، کە پێم وایە ئەمە سەرچاوەی سەرەکی گەندەڵییەکانە، چونکە سامانێکی سروشتی بەتایبەتی وزە کە لەم ھەرێمەدا ھەیە، ھەر ھاوڵاتیەکی ھەرێم پشکی تێدا ھەیە و دەبێت بە شەفافی باس لە داھات و دەرامەت و دەستکەوتەکەی بکرێت بە چاودێری پەرلەمان بۆ خەڵک رون بکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ھەتا ئێستا ھیچ ئامادەکاریەک لە حکومەتی داھاتوودا نابینرێت کە بەوشێوەیە مامەڵە بکات، چونکە ھەتا ئێستا بە درێژایی حکومەتەکانی رابردوو حکومەت پرۆژەی کاری چوار ساڵی داھاتوو بۆ ھاوڵاتیان ناخاتەڕوو، بەڵکو زیاتر دەبێتەوە حکومەتێکی حیزبی و وەک دەستکەوتێک سەیر دەکرێت بۆ ئەو پارتەی کە سەرۆکایەتی حکومەتی بەدەستەوەیە، بەمەش کۆمپانیای حیزب، ھاوڵاتیانی حیزب بەرپرسەکانی حیزب، سوودمەندی یەکەم دەبن لە حکومەت و ئەو ھاوڵاتیانەش کە لە دەرەوەی حیزبە حوکمڕانەکانن دەچنە خانەی پلە دوو پلە و پلە ھیچیش، ئەمەش سیمای حکومەتەکانی پێشوو بووە.

ئەگەر سەیری ئەو بارودۆخە قەیراناویە سیاسەی ئێستای ھەرێمی کوردستانیش بکەین بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ململانێی حیزبەکان و گوتاری سیاسی پارتی براوەی ھەڵبژاردنەکانەوە ھەیە، نابینین کە دۆخی بە حیزب کردنی حکومەت و فەرامۆشکردنی ویستەکانی ھاوڵاتی، جیاوازیەکی ئەوتۆی ھەبێت، بەڵکو زۆرتر تۆختر دەبێتەوە، چونکە ئەگەر ویستێک ھەبوایە بۆ گەڕانەوە بۆ خواست و رێزگرتن لە دەنگی ھاوڵاتی، دەبوایە حکومەت ھەر لە سەرەتاوە پڕۆژەیەکی چاکسازی رابگەیاندایە و پێداچوونەوەی بکردایە بە ھەڵەکانی پێشوو، لەسەر بنەمای ھاوڵاتی بوون حکومەتی ئایندەی پێکبھێنایە، بەڵام ھەتا ئێستا ئەوە نابینین، ئەوەی دەبینرێت حیزب زیاتر دەچێتە ناو ھەموو جومگە ھەستیارەکانی حکومەت و ئەوەش کە سودمەند دەبن لێی بەپلەی یەکەم پارتی و پاشان حیزبەکانی بەشداری حکومەت و زۆربەی ھاوڵاتیانیش دەبێت وەک بینەرێکی خۆشەویست سەیریان بکەن و چەپڵەیان بۆ لێبدەن.