سەردێڕ:

ستراتیجیەتی ئەمریکا لە رووبەڕووبوونەوەی ئێراندا

6/1/2019 2:16:24 PM
2508 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

لەپاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بوو بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ھەر لە سەرەتاوە بەتایبەتی لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیدا، بەڵێنی ئەوەی دابوو کە بە توندی رووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێتەوەو کاردەکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامەی پێنج کۆ یەک، ھەروەھا لە لێدوانەکانیدا رەخنەی توندی لە باراک ئۆباما دەگرت، کە ئەو رێکەوتننامەی لەگەڵ ئێراندا مۆرکردووەو رێگەی داوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات و تاقیکردنەوەی موشەکە دورھاوێژەکان درێژە پێ بدات، گوتاری سیاسی ترامپ ھاوشێوەی پارتە راستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپایە، لە بەرامبەر کۆچبەر و رەگەزەکانی تر و بەتایبەتیش مسوڵمانان و وڵاتانی ئیسلامی بەگشتی، خاوەنی گوتارێکی توندە، لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، سیاسەتەکانی ترامپ زۆر نزیکە لە گوتاری پارتە ئاینیە توندڕەوەکانی ئیسرائیل و بەبێ مەرج پشتیوانی لە بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل دەکات و ئەو ھەنگاوانەش کە لەم بوارەدا لە دوو ساڵی رابردوودا ناویەتی، ھیچ حکومەتێکی ئەمریکی ھەتا ئێستا ئەو جورئەتەی نەبووە، بەتایبەتیش داننان بەوەی کە قودس پایتەختی ھەمیشەیی ئیسرائیلە و بۆ ئەم مەبەستەش سەفارەتی ئەمریکای لە ئۆرشەلیمەوە گواستەوە بۆ قودس و پاشانیش دانی نا بەوەدا کە جۆلان خاکێکی داگیرکراو نیە و بەشێکە لە خاک و سیادەی ئیسرائیل.

سیاسەتەکانی ئەمریکا لەوکاتەوەی کە ترامپ جڵەوی بەدەستەوە گرتووە، بریتی بووە لە لێدانی ئەو ھێز و دەوڵەتانەی کە ئیسرائیل بە مەترسیان لە قەڵەم دەدات بۆسەر بەرژەوەندیەکانی و ھاوکات لەگەڵ ئەمەشدا ترامپ وەک بازرگانێکی سیاسی لە ھەوڵی ئەوەدابووە بەرژەوەندی ئابوری زیاتر بۆ وڵاتەکەی پەیدا بکات، بەتایبەتیش لە وڵاتانی کەنداودا، ترامپ چەندینجار ئەوەی دووپات کردوەتەوە کە وڵاتانی کەنداو بەبێ ھێزی ئەمریکا ناتوانن درێژە بە مانەوەیان بدەن، ئەوانیش لە بەرامبەر پاراستنی ئەم وڵاتانە دەبێت پشتیوانی ماددی لە ئەمریکا بکەن، ئەمریکیەکان بە درێژایی مێژوو ئەگەر دوژمنیشیان نەبووبێت ھەوڵیانداوە کە دوژمنی وەھمی دروست بکەن، بەتایبەتیش لەدوای روخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە توندڕەوی ئیسلامی و گروپە تیرۆریستیەکان کرانە ئەو دوژمنە وەھمیەی کە دەبێت ئەمریکا و گەلی ئەمریکا رووبەڕوویان ببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە ھاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی دروست کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە خۆی لە قاعیدە و داعش و گروپە توندڕەوەکانی تردا دەبینیەوە، ئەم ستراتیجیەتە تەنھا پەیوەست نیە بەچەند گروپێکی دیاریکراو بەڵکو زنجیرەیەکی بەردەوامە ، پاش ئەوەی زنجیرەیەک کۆتایی پێ دێت، زنجیرەیەکی تر دەست پێدەکات، بۆ نموونە دەبینن پاش ئەوەی شەڕی داعش تەواو دەبێت شەڕی ئیسلامیە میانڕەوەکان دەست پێ دەکات، لە ئێستادا دەبینین ئەمریکا لە ھەوڵی ئەوەدایە کە ئیخوان بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە، ئەمەش لە پاش ئەوەھات کە سوپای پاسداران خرایە لیستی تیرۆرەوە.

لەسەر ئاستی ئەمریکا و جیھان بەردەوام رەخنەی ئەوە لە ئەمریکا دەگیرا کە روخاندنی رژێمی عێراق لەلایەن ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیەوە بە سەرکردایەتی ئەمریکا خزمەتێکی گەورەبوو بە ئێران و لەسەر پارچەیەک لە ئاڵتون پێشکەشیان کرد، چونکە لە پاش نەمانی رژێمی بەعس گروپ و پارتە شیعەکان دەستیان گرت بەسەر دەسەڵات لە عێراقدا و تەنانەت کۆتایی ھاتنی شەڕی داعشیش ھەموو بە بەرژەوەندی گروپە شیعەکانی عێراق شکایەوە، لە رێگەی ئەم شەڕەوە بە تەواوی کۆنتڕۆڵی ناوچە سونیەکانیان کرد و سوننە لەناو حکومەت و سوپا و ھێزە ئەمنیەکاندا ھیچ رۆڵێکیان نەما، ھەروەھا کوردیش لاوازکراو گروپەکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی تر ھێرشیان کردەوە سەر ناوچە جێناکۆکەکان و کەرکوکیان لەدەست کورد سەندەوەو بە تەواوی رۆڵی کوردیان لەو ناوچانەدا لاواز کردوو تەنانەت لەڕووی ئابوریشیەوە دەیانەوێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بکەن.

ئەمریکا لە ئێستادا بە ستراتیجیەتێکی نوێوە مامەڵە دەکات، دەیەوێت ھەڵەکانی خۆی لە رابردوودا راست بکاتەوەو جارێکی تر ھەژموونی خۆی بەسەر رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەیەوێت رۆڵی ئێران لەم ناوچەیەدا لاواز بکات و بیخاتە ژێر قەڵەمڕەوی خۆی و لەڕووی ئابوریشەوە ئێران ببێتە بازاڕێکی گەورەی ئەمریکی، ئەمریکا خاوەنی ستراتیجیەتێکی سیاسیە بەرامبەر بە ئێران، بەشەڕ بێت یان بە ئاشتی دەیەوێت ئامانجەکانی بھێنێتەدی، کە ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە کۆتایی ھێنان بە ھەوڵەکانی بۆ بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی و دەستبەرداربوونی مووشەکە دورھاوێژەکان و کۆتایی ھێنا بە خەونی ناردنە دەرەوەی شۆڕش، کرانەوەی ئێران بەڕوی کۆمپانیا ئەمریکیەکان و رێگەدان بە گەشەی گروپە نامەزھەبیەکان، بۆئەوەی لەم رێگەیەوە دەسەڵاتی ئێستای موحافیزکارەکان لاواز بکات و ئێران وەک دەوڵەتێکی لاواز بمێنێتەوەو بیخاتە ژێر ھەژموونی سیاسیەتەکانی خۆی.