سەردێڕ:

داود ئۆغڵۆ بێدەنگی شکاند

5/12/2019 2:18:24 PM
5223 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

داود ئۆغڵۆ یەکێک لە سێکوچکەی دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان لە ھەفتەی رابردوودا پەیامێکی ئاراستەی پارتەکەی کرد، لەژێر ناوی (پێشنیارو ھەڵسەنگاندنەکانی ئەحمەد داود ئۆغڵۆ بۆ ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار و ئەو بارودۆخە سیاسیەی کە تێیدا دەژین)، لەم پەیامەدا ئۆغڵۆ کۆمەڵێک رەخنەی توند ئاڕاستەی ئەکەپە و سەرۆکەکەی دەکات و ھۆشداری دەدات کە ئەگەر پێداچوونەوە بەخۆیدا نەکات ئەوا ئەو بۆشاییەی کە کەوتۆتە نێوان حیزب و جەماوەرەکەی بەرەو شکست و ھەرەسی دەبات.

داود ئۆغڵۆ لە سەرەتاوە باس لە سەرەتاکانی دامەزراندنی ئەکەپە دەکات کە بە گیانێکی سەردەمیانەو لە پێناو گەشەپێدانی دیموکراسی دروست بووە و متمانەی تەواویان بەخۆیان و ئیرادەی گەل ھەبووە بۆ سەرکەوتن، ئەو سەرەتای لاوازیەکان دەگێڕێتەوە بۆ ئەو کاردانەوانەی کە لە ئەنجامی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ساڵی ٢٠١٦دا دروست بوون، یەکێک لە لاوازیەکانی پارتی دادوگەشەپێدان دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەدوای کودەتاکەوە ئاراستەی گوتاری سیاسی روی کردە ناوخۆی حیزب و ناوخۆی کۆمەڵگەی تورکی، ئۆغڵۆ دەڵێت لە ساڵانی رابردوودا چەندان رەخنە و پێشنیارم ئاراستەی سەرۆک کۆمار کردووە، بەڵام گوێی لێ نەگرتووە و پشتگوێی خستووە، لە پەیامەکەیدا ئەوە دەدات بەگوێی بەرپرسانی ئەکەپەدا کە ئەمە دوایەمین ئاگادارکردنەوە دەبێت و لەدوای ئەوەوە کات ئەوەندە بە بەریەوە نیە، بەھەمان ئاراستەی پێشوو بڕوات، کە ئەمەش ھۆشداریە بە پارتی دادوگەشەپێدان کە ئەگەر گوێبیستی ئەم رەخنانە نەبنەوە دور نیە بۆخۆی لەگەڵ دامەزرێنەرانی تری دادوگەشەپێدان کە لە ئێستادا دانیشتوون، پارتێکی سیاسی نوێ دورست بکەن، بەتایبەتی لەگەڵ عەبدوڵا گول سەرۆک کۆماری پێشوو، عەلی باباجان وەزیری دارایی لە حکومەتەکەی ئۆغڵۆدا.

داود ئۆغڵۆ رەخنە لە ئەکەپە دەگرێت لە چەند لایەنێکەوە بەشێکی تایبەتە بە ناوخۆی حیزب، بەوە تاوانباری دەکات کە لەو پرانسیپانە لایانداوە کە سەرەتا حیزب لەپێناویدا دامەزراوەو نەیتوانیوە راستگۆ بێت لەگەڵ ئەو دروشمانەی کە لە سەرەتاوە ھەڵیگرتبوو، ئۆغڵۆ دەڵێت ھەر پارتێکی سیاسی ئەگەر بیەوێت لە دیمەنەکانی مێژوودا بە زیندوویی بمێنێتەوە ،دەبێت ھەڵگری کۆمەڵێک رەگەزی بنەڕەتی بێت لەوانەش، دەبێت ئەو گوتارەی کە ھەیەتی ھاوشان و ھاوتەریب بێت لەگەڵ بەھا باڵاکان و لەڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتیشەوە دەبێت کراوەبێت بەسەر ھەموو چین و توێژەکاندا بەبێ جیاوازی، بەڵام ئەو رەخنە لە ئەکەپە دەگرێت بەوەی ھەڵوێستێکی میانڕەو و لێبوردەی نەبووە لەگەڵ چین و توێژەکان و پارتە سیاسیەکانی کۆمەڵگەی تورکیا و ململانێی ھەڵبژاردنیشی گۆڕیوە بۆ جۆرێک لە دوژمنکاری و بەمەش لە ئێستادا ژێرخانی کۆمەڵایەتی و دەوڵەت کەوتۆتە بەرمەترسی و لە ئەگەری ھەڵوەشاندنەوەدایە، لەلایەکی ترەوە دەڵێت لەم رووداوانەی ئەم ساڵانەی دوایدا دەسەڵات لە جیاتی جەخت کردنەوە لەسەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و چاکسازی ھەمەلایەنە، پەنای بردووە بۆ گوتارێکی ئەمنی دەوڵەت و ھەربەم گوتارەش مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و چین و توێژەکان دەکات.

لەلایەکی ترەوە رەخنە لە ھاوپەیمانێتی ئەکەپە دەگرێت لەگەڵ مەھەپە و وای لێک دەداتەوە کە زیانی زۆری بە ئەکەپە گەیاندووە، چونکە لەلایەک بوەتە ھۆی ئەوەی ھەندێک لە شارەوانیەکانی ئەکەپە ببات بۆ خۆی، لەلایەکی تریشەوە خەڵکێکی زۆری دڵسارد کردۆتەوە تەنانەت لەناوخۆی ئەکەپە کە دەنگیان پێ بدات، ھەروەھا لابردنی کەسانێک کە بە دەنگی خەڵک دەرچوون و گۆڕینیان بە لایەنگرانی حیزب کارێکی ناجۆرو دیموکراسیە و نەھێشتنی متمانەیە بە حیزب و تواناکانی ئەمەش ئاماژەیە بە لابردنی سەرۆک شارەوانیەکان لە باکوری کوردوستان و دانانی قەیومەکان لە شوێنیان، لەلایەکی ترەوە رەخنەی ئەوە دەگرێت کە بڕیارەکان لە حیزب و دەوڵەتدا تاک لایەنانە دەبڕێن بەڕێوە لەکاتێکدا کە حیزب لە سەرەتاوە بانگەشەی بە دامەزراوەییکردنی کردووە و داوای راوێژی عەقڵی ھاوبەشی کردووە لە بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردنی کارەکاندا، لەلایەکی ترەوە رەخنە لە سیستمی کۆماری دەگرێت و دەڵێت ئەو ئامانجەی نەھێنایەدی کە بانگەشەی بۆ دەکرد و لە جیاتی بەھێزبوونی بڕیاری سیاسی و بەھێزکردنی رۆڵی دەوڵەت پێَچەوانەکەی ھاتۆتەدی.

ھەروەھا رەخنە لە بواری ئازادیەکان بەتایبەتی ئازادی رۆژنامەنووسی و دەربڕینی بیروڕای ئازاد دەگرێت و دەڵێت گرەنتی پاراستنی دیموکراسی رەخنە و بەدواداچوون و چاودێریە. ناکرێت کەسێک بەھۆی بیروڕای ئازادەوە زیندانی بکرێت، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەی دیموکراسیدا ھەموان یەکتر قبوڵ بکەن، بۆیە ئەوەی کە ئێستا تورکیا پێویستی پێیەتی دەستورێکی مەدەنی دیموکراسی ھەمەلایەنەیە، لەلایەکی ترەوە دەڵێت ئاساییە کە سەرۆک ئینتیمای حیزبی ھەبێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە سەرۆک کۆمار لە ھەمانکاتدا سەرۆکی حیزبیش بێت.

ئۆغڵۆ بەم رەخنانەی لە واقیعی پارتی داد و گەشەپێدان لەڕووی بەھاو فیکر و گوتار و پراکتیک و ھاوپەیمانیەکەی سەرەڕای رەخنەی لە سیستمی کۆماری و دامەزراوەکانی دەوڵەت، دەیەوێت لەم رێگەیەوە دوا پەیامی خۆی ئاراستەی ئەکەپە و سەرۆکەکەی بکات، چونکە لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەی ئیجابی دورنیە لەگەڵ دامەزرێنەرە دورکەوتووەکانی تر بەتایبەتی عەبدوڵا گول و عەلی باباجان پارتێکی نوێ دابمەزرێنن، بە سەرنجدانیش لە رەخنە و پێشنیار و پڕۆژەکانی رابردوو کە ئاراستەی ئۆردوغان کراوە پێناچێت نەگوێ بۆ ئەو رەخنە و پێشنیارانە بگرێت نە دەست بداتە چاکسازیەکی ھەمەلایەنە لە پێناو ھەستانەوەی ئەکەپە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو.