سەردێڕ:

کۆتایی ڕۆڵی ڕۆشنبیر و سەرھەڵدانی قۆناغێکی تر

2/13/2019 2:42:22 PM
2299 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

چەمکی ڕۆشنبیر گروپێک لە خەڵک دەگرێتەوە کە گرنگی دەدەن بە کاروباری فیکری، ئەمەش بۆ جیاکردنەوەی کەسانێکە کە لەبواری پیشەی دەستدا کاردەکەن، بەپێی بۆچوونی گرامشی ڕۆشنبیر کەسێکە کە سەرقاڵە بە کاروباری گشتیەوە، سارتەریش لەپێناسەکەیدا دەربارەی رۆشنبیریی مولەتزیم ھەمان مانا دەدات بە دەستەوە.

بەپێی بۆچوونی گرامشی ھەر گروپێکی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری تایبەت بە خۆی ھەیە، کە ھەڵدەستن بە جوانکردنی بانگەشە و بە جەماوەریکردنی، لەبەرئەوە دەشێت ئەوانە گروپێکی سیاسی ستەمکار و گەندەڵ و تاکڕەو بن کە لەرێگەی ڕۆشنبیرکەیانەوە شەرعییەت بەو سیمایەیان دەدەن، بەرگری لەکار و رەفتارەکانیان دەکەن، بەمەش ئەوانە دەبنە کۆمەڵێکی بەرگریکارو رووبەرووی ھەموو کرانەوە و گەشەپێدان و دیموکراسیەت و عەدالەتێکی کۆمەڵایەتی دەوەستن، ئەمانە لەھەموو رژێمە ستەمکار و عەسکەر و تاکڕەوەکاندا نموونەیان ھەبووە.

لەمێژووی ئیسلامیدا ئەمانە پێیانوتراوە (زانایانی سوڵتان) ئەمانە ئەو کەسانەن کە لەروانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە سەیری رووداو و پێشھات و گۆڕانکارییەکان دەکەن نەک وەک ئەوەی کە بەرژوەندی گشتی گەل و نیشتمان دەیەوێت، لەبەرامبەر ئەمانەشدا کۆمەڵێکی تر لە رۆشنبیر ھەیە.

ئەمانە کەسانی ناسراون و خاوەنی پرۆژە و دیدگا و بۆچوونی تایبەتی خۆیانن، ئەمانە بەدرێژایی مێژوو رابەری شۆڕش و بەرخۆدان و بەرگری بوونی لەئازادی و مافەکانی خەڵک و چەسپاندنی دادپەروەری و دیموکراسی دەکەن، بەدرێژایی شۆڕشەکان ئەو رۆشنبیرە ئازاو چاو نەترس و بوێرانە بینراون، کە سەرەتاکەی بە شۆرشی فەرەنسی دەست پێدەکات ھەتا دەگاتە ھەموو شۆڕشی ئازادیخوازی گەلان، لەم کایەدا رۆڵی رۆشنبیر تەنھا بەشێوەیەکی رەمزی نەبووە، بەڵکو تێکەڵ بە کێشە و گرفتی گەلەکانیان بوون و بوونە پێشەنگ بۆ قوربانیدان و خۆنەویستی لەرێگەی وتار و نوسین و ھونەرەکەیانەوە، بوونە داینەمۆی بزواندن وھۆشیارکردنەوەی جەماوەر، بۆ ئەوەی ستەمکاری و گەندەڵی وعەسکەرتاری قبوڵ نەکەن.

بەڵام لەگەڵ گەشەکردنی رەوڕەوەی پێشکەوتنەکان وھەنگاو ھەڵگرتنی گەلە پێشکەوتووەکانی جیھان و پێشکەوتن لەبواری تەکنەلۆژیا و ئەوەی ئێستا پێی دەوترێت شۆڕشی زانیاری، زۆر لەشتەکان و دیاردەکان گۆڕانیان بەسەردا ھاتووە و شێواز و فۆرمی تازەیان وەرگرتووە، بەتایبەتیش لەدوای سەرھەڵدانی دیاردەی بەجیھانی بوون لەبواری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە، ھەموو گەلانی جیھان لەیەکتر نزیکبوونەوتەوە و جیھان لەئێستادا وەک گوندێکی لێھاتووە، لەبەرئەوە دەبینین بەھۆی لێکنزیکبوونەوەی کەلتورەکان و تێکەڵ بوونیان بە یەکتر و سەرھەڵدانی کە لتورێکی نوێ کە بە کەلتوری جیھانی ناسراوە، لەناو ئەم کەلتورە نوێیەشدا پێگە و شوێن و کاریگەریی زۆر لەشتە رەمزیەکان گۆڕاون، لەوانەش  رۆشنبیر، مرۆڤی ئێستا ئەو مرۆڤە نیە کە لە چاخەکانی رابردوودا ژیاوە، بەڵکو خەون و خولیاو ئامانجی مرۆڤ، بەتایبەتی نەوە نوێیەکەی، گۆڕاوە و واقیعی تێپەڕاندووە و زۆر جاریش لە خەیاڵدا دەژی، بەمەش واقیعە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکەی خۆی تێپەڕ دەکات و دەیەوێت لێی داببڕێت، ھەر لە بەر ئەوەیە ئەگەر ئێستا راپرسییەک ئەنجام بدەیت لە ناو گەنجاندا ئایا دەتەوێت لە نیشتمانی خۆتدا بژیت یان وڵات بەجێبھێڵیت و کۆچ بکەیت بۆ ھەندەران؟ ، زۆرینەیان بە بەڵێ وەڵام دەدەنەوە، ھەر لە بەر ئەوەیە ئەگەر کۆچیش نەکات بە خەیاڵ ھەر لەگەڵ ئەواندا دەژی، بەردەوام بە شوێن ژیانێکەوەیە کە گەنجی رۆژئاوایی تیایدا دەژی و ستایلی جل و بەرگ و حەز و ئارەزوو و خواردن و ھەموو شتەکان وەک ئەوان لێ دەکات، بە تایبەتی لەکچاندا ھەوڵ دەدەن تەنانەت رەنگی چاو و قژیشیان لەوان بچێت، وەک (فرانس فانۆن) دەڵێت، بەردەوام قژ ڕەش و چاو رەشەکان خۆیان بەکەم دەزانن لە بەردەم قژزەردو چاو شینەکاندا، لەبەرئەوە بەردەوام ھەوڵدەدەن وەک ئەوان خۆیان دەربخەن، فۆکۆیاما لە کتێبی (کۆتایی مێژوودا) ئەم مرۆڤە نوێیە بە کائینێکی بەکاربەر ناو دەبات، کە ئامادەیی نیە قوربانی بۆشتە رەمزییەکانی وەک ئایین و نەتەوە و نیشتمان بدات، بەڵکو مرۆڤێکی پراگماتیزمییە و بەشوێن خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەگەڕێت، رۆشنبیریش وەک ھاووڵاتیەک کە لە دنیای بەجیھانیبووندایە ، دابڕاو نیە لەم دۆخە نوێیە و کاریگەرییەکانی، بەڵکو بەھۆی نزیکی لە روداوەکان و تێکەڵبوونی لەگەڵ گۆرانکارییە نوێیەکان لە بواری فیکر و سیاسەتدا، زۆرتر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی و لەگەڵ دۆخە نوێیەکەدا خۆی دەگونجێنێت.

ئەم مرۆڤە نوێیە لەلای زانایانی (ئەنسرۆپۆلۆجی)پێی دەوترێت مرۆڤی (سبرنیتیکی) واتە مرۆڤێک کە زیاتر پابەندە بە فەزاوە وەک ئەوەی نزیک بێت لە زەوییەوە، ئەویش بەھۆی گەشەکردنی تۆڕەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت و کەناڵە فەزاییەکان و بێ سیم و شتەکانی تر، ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە ھایدگەر باسی دەکات و بە قۆناغی کۆتایی فەلسەفە ناوی دەبات، لە لای ھەندێک لە ڕوناکبیرانی تر بە قۆناغی پۆست ئایدیۆلۆژیا باس دەکرێت، لێرەوە چەمکی رۆشنبیریش گۆرانی بەسەردا دێت و دەچێتە قۆناغێکی ترەوە و بە ستایلێکی ترو ئایدیایەکی ترەوە دێتەوە ناو کۆمەڵگا، رۆشنبیریش وەک ھەر ھاووڵاتییەکی تر دابڕاو نیە لەوەی کە ئەویش ببێتە مرۆڤێکی بەکاربەر و بازاڕی، چونکە بە کاڵابوون و بە بازاریبوونی شتەکان سیمای نوێی بەجیھانیبوونە کە لیبڕالیزمە نوێیەکان رابەرایەتی دەکەن و لەم رێگەیەوە دەیانەوێت رۆشنبیریش بکەنە کەسێک کە تەنزیر بۆ ویست و بۆچوون و پلانەکانیان بکات، واتە رۆشنبیریش بۆچوونەکەی (کانت)ی تێپەراندوە کە دەیوت من بیر دەکەمەوە کەواتە من ھەم، بەڵکو لە ئێستادا دەڵێت (من بەکاربەرم، کەواتە من ھەم)، واتە ئەم جیھانە نوێیە جیاوازە لەوەی پێشتر کەھەبوو، کە پشت ئەستور بوو بە کتێب و مەعریفە و رۆمان و سەرکردە کاریزمییەکان، واتە وەک (ئەدگان موران ) دەڵێت، کۆمەڵگەی ھەرزەکانە) ، واتە دەگەڕێت بەشوێن قازانجی خێرا و حەزی تایبەت و دەستکەوتی خێرا، حەز بە ووتاری درێژ و رۆمانی گەورە و کتێبی مەعریفی ناکات، بەڵکو جەماوەری یوتوب و کۆمێنتی بچوک و وێنەکان ئینیستاگرام و شتە کورتەکانی ترە، لە گۆڕانکارییە سیاسیەکانیشدا رۆشنبیر رۆڵێکی ئەوتۆیان نەماوە، بەڵکو تۆڕەکانی ئینتەرنێت جێگەی شۆرش و کاریزما و رۆشنبیر و تەنانەت حزب و رێکخراوەکانیشیان گرتووەتەوە، ئەوەی بووە مایەی دروستکردنی بەھاری عەرەبی خۆسووتاندندنی عەرەبانەچیەک بوو بەناوی محەمەد بوعەزیزی نەک رۆشنبیران یان سیاسییەکان، لە خۆپیشاندانی یەلەگ زەردەکانی فەرەنساش شۆفێری بارھەڵگرەکان ئەو راپەرینە گەورەیان دروستکرد، نەک رۆشنبیرانی فەرەنسا، لە کۆمەڵگە نادیموکراتییەکاندا رۆشنبیر زۆرتر دەکەونە ژێر فشار و داوای بێدەنگ بوونیان لێ دەکرێت، چونکە لەژێر سایەی ئەم جۆرە رژێمانەدا، رەخنە و ئۆپۆزسیۆن و نارەزایی رێگە پێدراو نیە و ھەرکەسێک ئەم کارە بکات لە خانەی دوژمندا ھەژمار دەکرێت، کۆمەڵگەی کوردیش وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی جیھانی، دابڕاو نیە لە ئەو گۆرانکارییانە و گۆڕانی بەشێکی زۆر لە نوسەر و رۆشنبیر و میدیاکارەکانی بۆ کەسێکی بەکاربەرو مرۆڤێکی پراگماتیزمی نمونەیەکی بەرچاوە، لە ساڵانی پێشوودا دەمانبینی کۆمەلێک لە نوسەر و رۆشنبیر بە عەقلێکی رەخنەگرانەوە کاریان دەکردوو لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکاندا بوون و دروشمی دژ بە گەندڵییان بەرزکردبووەوە، بەڵام زۆرێک لەمانەش ھەر ئەوەندەی لە دامەزراوەیەکدا کارێکیان دەستکەوت یان پۆستێکی حکومییان وەرگرت یان چوونە دەزگایەکی سەربە پارتەکانی دەسەڵات، بێدەنگ بوون و وەک کەڕەی شەربەتیان لێھات، واتە ئەمانیش چوونەوە کایە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەرەی ئامانجە گەورەکانی رۆشنبیرانیان بەجێھێشت کە خەباتە بۆ دیموکراسی و کرانەوە و گەشەپێدان و پارستنی مافەکان و جێبەجێکردنی مافەکانی ھاوڵاتی.