سەردێڕ:

بەلاڕێدا بردنی داوا ڕەواکانی هاوڵاتییان، مەلا مەزهەر و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان

1/27/2020 7:55:39 PM
6885 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەوەی ئێستا میدیا و سۆشیال میدیای کوردی بە شێوەیەکی گشتی پێوەی سەرقاڵە گواستنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان مەلا مەزهەر و بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵی مەدەنییە بۆ خەڵک، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئەم ململانێیانە ببێتە کێشەو گفتوگۆ و دیبەتی هاوڵاتییان لەنێو خۆیان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو کێشەیەی ئەوان ئیشی لەسەر دەکەن لە ئێستادا نە کێشەیەکی جەوهەری کۆمەڵگەی کوردییە، نە بابەتێکی ئەوەندە گرنگە کە مەترسی لەسەر ئایندەی کۆمەڵگە دروستبکات، لەڕووی ئایینیشەوە بە درێژای مێژوی مسوڵمانان ئەمە بابەتێکی خیلافی بووە، هەریەک لە زانایان و شەرع ناسان بە شێوازی جیاجیا قسەیان لەسەرکردووە.

ئێمە لێرەدا دەبێت بپرسین ئایا بۆچی لەم کاتەدا ئەم کێشەیە گەورە دەکرێت و دادگا بەوشێوەیە ئامادەی بەشدار بونی دۆسیەکەیە؟

ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستای کوردستان بکەین لەدوای پڕۆژە چاکسازییەکەی هێزە دەسەڵاتدارەکان و حکومەت و بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتاران، بوونە شوێنی گومانی زۆرینەی هاوڵاتییان و ناتوانن وەڵامی دەیان پرسیار و ڕەخنە بدەنەوە کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە، لەبەر ئەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەو لەبیرچونەوەی ئەو دۆسیەیە، دەسەڵات زیرەکانە دێت و قەیرانێک دروستدەکات، هەتا بتوانێت بیر و تێروانینی خەڵک لەسەر کێشە جەوهەریەکان بگۆڕێت و بەرەو ئاڕاستەیەکی تری بەرێت کە خۆیان ئەیانەوێت.

کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین دروستکردنی ئەم کێشە و ململانێیانە بە نەخشەو پلانی دەسەڵات خۆیەتی هەتا کۆمەڵگە بە شتێکەوە سەرقاڵ بکات کە دورە لە پرسیار و ڕەخنەو بەدواداچوون لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی نەوت و نەبوونی خزمەتگوزاری و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و گەشەپێدانی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی، لەبەر ئەوە هەردو لایەنەکە کە لە ئێستادا کەوتونەتە ململانێ و سەرقاڵ کردنی دادگا و میدیا بە خۆیانەوە هەردووکیان نزیکن لە دەسەڵات و بە ویستی ئەوان دەجوڵێنرێن.

چونکە مامۆستایانی ئاینی لە ئێستادا دەبوایە لە جیاتی سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە مسوڵمانەکە بەو کێشە لاوەکیانە بهاتنایە قسەیان لەسەر کۆمەڵێک بابەت بکردایە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە جەوهەری دین و مەقاسیدەکانی شەریعەتەوە هەیە وەک عەدالەت و ئازادی و پاراستنی مافەکانی ئازادی و ڕاستگۆیی و حکومەتی چاک، نەک سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە بە کێشەیەکی لاوەکی وەک فرە ژنی و شتیتر.

چونکە ئەگەر ئەوان بە ڕاستیش لە ڕووی شەرعەوە بیانەوێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، دەبوایە هەوڵی دروستکردنی حکومەتێکی چاک بدەن کە لەسەر بنەمای شەفافیەت و عەدالەت دامەزرابێت، بەمەش هەلی کار بۆ گەنجان دروستدەبێت و دەتوانێت هاوسەرگیری بکەن و ژیانێکی خۆشیان بۆ فەراهەم بکرێت و لەم ڕێگەیەشەوە کچان و کوڕان هاوسەرگیری دەکەن و شتێکیش نامێنێت بە ناوی قەیرەیی و ڕاگرتنی هاوسەرگیری.

لە لایەکی تریشەوە ئایا لە کۆمەڵگەیەکی پڕ قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی وەک کوردستان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هیچ کارێک و پلانێکیان نییە تەنها ئەوە نەبێت کە هەوڵی دەستگیرکردنی مامۆستایەکی ئاینی بدەن و بچێتە زیندانەوە لەسەر ئەوەی باسی فرە ژنی کردووە یان سوکایەتی بە ئافرەت کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، زیاتر لە ٢٨ ساڵە سوکایەتی بە تاکی کورد دەکرێت بە هەموو چین و توێژەکانییەوە، گەنجان بێکار دەکرێن ژنان بێ ئەرزش دەکرێن و مناڵان بێ ماف بوون و پیرەکان و خانەنشینان توشی سوکایەتی و بێڕێزی دەکرێن.

ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەم هەڵوێستەیان وێنەیەکی شێواو و ناشرینیان بۆخۆیان دروستکرد، چونکە ئەوان دەبوایە بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی مرۆڤ بونایە و ڕابەرایەتی خەڵکیان بکردایە بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە ئێستاو چەسپاندنی دادگەری کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ، نەک سەرقاڵی ئەو کارە لاوەکیانە بن کە ئێستا دەیکەن.