سەردێڕ:

ئەخلاقی پەڕلەمانتار

1/16/2020 10:15:30 PM
7165 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

شاسوار عەبولواحید وەک سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کەباس لە ئەخلاقی پەڕلەمانتار دەکات بابەتێکی زۆر گرنگی وروژاند چونکە ئەم بابەتە بەدرێژایی خولەکانی پەڕلەمانی کوردستان بابەتێکی جەوهەری بووە و هەر ئەم هۆکارەش بووە، کە پەڕلەمانتار نەیتوانیوە ڕۆڵی کارای هەبێت و ببێتە جێگەی هیوای خەڵک.

پەڕلەمان کە بنەمایەکی گرنگی سیستمی دیموکراسییە، لە ڕێگەی پەڕلەمانتارەکانیەوە دەبێت سێ ڕۆڵی سەرەکی ببینێت، کە ئەوانیش نوێنەرایەتی و یاسادانان و چاودێرییە، پەڕلەمانتار بەدەنگی خەڵک دەچێتە پەڕلەمان و ئەو پۆستە وەردەگرێت، هەر یەکەیان دەبێت نوێنەرایەتی ئەو هاوڵاتیانە بکات کە دەنگیان پێداوە، ئەویش دەبێت خاوەنی ئەخلاقێکی سیاسی گەورەبێت و خاوەن کەسایەتییەکی بەرزبێت و خۆی بە بەرپرس بزانێت بەرامبەر بە دەنگدەرانی، هەروەها لە ئاست چاوەڕوانییەکانی ئەواندابێت.

دەبێت ئاگای لەو سوێندە بێت کە خواردویەتی لە بەرامبەر خودا و گەل و نیشتیمان، بەتایبەتی لە ئەم دۆخە ناهەموارەی گەلی کوردوستان تیایدا دەژی، کە بەهۆی  حکومەتە گەندەڵە یەک بەدوا یەکەکان توشی بووە، سەدان هەزار گەنج بێکارن، دامەزراوە گەورەکانی پەروەردە و تەندروستی لەو پەڕی خراپیدان، سامانی نیشتمانی وەک نەوت کەس هیچی لێ نازانێت، لەم دۆخە ناهەموارەدا کە تەنها هیوای گەل پەڕلەمان و ئەندامەکانیەتی.

بەڵام سەد مەخابن بەپلانێک زۆرینەی ئەوانیشیان کرد بە بەشێک لە تۆڕی گەندەڵی حکومەت و بە دەنگدانیان لەسەر یاسای خانەنشینی پلەباڵاکان و پاڕلەمانتار بە موچەی زۆر، کە چەندان قاتی فەرمانبەرێکی ئاساییە خۆیان و پەڕلەمان و حکومەتیان خستە یەک ئاست، بەمەش زۆرینەی گەلیان خستە ئاستێک و خۆشیان خستە بەرەی گەندەڵکاران.

لە ئێستادا تاکە هیوای گەل ئەو پەڕلەمانتارانە بوون کە هۆڵی پەڕلەمانیان جێهێشت و دەنگیان بەو پڕۆژە یاسایە نەدا، چونکە لەڕاستیدا ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەی سوککردنی پەڕلەمان و ئەندام پەڕلەمان بوو لەبەر چاوی خەڵک، کە ئەمەش ئامانجی گەورەی دوو پارتە دەسەڵاتدارەکە بوو، کە دواجار توانیان لە ڕێگەی ئەو پەڕلەمانتارانەوە ئەنجامی بدەن کە دەنگیان بە پڕۆژەکە دا.

بەڵام لە ئێستادا تاکە هیوای گەل ئەو پەڕلەمانتارانەبوون کە لە پێناو بەرژەوەنی گەل و فەرمانبەرانی ئاسایی ئامادەی قوربانیدان بوون بە بەرژەوەدیکانی خۆیان، لە هەمان کاتدا سەلماندیان شەقام و دەنگدەرانیان لەبیرنەکردوە و لەسەر بەڵێنی خۆیانن.