سەردێڕ:

شکاندنی بێدەنگی وسەرەتای گۆڕانکاری

10/29/2019 2:17:51 PM
4026 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

 ڕۆژ بەڕۆژ خۆپیشاندانەکانی گەلی عێراق بەھەموو چین وتوێژەکانیەوە گەرمتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کەدەسەڵات بەھێز وچەک وبەکارھێنانی دەزگا ئەمنیەکان ڕووبەرویان دەبنەوەو ڕۆژ بەڕۆژیش ژمارەی کوژراو وبریندارەکان زۆردەبن، بەڵام لەلایەکی ترەوە عادل عەبدولمەھدی بەڵێنی زیادکردنی ھەلی کارو بڕینەوەی موچە بۆکەم دەرامەتەکان  ودادگایی کردنی گەندەڵکاران دەدات، بەڵام ترس وبەڵێنەکان ساردیان ناکاتەوەو لەئێستاشدا قوتابیان لەھەموو ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆ وئامادەیی و بنەڕەتی  چونەتەپاڵ خۆپیشاندەران وبەمەش ڕەوشەکە زیاتر بەرەوئاڵۆزی دەروات، فشاری زیاتر لەسەر حکومەت وپارتە سیاسیەکان دەکات کەگوێ بۆداواکاریەکانی خەڵک بگرن، ھاوڵاتیانی عێراق لەباکورەوە ھەتا ناوەڕاست وباشور ھەموو زانیاریەکیان لایە ڕاستیەکان باش دەزانن، سۆشیال میدیاو ڕاگەیاندن بەبیستراو و نوسراویەوە بەدرێژایی حەڤدە ساڵی ڕابردوو باس لەگەندەڵی ودزینی سەروەت وسامانی گشتی وپێشێلکردنی یاساو سوکایەتیکردن بەھەست وناخ ودەنگی خەڵک دەکەن.

١٧ ساڵە پارتەسیاسیەکان وبەرپرسە سیاسیەکان بەبەرچاوی خەڵکەوە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلاریان بەھەدەرداوە عێراقیان کردۆتە یەکێک لەگەندەڵترین وڵاتەکانی جیھان وگەلەکەیان توشی ئەوپەڕی ھەژاری وڕسوایی کردووە وسەرەڕای ئەوەش سەرقاڵیان کردووە بەشەری مەزھەبی تائیفی و میلیشیایان دروستکردووە بۆ پاراستنی گەندەڵکاران و ڕشتنی خوێنی کەسانی مەدەنی بەتایبەت لەوکاتانەدا کەدێنە سەرشەقام، ھیچ مانایەکیان بۆسیادەی نیشتیمانی نەھێشتۆتەوە و عێراقیان کردووە بەشوێنی تەراتێنی دەزگا سیخوڕیەکان و ھێزی وڵاتانی دەرەوە، لەم کاتەدا نوخبەی حوکمڕان نە لەکۆمکاری عەرەبی نە ئەنجومەنی ھاریکاری ولاتانی ئیسلامی نەلە نەتوە یەکگرتووەکان کارەکانی سەنگێکی ئەوتۆی نیە .

لەبەرئەوە ئەم نوخبە حوکمڕانە ھەتا لەحوکمدا بمێنێتەوە وڵات زیاتر بەرەووێرانی و گەندەڵی ودواکەوتوویی و دەبەن، ئەم خۆپیشاندانانە دەنگی دلێری ئەو گەلەیە کەدەیەوێت ئەونوخبە حوکمڕانە بکاتە دەرەوە، ھەر لبەر ئەوەشە بنکەو بارەگاکانی حکومەت وپارتە سیاسیەکان بەیەکەوە دەسوتێن، بەتایبەتیس لەناوەندو باشورکەزۆرینەی جەماوەری شیعەیەو بنکەی پارتەکانیش ھەموویان سەر بەئەوانن ولەم ھێرشانەشدا بەرپرس وئەندام پارلەمان نادیدە ناگرن وماڵەکانی ئەوانیش دەسوتێنن، ئەمەی ڕودەدات چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ناکرێت ھەتا سەر ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە بەوشێوەیە مامەڵە بکەن وئوڕێک بەلای ئەو گەلەدا نەکەنەوە کەھەرچوار ساڵ جارێک دەنگیان پێ دەداو دەیانخاتەوە سەرکورسی دەسەڵات.