سەردێڕ:

گەندەڵی وەک دێوەزمەیەک لە بەردەم کابینەی نوێی حکومەتدا

8/18/2019 2:59:44 PM
1833 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

لە ئێستادا بەپێی رای زۆرینەی سیاسییەکان و ئەکادیمیەکان و نوسەر و رۆژنامەنووسان گرنگترین مەترسییەک کە ھەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و بواری گەشەپێدانی ھەمەلایەنە دەکات لە ھەرێمی کوردستان بریتیە لە پرسی گەندەڵی، چونکە لە ئێستادا ئەمە بووەتە ھۆی پەکخستنی زۆرینەی چالاکییەکان لە بواری خزمەتگوزاری و بەمەش ئەرکی سەرشانی ھاوڵاتی چەند ھێندە بووەتەوە و لەھەمانکاتدا ھۆکارێکە بۆ قوربانی زیاتر بەتایبەتی بەھۆی گەندەڵی لە بواری کەرتی تەندروستی و رێگاوبان و وەزارەتی بازرگانی بەھۆی ھێنانی خۆراک و دەرمانی بەسەرچوو، کە ھەڕەشە لەسەر بوارێکی گشتی ژیانی کۆمەڵگە دروستدەکات، ھەروەھا لە کەرتەکانی پەروەردەدا کە ئاستی گەشەی زانستی و پەروەردەی تاکەکان دەخاتە ژێر پرسیار، ئەمە سەرەڕای بواری ھێزی پێشمەرگە و ناوخۆ کە بەھۆی یەک نەبوونیان و دەرنەکەوتنیان وەک ھێزێکی نیشتمانی بەردەوام خەڵک مەترسی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی دەکاتەوە.

یەکێک لە خراپترین شوێنکارەکانی گەندەڵی کە بە درێژایی ٢٨ ساڵی رابردوو درێژەی ھەبووە و ئێستاش لە مەترسیدارترین قۆناغیایەتی، بریتییە لە گەورەبوونی بۆشایی لە نێوان دەسەڵات بەھەموو جۆرەکانییەوە لەگەڵ ھاوڵاتییدا، تەنانەت ئەمە وایکردووە خەڵک بەشێوەیەکی گشتی دابڕانێک لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنیش دروست کات، ئەمە نەک تەنھا پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی سەربە دەسەڵاتی گرتووەتەوە، تەنانەت لە ئێستادا پارتە ئۆپۆزسیۆن و رێکخراوەکانیشی گرتووەتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی کە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بەگشتی لە دوایەمین ھەڵبژاردنی پەرلەماندا کەمترین دەنگیان ھێنا و لە ئێستاشدا جوڵاندنی شەقامیان لەدەستداوە بۆ ھەر ئامانجێک بێت.

ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا زۆرینەیان بێ ھیوان، کەمترین بڕوایان بە ھەڵبژاردن و کاری سیاسی و حیزبایەتی ھەیە، زۆرینەیان لەو بڕوایەدا نین کە بەم ئالیەتە سیاسیەی کە ئێستا لە ھەرێمی کوردستاندا پەیڕەودەکرێت کوردستان بەرە و گەشە و نوێبوونەوە و چاکسازی ھەنگاو بنێت و لە ئەم دۆخە پڕ قەیراناوییەی ئێستا رزگار بکرێت، چونکە ھەموو ئەو پرۆژە و پێشنیار و رەخنانەی کە ھەتا ئێستا خراونەتەڕوو تەنھا لە بوارێکی تیۆریدا ماونەوە و نەتوانراوە لە بواری پراکتیکیدا جێبەجێ بکرێت. بەڵام لێرەدا پرسیارە جەوھەرییەکە ئەوەیە ئایا کابینەی نوێ دەتوانێت خۆی لە قەرەی بابەتێکی وەک گەندەڵی بدات و توانای چارەسەرکردنی ھەبێت؟ لەکاتێکدا کە سەرۆک وەزیرانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم کارنامەکەی خوێندەوە، لەلایەک دانی بەوەدانا کە گەندەڵییەکی زۆر لەنێو حکومەتدا ھەیە، بەڵام ئەوەشی راگەیاند کە کاری سەرەکی ئەوان بریتی دەبێت لە چاکسازی و دەستکردن بە رووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، بەڵام ئایا ئەم حکومەتە بەم ستافەوە کە ھەیە توانای ئەوەی ھەیە کە رووبەڕووی ئەو لەشکرە زەبەلاحەی گەندەڵکاران ببێتەوە و نەبنە لەمپەڕ لەبەردەمیدا و بە چارەنووسی ھەشت کابینەی پێشووی نەبەن.

راستە کارنامەی سەرۆکی حکومەت بریتییە لە ھێڵە گشتیەکانی پلانی ستراتیجی بۆ کارکردن لەسەری لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوو، واتە دەتوانرێت ئەمە وەک پلانی درێژخایەن سەیر بکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی کە پێویستە لە ھەنگاوی دووەمدا بینێت، بریتیە لە دانانی پلانێکی قۆناغبەندی کە تیایدا بە وردی ھەر وەزیرێک کار لەسەر دەستنیشانکردنی گەندەڵییەکان لە وەزارەتەکەیدا بکات و ھەریەکەشیان رێگەچارەی بۆ دابنرێت و لە سەقفێکی زەمەنی دیاریکراودا ھەوڵی چارەسەرکردنیان بۆ بدرێت، واتە ئەمە نابێت تەنھا لە سنوری تیۆریدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت بچێتە بواری پراکتیکی، دەبێت سەرۆکی حکومەت خۆیشی پلانێکی ھەبێت بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ھەندێک بواری گشتیەوە ھەیە و بووەتە ھۆی ئەوەی پەل و پۆی حکومەت بشکێنێت و تووشی شەلەلی بکات، دەبێت سەرۆکی حکومەت لە ئێستادا ئەو راستیە بزانێت کە حکومەت تەنھا ئەرک و بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ھاوڵاتییان بووەتە پێدانی مووچە و بە درێژایی رۆژانی مانگ سەرقاڵی ئەم بوارەیە، ئەو بودجەیەش بەشێوەی سەرەکی پشت بەو پارەیە دەبەستێت کە لە بەغداوە دێت و ئەگەر گرفتێک بۆ ئەمە دروست ببێت ناتوانێت ئەوەش بدات، کەواتە دەتوانین بپرسین ئایا ئەمە رۆڵ و بەرپرسیارێتی حکومەتە بەرامبەر بە ھاوڵاتییان و نیشتمان و ژینگە و بوارەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری؟

ئەرکی گەورەی سەرۆکی حکومەت ئەوەیە حکومەت بخاتەوە سەر رێرەو و رێچکەی خۆی، کە ئایا بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ھاوڵاتییان چییە و دەبێت چییان بۆ بکات بەتایبەتی لە مافە سەرەتاییەکانی وەک جێگەی نیشتەجێبوون و خۆراک و تەندروستی و پەروەردە و ئارامی و ئاسایش، ئەگەر حکومەت توانی چەند بوارێکی مەترسیداری گەندەڵی دیاری بکات و ھەنگاو بۆ چارەسەریان بنێت بەتایبەتی لە بواری شەفافیەتی نەوت و گاز و دەرامەتی ناوخۆ بەگشتی، ھەروەھا لە رێگەی وەزارەتی پلاندانانەوە کار لەسەر دیاریکردنی بڕی پێویستی کارمەندانی حکومەت بکات و کۆتایی بە مۆتەکەی بندیوارەکان بھێنێت و گەشە بە کەرتی تایبەت بدات و لە ئەم رێگەیەشەوە چارەسەری قەیرانی لەشکرێک لە گەنجی بێکار بھێنێت کە لە ئێستادا بچوکترین مافی سەرەتاییان نیە بۆ ژیان.

بۆ ئەم مەبەستە دەبێت سەرۆکی حکومەت ستافێک دەستنیشان بکات کە وەگ گروپێک کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە، ئەوەش کە پێویستە لەو گروپەدا ھەبێت دەبێت کەسانی دەست پاک و پسپۆڕبن، لە ھەمانکاتدا بە دوور لە عەقڵیەتی حیزبی کار بکەن و دەبێت خەمێکی نیشتمانی گەورەیان ھەبێت، بە بڕوای من گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستاندا لە بنەڕەتدا کێشەیەکی سیاسیە، ھەر ئەمەشە کە بووەتە ھۆی رێگرتن لە ئەنجامدانی چاکسازی، لەبەرئەوە پێش ھەموو شتێک دەبێت سەرەتا سیستمێکی سیاسی لەسەر بنەمایەکی پێشکەوتووی دیموکراسی بنیات بنرێت، چونکە ئەگەر ھەموان بڕوایان بە دیموکراسی ھەبێت و خەباتی بۆ بکەن ئەوکاتە گەندەڵیش چارەسەر دەبێت و پرۆژەکانی چاکسازیش دەگەنە ئامانجەکانی خۆیان.