سەردێڕ:

ھەدەپە لە دوای ھەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ

7/15/2019 12:39:52 PM
3625 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا وتەیەکی بۆ ھەڵبژاردنەکانی تورکیا ھەبوو کە دەیوت: (ھەرکەسێک ئەستەنبوڵ بەرێتەوە تورکیای بردووەتەوە)، بەڵام بە سەرنجدان لە ھەڵبژاردنە جۆربەجۆرەکانی تورکیا لە پەرلەمان و سەرۆکایەتی و شارەوانی کە دوایەمینیان ھەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ بوو دەگەینە راستیەک ئەویش ئەوەیە (ھەرکەسێک بتوانێت دەنگی کورد بباێتەوە ئەوا تورکیا دەباتەوە).

لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوودا، لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە ھەموو باڵە جیاوازەکان لە چەپ و راست و ئیسلامی، پەرتەوازەبوون و نەیاندەتوانی لەسەر بەربژێرێک کۆکبن، بەم ھۆیەوە نەیاندەتوانی سەرکەوتن بەدەستبھێنن، بەڵام بەھۆی ئەوەی لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانداھەتا ئاستێک توانییان ئەو بەربەستە تیبپەڕێنن توانییان لە پێنج شاری گەورەدا شکست بە پارتەکەی ئەردۆغان بدەن و سەرکەوتن بەدەستبھێنن.

ئەگەر سەرنج لە رێژەی دەنگەکانی ھەریەک لەو پارتانە بدەین لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا، رێژەی دەنگەکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بەتایبەتی جەھەپە و ئی پارتی گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نەھاتووە و ھاوشێوەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوو رێژەیەکی دیاریکراویان ھەیە و نەیانتوانیوە کاریگەریەکی ئەوتۆ لەسەر دەنگدەری تورک دروست بکەن بۆ سەرکەوتن، چونکە ئۆپۆزسیۆنی تورکی لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆر لە دەسەڵات دوورکەوتووەتەوە و لەروی کاری حزبیشەوە نەیانتوانیوە ریفۆرمی گەورە لە پارتەکانیاندا بکەن و خۆیان نوێبکەنەوە، لەبەرئەوە ئاستی گەشە و ھاتنە پێشەوەیان بەوجۆرە نیە کە بتوانن شکست بە پارتی دەسەڵاتدار بھێنن.

ئەگەر سەرنج لە را و بۆچوونی دەنگدەری ھاوڵاتیی تورک بدەین ئەوەی بەلایەوە گرنگە باری ئابوری و ھەلی کار و گەڕان بەشوێن ژیانێکی باشدایە، بەڵام ئەو لەرووی سیادەی دەوڵەت و شوناس و تورک بوونەوە گرفتێکی ئەوتۆی نیە، تەنھا لەم دواییەدا نەبێت کە ئەوانیش لاوازبوونی دیموکراسی و بەرتەسککردنەوەی ئازادیە مەدەنییەکان و گەڕانەوەی تاکڕەوی بووەتە جێگەی پرسیار بۆیان و دەیانەوێت رێگە بەم ئاڕاستە نوێیە بگرن، بەڵام بەلای دەنگدەری کوردەوە کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە، راستە بارودۆخی ئابوری و گوزەران کاریگەرە، بەڵام ھەڕەشە لەسەر شوناسی کوردبوون و پرسیار لە مافی چارەی خۆنوسین و بوونی ھاوڵاتییەکی رێزلێگیراوی کوردی لە دەستوردا بە تەواوی مافە سیاسی و مەدەنیەکان، لە ھەر ھەڵبژاردنێکدا خەمی یەکەمیەتی.

سەرەڕای ئەوەی کە پێموایە ئەردۆغان و پارتەکەی ئەو راستەیەیان دەزانی کە دەنگی کورد یەکلاکەرەوەیە، بەڵام لە قۆناغی پێش ئەم ھەڵبژاردنەدا بە ھاوپەیمانێتی لەگەڵ مەھەپە چووەوە بەرەی تورکە فاشیستەکان و لە زۆربەی ئەو ھەنگاوانەش پاشەکشەی کرد کە بەرامبەر بە کورد و دابینکردنی مافە سیاسی و کەلتوریەکانی ئابوری ھەیبوو، لە ئێستاشدا بە سیاسەتەکانی لە ئاست کوردانی رۆژئاوا و ھێرشی بەردەوام بۆسەر ھاوڵاتییانی مەدەنی و گوندنشینی سنوریەکان و ئۆپراسیۆنە بەردەوامەکانی لە عەفرین و ناوچەکانی تر، زیاتر کەوتە دژایەتی کورد و داوا رەواکانی، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەستەنبوڵ بە تەواوی پەیامی کوردی گەیاندە ئەکەپە کە ئەگەر لەسەر ئەو سیاسەتانە بەردەوام بێت و بە ستراتیجیەتێکی نوێوە مامەڵە لەگەڵ کورددا نەکات، ئەوا لە ئێستاوە گۆڕی خۆی بۆ ھەڵبژاردنی ٢٠٢٣ ھەڵدەکەنێ.

بەڵام لەلایەکی تریشەوە دەبێت ھەدەپە ئاگاداری ئەوە بێت کە پشتیوانی کردنی لە جەھەپە نابێت وەک دیدێکی نەگۆڕ و چەسپاوی ستراتیجی بێت و وابزانێت ئەگەر دەسەڵاتەکەی ئەکەپە کۆتایی پێبێت لە ئایندەدا دەسەڵاتێکی باشتر و چاکتر دێتە ئاراو زیاتر تیایدا مافەکانی کورد دەچەسپێت، چونکە جەھەپە ھەتا ئێستاش بەشێوەیەکی فەرمی ئامادەنەبووە دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت و شتێک بڵێت کە پێچەوانەی ئەو بەندانەیە کە لە دەستوری کەمالی ساڵی ١٩٢٣دا دژ بە کورد ھاتووە، کە بە تورکی کێوی ناویان دەبات و دان بە ھیچ جۆرە نەتەوە و رەگەزێکی تری غەیرە تورکدا نانێت.

لە لایەکی تریش نابێت سەرکوتکردنی راپەڕینەکانی شێخ سەعیدی پیران و ئاگری داخ بە ڕابەرایەتی ئیحسان نوری پاشا لە ساڵی ١٩٣٠ و سەرکوتکردنی راپەڕینی کوردە عەلەوییەکانی دەرسیم لە ساڵی ١٩٣٧ کە تیایدا ١٣٠٠٠ ھاوڵاتی کورد شەھید بوون و سەبیحە کوکتشن کچەکەی کەمال ئەتاتورک وەک فرۆکەوان خۆی بەشداری ھێرشە ئاسمانییەکانی کردووە، لە لایەکی تریشەوە (جەواھیر لالە نەھرۆ) لە یاداشتەکانیدا دەڵێت، ئەوەی لە بەرپرسانی ئەنقەرە بیستومە کەمالییەکان زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ھاوڵاتی کوردیان کوشتووە، کەواتە ئەمە مێژووی جەھەپەیە لە رابردوودا و نابێت ئەمە نادیدە بگیرێت.

لە یەکەمین کاریدا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ کە ئێستا سەرۆک شارەوانی جەھەپەیە لە ئیستەنبوڵ، جارێکی تر وێنەی کەمال ئەتاتورکی لە پشتی خۆیەوە دانایەوە و جێگری سەرۆکی جەھەپەش پشتیوانی خۆی بۆ لێدان لە پارتی کرێکاران راگەیاند و سەرۆکی جەھەپەش لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا وتی "من نازانم بۆچی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زینداندایە" لەبەرئەوە ھەدەپە دەتوانێت ئەم ھەڵوێستەی تاکتیکی و قۆناغبەندی بێت و دواجار بۆ خستنەژێر فشاری ئەکەپە لە دانوستانێکی ئامانجداردا بەکاری بھێنێت، نەک جارێکیتر پشتیوانی لە زیندووکردنەوەی کەمالییەکان بکات و بیانگەرێنێتەوە بۆ دەسەڵات.

بۆ ئەم مەبەستە دەتوانرێت ھەدەپە و پەکەکە بگەنە لێکتێگەیشتنی تەواو و ھەردووکیان بە یەک ئاراستە ھەنگا و ھەڵبگرن، ئەو پەیامەی ئێستای موراد قەرەیلان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تورکیای کردوە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و ئامادە بوونیان کە ئۆجالان نوێنەر و رێبەری پارتی کرێکاران بێت، بریارێکی دروستە بە ئاراستەیەکی باش، چونکە لە لایەک ئێستا دەسەڵاتدارانی تورکیا سەنگی بزاڤی سیاسی کورد دەزانن، لە لایەکی تریشەوە ئەردۆغان و پارتەکەی کەوتوونە تەنگژەیەکەوە کە بۆ رزگاربوون پێویستیان بەکورد ھەیە، لە لایەکی تریشەوە ھەستدەکرێت جموجوڵێک و کۆمەلێک مانۆری سیاسی دژ بە پارتی کرێکاران لە ئارادایە، ئەگەر بەھۆشیارییەوە مامەڵەی لە گەڵدا نەکرێت دور نیە بۆ کوردانی باکور و پەکەکە کارەساتێک دروستبکات .