سەردێڕ:

​ مەرگی مورسی.. سەرەتای نەخشە رێگایەکی نوێ

6/30/2019 3:09:23 PM
2607 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

ئەگەر سەیری ئەو دیمەنە بکەین کە تیایدا محمد مورسی سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی میسری لە پرۆسەیەکی دادگایکردندا گیان لەدەست دەدات، دیمەنێکی زۆر تراژیدی و نامرۆڤانەیە و کاریگەری لەسەر ھەستە مرۆییەکان زۆر بەباشی دروست دەکات، چونکە مردنی لەو شێوازە نەک بۆ کەسێکی لەوجۆرە کە بە دەنگی ملیۆنان کەس ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بەڵکو بۆ کەسێکی تاوانباریش شایستە نیە، دەوڵەتی میسر ھەرگیز نەدەبوایە لەم کاتە ھەستیارەدا کە ململانێ و رق و کەراھیەت لەناو کۆمەڵگەی میسری لەو ئەوپەڕیدایە، رێگەی بدایە کە بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ گەورەترین رەوتی سیاسی میسر کە ئیخوانە بکرایە. چونکە لەم کاتەدا دۆخی سیاسی و ئابوری میسر ئەوە دەخوازێت کە بە ئاراستەی لە یەکتر تێگەیشتن و کپ کردنەوەی ناڕەزایەتیەکان و دروستکردنی فەزایەک بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دروست بکرێت، نەک زیاتر گڕی ئاگرەکە خۆشتر بکرێت و ماکی تیرۆر و توندڕەوی زیاتر گەشە بکات.

ئەگەر لە روانگەی ئەم رووداوەوە سەیری سیستمی سیاسی میسر بکەین ھاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی عەرەبی دەبینین ھەر لەسەر ھەمان عەقڵیەتی کۆنی عەسکەرتاری دەڕوات و رێگەچارەی ئەمنی کردووەتە چارەسەر بۆ قەیرانەکان و بە عەقڵیەتێکی ستالینی مامەڵە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و دەنگە ناڕازیەکان و زیندانیەکان دەکات. دەزگاکانی راگەیاندن و ئەمنییەکان دەیانەوێت، ئەم کێشەیە وەک روبەڕوبوونەوەی توندڕەوی لەقەڵەم بدەن و بەم بیانوەشەوە رۆژ بەرۆژ پێگەی ستەمکاری دەسەڵات قایم دەکەن، بەڵام لە راستیدا ئەم کێشەیە پەیوەندی بە ستەمکاری و کپکردنی دیموکراسی و دەنگە ناڕازییەکان و چەسپاندنی دادپەوەری و لێبوردەییەوە ھەیە، نەک رووبەڕووبوونەوەی گروپێک یان بەرەو رووبوونەوەی توندڕەوی.

ئەگەر سەیری زیندانەکانی ئێستای میسر بکرێت تەنھا بۆ ئیسلامیەکان نیوە، بەڵکو ھەزاران گەنجی عەلمانی و چەپیش بونیان ھەیە و روبەڕووی ھەمان سزا و ئەشکەنجە دەبنەوە، کە ئیسلامیەکان تووشی دەبن، کەواتە لێرەوە کاتێک کە باس لە مەرگی مورسی دەکرێت نابێت ئیسلامیەکان بیکەن بە ھەلێک بۆ ھێرش کردنە سەر چەپ و عەلمانیەکان یان عەلمانی و چەپەکان دڵخۆشی خۆیان وا دەرببڕن کە سەرکردەی گروپێکی توندڕەو لەناوبراوە. بەڵکو دەبێت گەورەتر لەم دیدە ئایدیۆلۆژیە خوێندنەوەی بۆ بکرێت و ئەمەش ببێتە سەرەتایەک بۆ بەخۆداچوونەوەو بەرەوڕوبوونەوەی ئەو مەترسیەی کە ھەڕەشە لە بوونی ھەردوو رەوتەکە دەکات لە ئایندەدا و دواجاریش ئەو دژایەتی کردنی یەکتریە بە قازانجی رژێمە ستەمکارەکەیە کە ئێستا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە.

شۆڕشی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ لە میسر شۆڕێکی جەماوەری گەورەبوو بەو ھیوای کە کۆتایی بە رژێمە ستەمکاریەکەی میسر بھێنرێت و سیستمێکی دیموکراسی دادپەروەر جێگەی بگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەپ و عەلمانی و ئیسلامی و ھەموو چین و توێژەکان بەشداریان تێدا کرد. لە بەرامبەر ئەمەدا عەسکەر و دەوڵەتی قووڵ چوونە سوڕی مت بوون و نەیانتوانی ھیچ جۆڵەیەک بکەن و تەسلیم بە ویستی خەڵک بوون لە وازھێنان لە پشتیوانی دەسەڵاتەکەی حوسنی موبارەک و لە ھەڵبژاردنەکەی ٢٠١٢ دا دەسەڵاتیان رادەستی ئیخوان کرد بە سەرۆکایەتی دکتۆر محمد مورسی.

بەڵام ھەڵەی ئیخوان لێرەوە دەست پێدەکات کە ھەندێک لە سەرکردەکانیان ھەر لەسەر ھەمان ریتمی پێشوو دژایەتی چەپ و لیبراڵ و عەلمانیەکانیان دەکرد و دەنگدانی خەڵکیش بە مورسی و بەدەستھێنانی زۆرینەی لە پەرلەمان تووشی جۆرێک لە بوغرایی و لوتبەرزی کردن و وایان لە قەڵەم دەدا کە ئەو دەنگانە پارێزگاریان لێ دەکات و شەرعیەتی مانەوە لە دەسەڵاتیان پێ دەبەخشێت، بۆ ئەم مەبەستەش ویستیان متمانەی دامەزراوەی سەربازی بەدەست بھێنن و سیسیان کردە وەزیری بەرگری و وەزیری بەرگری ئێستایان کردە بەرپرسی پاسەوانەکانی کۆشکی کۆماری و کەوتنە پیاھەڵدانی سەرکردەکان و دامەزراوەی سەربازی، ھەروەھا لەلایەکی تریشەوە بۆ خۆپاراستن لە پیلانەکانی سعودیە و ئیمارات ھاوپەیمانێتیان لەگەڵ سەلەفیەکان مۆرکرد و تەسلیم بە ئەو گوتارە توندە نامەدەنیەی ئەوان بوون، لەلایەکی تریشەوە ھەر بەپەلە ھەمواری دەستوریان کردەوە و خستیانە بەردەم راپرسی.

ئەم عەقڵیەتە وایکرد کە ترسێک لەلای کەمینەکان و چەپ و عەلمانیەکان دروست بکات و ھەر ئەم ھەنگاوەش بوو کە خزمەتی گەورەی بە وەحشە زەبەلاحە سڕبوەکەی دەوڵەتی قوڵ کرد کە کار لەسەر ئەم ھەنگاوانە بکات و بەشێکی زۆر لە خەڵک و رێکخراوەکان و گروپە چەپ و عەلمانیەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت و شۆڕشێکی پێچەوانە دروست بکات و دواجار مورسی لەسەر کار لابدەن.

ئیخوان لە میسردا لە جیاتی ئەوەی کار لەپێناو چەسپاندنی دەسەڵاتەکانی خۆیدا بکات، دەبوایە سەرەتا لە خەمی چەسپاندنی دیموکراسیدا بوایە، دەبوایە ئەو یەکڕیزیەی کە لەسەردەمی شۆڕشدا ھەبوو رێگەی نەدایە پەرت ببوایە، بەڵکو دەبوایە لەگەڵ ھەموو لایەک چەپ و عەلمانی و لیبڕاڵەکاندا بەرەیەکیان دروست بکردایە بۆ بەرەوڕوبوونەوەی عەسکەرتاریەت و ستەمکاری و گەندەڵی و لەژێر ئەم دروشمەدا دەتوانرا ھەموو ناڕازیەکان و ئەوانەی دژ بە ستەمکاری و ناعەدالەتین کۆ بکرێنەوە، کە ئەمەش زۆرینەی گەلی میسری پێکدەھێنا، دەبوایە سودیان لە ئەزموونی بە دیموکراسیکردنی وڵاتانی ئەمریکای لاتین وەربگرتایە لە قۆناغی گواستنەوە بۆ دیموکراسی، چونکە ئەم پرۆسەیە لە شەو و رۆژێکدا دروست نابێت و پێویستی بە زەمەن و سەرکردەی کارا ھەیە، ئیخوان نەیتوانی ئەم ھەنگاوە بنێت، دواجار گروپە بەرژەوەندیخواز و کۆمپانیا و بازرگان و دەوڵەتی قوڵ توانیان بە پلانێکی پێچەوانە خەڵک بھێننە سەر شەقام و گەنجانی سادە و بێ ئەزموونیش رژانە سەر شەقامەکان کە لە ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆسەیە ئاگادارنەبوون کە لە گۆڕنانی شۆڕشی ٢٥ی کانوونی دووەم و گێڕانەوەی عەسکەرتاریەت بوو بە ستایلێکی زۆر خراپتر.

مەرگی مورسی ئەو روداوەیە کە دەکرێت بۆ ئیخوان و لایەنەکانی تریش ببێتە خاڵی وەرچەرخان و بەخۆداچوونەوە، ئەویش بە ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ و دەستپێکردن بە قۆناغێکی نوێی خەبات بۆ روبەڕوبوونەوەی ستەمکاری و گەندەڵی و عەسکەرتاریەت و تێپەڕاندنی ئەو ململانێیەی کە ئێستا لە شەقامی میسر و دەرەوەشدا ھەیە.