سەردێڕ:

بەرگری لە ئازادی یان سەلەفیەت

6/25/2019 11:14:15 PM
5339 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلی محەمەد
+ -

راستە ھەڵوێستەکەی عبدالسلام بەرواری دورە لە عەقڵیەتی سەرکردەیەکی گەورە و نیشتیمان پەروەر و مەدەنی کە قوتابیەک ناودەبات بە دەعبا ، دەبوایە لەو شوێنەدا رێزی لە ھەستی ناسکی ئەو قوتابیە بگرتایە و وەزیری پەروەردەش دانی بە خۆیدا بگرتایە و ئەوەندە توانای ھەبوایە کەدان بە جیاوازیەکاندا بنێت، بەڵام لەلایەکی تریشەوە دەبێت ئەو راستیە بزانین کە ئەو رەوتە سەلەفیەی کە ئێستا لە کوردستاندا ھەیە و گەنجانی کورد لەسەر عەقڵیەتی سەلەفی پەروەردە دەکات، مەترسیان لەسەر ئایندەی کۆمەڵگەی کوردی لە بۆچوونەکان و عەقڵیەتی بەرواری کەمتر نیە.

بە ڵام ئەوەی لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا دەیبینین بۆچوونەکان لە ئاراستەی خۆی ترازاوە و زۆرینەیان لە جیاتی باس لە بەرگری بنەماکانی ئازادی، بەرگری لە سەلەفیەت و نیقاب دەکەن و ھەندێکیشیان دەیکەنە شەڕی عەلمانیەت و ئیسلام و بەمەش رێگە خۆش دەکەن بۆ ئاژاوەیەکی گەورە لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا بە ناوی دینەوە، لە کاتێکدا نیقاب نە بنەمایەکی شەرعی ھەیە و نە پەیوندی بە شوناسی مسوڵمانێتی کۆمەڵگەی کوردیەوە ھەیە، بەڵکو لای زۆرینەی روناکبیرانی ئیسلامی عەرەبیش دیاردەیەکی نامۆیە بە ئیسلام و گواستنەوەی کولتوری بیابان نشینی عەرەبیە بۆ ناو ئیسلام .

لەلایەکی تریشەوە ئەگەر لە کوردستاندا سەیری گەشەکردنی سەلەفیەت بکەین ئەوانەی کە رێخۆشکەرن و پشتیوانیان دەکەن ھەرھەمان پارتەکەی بەرواری و ھاوشێوەکانیانن و لە ئەم رێگەیەشەوە دەیانەوێت بەکاریان بھێنن بۆ کۆمەڵێک ئامانجی سیاسی خۆیان بە تایبەتی رووبەڕوو بونەوەی ھێڵی پانی ئیسلامی میانڕەو، کەواتە ئەم دوو رەوتە( سیاسی و ئاین)یە دوو شتی لێک جیاواز نین و ھەردوکیان دوو روی یەک دراون .لە بەر ئەوە بزانن یەک سەرکردەی سەلەفی مەدخەلی جورئەتی ھەیە رەخنە لەم سەرکردەیەی پارتی بگرێت و بە دژە دین وەسفی بکات ؟ لەلایەکی تریشەوە سەلەفیە مەدخەلیەکان بۆ جێکردنەوەی خۆیان و بەردەوام بوون لە کاروچالاکیەکانیان، ملکەچ بوون بۆ دەسەڵات و سەرۆکی ھەرێم و حکومەت، کە ھەموویان سەر بە پارتەکەی بەروارین، بە ئەرکێکی شەرعی دەزانن و ھەموویان بە وەلی ئەمری مسوڵمانانی دادەنێن.

لەبەر ئەو پێم وایە بەرواری لێی تێکچوو کە ئەم پۆستەی نوسی، ھەر بۆیە لە ماوەیەکی کەمیشدا لێی پەشیمان بوەوە، چونکە پێچەوانەبوو لەگەڵ ھەڵوێستی حیزبەکەی، لەبەرئەوە ئەوانەی کە بەرگری لە دیاردەی نیقاب و دیاردە نامۆکانی سەلەفیەت دەکەن بە ھەڵەدا چوون و لە لایەکی تریشەوە ھەڵوێستێکی دوو روانەیە و لە راستیدا خۆشیان بروایان بەو رواڵەتانەی سەلەفیەت نیە ، چونکە ئەو دوو جۆرە عەقڵیەتە ھەرگیز دژ بەیەک نین، بەڵکو لە ھاوپەیمانیەتێکی یەکگرتوودان و ھەریەکەیان کار لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دەکەن بۆ زیاتر برەودان بە ھەژموونی سیاسی دەسەڵات و لاوازکردنی دیموکراسی و لێبوردەیی و فرەیی و پێکەوەژیان.

لەبەرئەوە لە جیاتی ئەوەی کە ئێستا دەکرێت بۆ بەرگری لە سەلەفیەت، دەبوایە پشتیوانی لە گەشەکردنی عەقڵ و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و گەشەپێدانی دیموکراسی بکرایە، چونکە دەبوایە ئەو راستیەش بزانن کە داعش و قاعیدەش ھەر جۆرێکە لە سەلەفیەت و ھەڵگری ھەمان بیرکردنەوە و ئەخلاق و رواڵەتن، لەلایەکی تریشەوە دەبوایە رێنمایی گەنجانیان بکردایە بۆ کرانەوەو قبوڵکردنی جیاوازی و دەرکەوتنیان بە شێوازێک کە مایەی پاراستنی شوناس و ئەخلاق و کولتوری کۆمەڵگەکەیان بن، نەک ببنە مایەی گواستنەوەی سیماو کولتوری بیابانی عەرەبی بۆ ئێستای کۆمەڵگەی کوردی.