سەردێڕ:

ئیسلامیەکان لە دۆخێکی چەقبەستوودا

2/13/2019 4:56:02 PM
7995 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد مەحمود
+ -

                                                                                                                                                                         
لەکوردستان سێ پارتی ئیسلامی ھەیە کە بەئاشکرا سیاسەت دەکەن و لە ‌پرۆسەی ھەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن وھەوڵی بەدەستھێنانی زۆترین دەنگ و پاشانیش زۆرترین کورسی پەرلەمانی دەدەن، ھەریەکێک لەم پارتانە ئەجێندای سیاسی خۆی و لائیحەی کاری تایبەت بەخۆی و ئامانج وستراتیژی خۆی ھەیە کە بەشێوەیەکی گشتی کۆدەبێتەوە لە ئامانجی ئاینی و نەتەوەیی، کە بەدڵنیاییەوە لائیحەی ھەرکامیان تەماشا بکەیت ئامانج وستراتیژی نەوعی تیایە و ئەگەر بێتەدی لەبەرژەوەوندی میللەتە ئیسلامخوازەکەیە ھەم لەڕووی ئاینی یەوە ھەمیش لە ڕووی نەتەوەیی یەوە.

لەلایەکی دیەوە بەشی ھەرەزۆری گەلی کوردستان بەگیانێکی کورد پەروەرانە وابەستە بە دینی ئیسلام ڕۆژانە دروشمە ئیسلامەیەکان بەرزدەکەنەوە ‌و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا بەچڕی سەردانی مزگەوتەکان دەکەن و پەرستشە ئاینیەکان ئەنجام دەدەن.

پرسیارەکە لێرە ئەمەیە، لەگەڵ بوونی ئەحزابی ئیسلامی بەبەرنامە و میتۆدی ھەڵگۆزار و لە قورئان و سوننەت و بوونی میللەتیکی وابەستە بە دروشمە ئیسلامیەکان و پەرستشە ئیسلامیەکانەوە ، کەچی ئەم پارتانە  ھەمیشە لە دۆخێکی چەق بەستوودان و ناتوانن ئەم جەماوەرە ئیسلامخوازە لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، بەتایبەت لەکاتی پڕۆسەی دەنگداندا دەنگێکی ئەوتۆ مسۆگەر ناکەن ، دەنگێک مسۆگەر ناکەن کە لەئاست ئەو ڕێژە زۆرەی خەڵکی موسڵمانی ئەم ھەرێمە بێت ، بۆچی لەگەڵ وابەستە بوونی ئەم گەلە بەپەرستشە ئاینیەکانی وەکو نوێژ لە شەو وڕۆژیکدا و بوونی نوێژی جومعە و ووتاری جومعە و نوێژی جەژنەکان و ....ھتد لەلایەکەوە ولەلایەکی دیکەوە بوونی سەدان کادیرو مەلای ووتار خوێن وسەدان بانگخواز و بوونی دەیان دەزگای ڕاگەیاندنی ئیسلامی ناوخۆی و کەناڵی ئاسمانی، بوونی دەیان بڵاوکراوەو گۆڤار، کەچی خەڵک ھێندەی ئامادەیە بە گیانێکی ئیسلام خوازانەوە ببێتە ھەواداری پارتێکی عەلمانی و دەنگی پێبدات نیوھێندە ئامادە نییە ببێتە ھەواداری پارتێکی ئیسلامی،  لە کاتێدا ئەگەر لە گۆشەنیگای ئایدیا و عەقیدەوە تەماشا بکەی ئایدیای ئەم گەلە  موسڵمانە ڕاستەوانە ‌و ھاوتەریبە لەگەڵ ئایدیای ئیسلامیەکان و پێچەوانە و نا تەریبە لەگەڵ پارتە عەلمانیەکان؟

ڕەنگە قسەکردن لەسەر بابەتێکی ئاوا ھەستیار ئاسان نەبێت و نەتوانرێت حەقی خۆی پێبدرێت بەڵام ئەوەندەی کە لە تواناماندا بێت ئاماژە بە ھۆکارەکانی ئەم دیاردەیە دەکەین و بەکورتی شیکارییان بۆ دەکەین.

باشتروایە ھۆکارەکان دابەش بکەین بەسەر دوو خاڵی سەرەکی کە ئەوانیش:

یەکەم: ھۆکارە (زاتی) خودیەکان، ئەمانە کۆمەڵە ھۆکارێکن ئیسلامیەکان خودی خۆیان تیایدا فاکتەرو کارەکتەری سەرەکین لەوانەش:

١- ستراتیژ و دروشمی سەرەکی ئەم پارتانە بریتییە لە بانگەشەی خەڵک بۆسەر دینی ئیسلام و چەسپاندنی عەقیدەیان.

ئەم پارتانە ئەو ئامانج و ستراتیژەی کە ‌ویستیان لە ڕێگەیەوە خەڵکی لە خۆیان کۆبکەنەوە ‌و واشیان دەزانی کە تاکە فاکتەری بەھێزە لەناو کۆمەڵگایەکی موسڵمانی وەک کوردستان، بانگەشەی خەڵکە بۆسەر دینی ڕاست و دروست و ئیمان وعەقیدەی پاک، لە کاتێکدا خەڵکی لەم بوارەدا کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبوەو نییە و زۆرینەی ھەرەزۆری خەڵک خۆی بە دیندار و عەقیدە پاک دەزانێت و بە دان پێدانانی خودی ئیسلامیەکانیش کە پێیان وایە زۆرینەی خەڵک موسڵمانە، بۆیە ئەم ستراتیژو دروشمە نەی توانی ببێتە خاڵێکی بەھێز بۆ ئیسلامیەکان تاکو لەڕێگەیەوە خەڵک لە خۆیان خڕبکەنەوە ‌و بیانکەن بە ھەواداری خۆیان، چونکە کێشەی خەڵک بریتی نەبووە لە نەبوونی ئیمان وعەقیدە بەڵکو بریتی بوو لە کارکردنی ڕاستەقینە بۆ پرسە نیشتمانیەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری.

٢- پەرتەوازەیی نێوماڵی ئیسلامیەکان، ھەمیشە ئەمە خاڵی سەرەکی و لاوازی پارتە ئیسلامیەکان بووە و بیانوویەکی باشیش بووە بەدەست خەڵکەوە بۆ ئەوەی لێیان دووربکەونەوە ‌و دەنگیان پێ نەدەن، چونکە ھەردەم کادر و مەلا و سیاسیەکانی ئەم پارتانە لە نێوخەڵک و لە میدیاکانیان و لەشۆسیال میدیا و لەسەر میمبەرەکان باس لە یەکگرتوویی موسڵمانان دەکەن و بە بنەمایەکی قورئانی وەسفی دەکەن – کە لە ‌ڕاستیدا مەبدەئێکی قورئانییە- کەچی ھەرخۆیان لەگەڵ ئەم دروشم ومەبدەئە قورئانییە پێچەوانە ھەڵسوکەوت دەکەن، لەسەر بەشێکی زۆری پرسەکان ھەڵویستی نەیار و جیاوازیان ھەیە ھەر لە ھەڵوێستە سیاسیەکانیانەوە بیگرە تاکو دەگاتە بابەتی فیقھی و شەرعیەکان ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە پارتە عەلمانیەکانیش زرنگ و زیرەک بوون لە برەودان و دەرخستن و گەورەکردنی ئەم خاڵە لاوازەی تەواوی ئیسلامیەکانی کوردستان بەتایبەت لە کاتی پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەکان و بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان و توانیویانە ھەم دەنگەکانیان کەم بکەنەوە ھەمیش بۆخۆیانیان بەرن.

٣- دەرکەوتنی ھەندێک لە کەسایەتی و مەلا وەک بانگخوازو پێشاندانی کەسایەتی خۆیان وەک خەڵکی پاک و دیندارو زاھد و دونیانەویست دواجار کاندیدکردنیان لەلایەن حیزبەکانیانەوە بۆ پەرلەمان کە بەھۆی ئەم نمایشەی خۆیانەوە توانیان دەنگێکی زۆری خەڵک بۆخۆیان مسۆگەر بکەن، بەڵام دواجار کە چوونە نێو کایە سیاسیەکەوە ‌و بەدونیای پارە و سەروەت وساماندا کرانەوە، ھەڵوێستیان گۆڕاو کەسایەتیەکەی پێشوویان گۆڕانی بەسەرداھاتوو بەجۆرێک لە جۆرەکان خۆشەویستنی ماڵی دونیا و سەروەت وسامان بووە ئامانجیان، ئیدی خەڵک خوێندنەوەی بۆ ئەم کەسایەتیانە و حیزبەکانیان گۆڕانی بەسەرداھات و بڕیاریاندا ھەم دەنگ بەو کەسایەتیانە و ھەمیش بە پارتەکانیانەدەنەوە.

٤- شکست ھێنانیان وەک ئۆپۆزسیۆن وەک لەناو حکومەت:

بەشی ھەرەزۆری ئەو ماوەیەی کە لە دەرەوەی حکومەت بوون جگە لە دەرکردنی بەیاننامە و ڕاکێشانی کارتی سوتاو و سواو نەیانتوانیوە ھەڵوێستێکی نەوعی جیاواز ئەنجام بدەن ، ھەمیشە ئۆپۆزسیۆن بوونیان لە گوفتار تێنەپەڕیوە، ھەزاران دەنگی ناڕازی لەسەر شەقامەکان ھەبوون نەیانتوانی جەم وجۆریان بکەن و قیادەی ئەو دەنگە ناڕازیانە بکەن و ئاڕاستەیان بکەن بەرەوگۆڕانکاری بەشێوازێکی مەدەنیانە ، ئەوەندەیشی کە لە حکومەتدا بوون دیسان نەیانتوانیوە نمونەیەکی ئەوتۆ پیشان بدەن کە جیاوازبێت لە پارتە دەسەڵاتدارەکان بەڵکو ھەندێک جار بەھۆی وەرگرتنی ھەندێک وەزارەت و پلە پۆست و نەتوانینی جێبەجێکردنی پرۆژە و بەرنامەیان عەیب داربوون تیایدا و بەشێوازێکی نێگەتیڤ بەسەریاندا شکاوەتەوە.

٥- لێدانی تەوژمی سەلەفیەت و تەێەووف لەم حیزبانە، ئەم دوو تەوژمە ھەندێک جار بە قەێدونیەتی خۆیان وھەندێک جاریش بەھۆی بەکارھێنانیان لەلایەن حیزبی ترەوە ھەمیشە بەربەست بوون لەبەرامبەر گەشەکردن و بەجەماوەری بوونی ئەم حیزبانە، ھەرچی تەوژم
سەلەفیەتە لە ڕێگەی  بە بیدعە وەسفکردنی بەشێکی زۆری کاروچالاکی و پرۆژەکانیان و تەنانەت بە بیدعە زانینی کاری سیاسی ئیسلامی و بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان و  ...ھتد، توانیویانە زۆر بە ووردی کار لەسەر ئەم حاڵەتە بکەن و خەڵکێکی زۆر لەم پارتانە سارد بکەنەوە، بەتایبەت وەختێ توانیان کەناڵی ئاسمانی دابنێن و بەشێکی بەرچاوی مزگەوتەکان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە، بەھەمان شێوەش تەێەووف لەبەرئەوەی خۆیان بە میراتگری ئیسلام وەسف دەکەن و قبوڵیان نییە خەڵکانی تر نوێنەرایەتی ئیسلام بکات، توانیان خەڵکیان لێ سارد بکەنەوە بەوەی کە وەسفی ئەم پارتانەیان کرد بە ئیسلامی تازە و ھەڵگەڕانەوە لە دینی باووباپیران بەوەی کە ئەم پارتانە سەردانی گۆڕاستان و گۆڕی پیاوچاکان و ...ھتد بە حەرام دادەنێنن.

٦- نەتوانینی ئیستغلال کردنی  ئەو کەسانەی ئەمان خزمەتیان کردوون و دەکەن لە ڕێگەی پێدانی موچەی بێباوکان و پرۆژەی تەندروستی و ...ھتد، بەتایبەت یەکگرتووی ئیسلامی  کەفالەتی ھەزاران منداڵی کردووە لە ھەمان کاتدا نەیتوانیوە ھەم ئەومنداڵانە کە ئیستا گەورە بوون و تەمەنیان گەیشتوەتە سەروو ھەژدە ساڵ لە دەوری خۆی بھێڵێتەوە ، ھەمیش کەس وکاری ئەم مناڵانە بکاتە ھەواداری خۆی. 
٧- نەتوانینی دەستەبەرکردنی لایەنی ماددی بەھێز و پرۆژەی ئابوری بەھێز کەوا لە خەڵک بکات- بەتایبەت ئەوانەی کە تازە پێدەگەن و بۆیەکەم جارە دەتوانن دەنگ بدەن – ئومێدیان پێیان ھەبێت و لە دەوریان کۆببنەوە و وەک سەرچاوەیەک بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان لێیان بڕوانن. 

دووەم: ھۆکارە بابەتیە دەرەکیەکان

 ئەم ھۆکارانەش کە خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە لە بەجەماوەری نەبوونی ئیسلامیەکان ‌لەوانە:

١- شکست ھێنانی تەوژمی ئیسلامی بەتایبەت ئیسلامی وەسەتی (معتدل) لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتانی عەرەبی لە ڕووی سیاسی و بەشداری سیاسیەوە لەوانە شکستی بەرەی انقازی جەزائر لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو کە بەسەرکردایەتی (عباس مدنی ) و (علی بلحاج) توانیان (١٨٨) کورسی پەرلەمان لە کۆی (٢٢٨) کورسی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، دواجار ڕێگە نەدرا بێنە سەرکورسی دەسەڵات و ممارسەی کاری سیاسی و حکومی بکەن،ھەروەھا مسریش نمونەیەکی دیکەیە کە بزوتنەوەی ئیخوان توانیان لە ساڵی (٢٠١٢) زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بھێنن و بێنە سەر کورسی دەسەڵاتیش بەڵام دوای یەک ساڵ لەتەمەنی حوکمداریان شکستیان و خواردوو جڵەوی حوکمداریان لە دەست دەرھێنان ھەروەھا لە سوریاش خۆپیشاندانیان دەسپێکردوو ئۆپۆزسیۆنی چەکداریان دروست کردو بەشی زۆری ناوچەکانی ئەم ووڵاتەیان خستە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، بەڵام دواجار جگە لە کوژران و ئاوەرەبوونی خەڵک و داڕمانی بەشێکی زۆری ئەم ووڵاتە لە ڕووی ئابوری و ئاوەدانییەوە ھیچی لێ سەوز نەبوو ، ھەموو ئەمانە تێڕوانینێکیان بەخشی بەخەڵک بەتایبەت لە کوردستان کە ھەرگیز تەوژمی ئیسلامی ناتوانێت بێتە سەرکورسی دەسەڵات و ئەجێندای خۆی ممارەسە بکات و پرۆژەکانی لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ بکات.

٢- وەسفکردنی ئەم پارتانە بە تیرۆرست و تۆقێنەر ھەم لە نێو خۆوو ھەمیش لە دەرەوە کە چەندین ووڵاتی وەک سعودیە و ئیمارت ودەسەڵاتی میێرو وڵاتانی دیکە لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەیان لە سەرکورسی دەسەڵات ھەمیشە تەوژمی ئیسلامی بەتایبەت ئیسلامی وەسەتی بە تیرۆرست ناوزەد کردووە، ئەم وەسفەش کەم و زۆر لەڕێگەی عەلمانیەکانی کوردستان و ھەڵگرانی بیری ناسیۆنالستی گواستراوەتەوە بۆنێوخەڵکی کوردستان. 

٣- نەتوانینی ئەم پارتانە بە دروستکردنی پەیوەندیەکی دبلۆماسیانە بە تایبەت لەگەڵ ووڵاتانی دەوروبەری وەک ئێران و تورکیا دواجار کردنیان بە پاڵپشتێک بۆ مانەوەی خۆیان  لەڕووی سیاسیەوە، لەکاتێک دوو حیزبی دەسەڵات لە کوردستان بەوردی کاریان لەسەر ئەم بابەتە کردووەو سودی زۆریشیان لێ بینیوە.

٤- ئیستغلال کردنی سەرچاوەکانی ئابوری و داھات لەلایەن دوو پارتی دەسەڵاتەوە کە وای کردووە بەشێکی بەرچاوی خەڵک پشت لە ئیسلامیەکان بکەن و لەم دووپارتە کۆببنەوە ھەرچەندە لەڕووی ئایدیاوە جیاوازیشن لەگەڵ ئەم دووپارتە لەڕووی بەرنامە وپرۆگرامیانەوە  ھاوتەریب نین و لەڕووی خزمەتگوزاریشەوە بەگەندەڵیان وەسف دەکەن، بەڵام چونکە لەگۆڕەپانەکەی ئەواندا کورسی و کولێرەو چەوری بوونی ھەیە بۆیە چاو لەزۆرێکی خاڵە لاوازەکانیان دەنوقێنن و دەبنە ھەواداریان.

سەرجەمی ئەمانەی کە ئاماژەمان پێدان ھۆکارن بۆ زیادنەبوونی ئیسلامیەکان و گەشەنەکردنیان لە ڕووی جەماوەرییەوە، بێگومان ھۆکاری دیکەش ھەن کە ڕەنگە دەرکمان پێیان نەکردبێت یان ھۆکاری لاوەکی بووبن ئاماژەمان پێیان نەدا بێت.

لێرەوە پێویستە ئەم پارتە ئیسلامیانە شێوازی کارکردنیان لە ڕووی سیاسیەوە بگۆڕن و بیر لە بەدیلی باشتر بکەنەوە، بەدیلی گونجاویش لەم کاتەدا ئەوەیە کە ھەموویان بەیەکەوە جەم بن و چاو لە جیاوازیەکانیان بنوقێنن و ببنە یەک دەست وقووەت و خزمەت گوزاری خەڵک بکەنە ستراتیژ وعەقیدەو ئایدیا تێبپەڕێنن وپێودانگی بەئەندامبوونی خەڵک لە جێگەی ئایدیا خزمەتکردن بێت بە خەڵکی کوردستان  و گۆڕەپانێکی وا بونیاد بنێنن کە تەواوی بیروباوڕە جیاوازەکان جێگەی ببێتەوە ئەمە لەلایەک لەلایەکی دییەوە بیر لە بونیادنانی پرۆژەی ئابوری گەورە بکەنەوە کە جێگەی ئومێدی خەڵک بەتایبەت گەنجان بێت بۆ دەست کەوتنی ھەلی کارو بژێوی ژیانیان.