سەردێڕ:

یەکگرتووی ئیسلامی لە نێوان شکست و ھەڵسانەوە دا

7/1/2019 2:40:33 PM
6338 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد مەحمود
+ -

یەکگرتووی ئیسلامی لە چوارچێوەی بەرەی ئیسڵاح لەگەڵ بزوتنەەی ئیسلامی بەشداریان لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد کە لە  ٣٠ سێپتەمبەری  ٢٠١٨ بەڕێوەچوو، دوای کۆتایی ھاتنی ھەڵبژاردنەکە و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکەی بەرەی ئیسڵاح کە یەکگرتوو ڕابەرایەتی دەکرد شکستێکی گەورەی تۆمار کرد، ئەم شکستەش بوو بەمایەی نیگەرانی ڕێکخستنەکانی ئەو حزبە و دواجار لەژێر کاریگەری ئەو شکستە و فشاری ڕێکخستنەکانی دوای ئەوەی کەدانی بەشکستی خۆیدا نا بەڵێنی بەخۆداچونەوەو ھەڵسانەوە و بەرخۆدانی دا ، ھەربۆیە دەستبەجێ و لەو کاتەدا لە ژێر فشاری ڕێکخستنەکانی و جەماوەرەکەی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی ڕاگەیاند .
ئەوەی کە دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم  دوو تەوەرەیە یەکەمیان:  ئەم حزبە لە  دوای بەڕیوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ ئەیلوی ٢٠١٨ تا ئەم ساتەوەختە  کە نزیکەی (٩) مانگی خایاندوە لە چوارچێوەی پرۆسەی ھەڵسانەوەدا چ کارێکی ئەنجامداوە ؟، توانیویەتی جارێکی دی متمانەو ھیوا بۆ ڕێکخستنەکانی و ھەوادارانی وجەماوەرکەی بگێڕێتەوە ؟،  ئایا بوادرو نیشانەکانی ھەڵسانەوەی ئەم پارتە ھەستی پێدەکرێت؟  
تەوەرەی دووەم: ئایا یەکگرتوو وەک خۆی بەڵێنی داوە دەتوانێت جارێکی دی ھەڵسێتەوە و ببێتەوە خاوەنی جەماوەرە تۆراوەکەی و ئومێد و ھیواو متمانە بۆ ڕێکخستنەکانی و ھەوادارانی بگەڕێنێتەوە ؟.  
سەبارەت بە تەوەری یەکەم ئەگەر ھەنگاوێک بەرەو دواوە بگەڕێینەوەو دیراسەیەکی وردی کاری ئەم حیزبە بکەین لە ماوەی (٩) مانگی ڕابردوو سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەم پارتە لەچوارچێوەی پرۆسەی ھەڵسانەوەو بەخۆ داچوونەوە چ کارێکی ئەنجام داوە و توانیویەتی کارێکی ئەوتۆ بکات و بوادرەکانی ھەڵسانەوەی ھەست پێ دەکرێت ؟ 
 لەڕاستیا جگە لە بڕِیاری بە ئۆپۆزسیۆن بوونی و  ھەندێک کاری سەرەتایی کەم لەم دوو خاڵەی خوارەوە قسەی لەسەر دەکەین ھەست بە شتێکی ئەوتۆ ناکرێت: 
١-ڕاستە ئەم حزبە دەست بەجێ ودوای شکستەکەی لە ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ ئەیلول بڕیاری ئۆپۆزسۆن بوونی خۆی ڕاگەیاند ، بەڵام ئەم بڕیارە لەلایەکەوە تا ئەندازەیەک سەرپێیانە بوو لەدەرئەنجامی دیراسەیەکی ورد نەبوو بەڵکو لە ژێر فشاری ڕێکخستنەکانی  دابوو، لەلایەکی دییەوە ئۆپۆزسیۆن بوونی ئەم حیزبە لە ژێر پرسیاردایە، چونکە ھەست ناکرێت ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەر بێت لەسەر جوڵاندنی ساحەی سیاسی، ئۆپۆزسیۆنێک کە تەنھا بەناو بێت نەجێگەی ئومێدی خەڵکە ناڕازیەکەیە، نەجێگەی ئومێدی ڕێکخستنەکانی خودی یەکگرتوو خۆیەتی، ئۆپۆزسیۆنێک کە لە مەوقیفە ھەستیارەکاندا توانای بڕیاردانی نەبێت، ئۆپۆزسۆنێک  گوتاری سیاسی و ھەڵوێستە سیاسیەکانی جیاوازیەکی ئەوتۆی نەبێت لەگەڵ ئەو سەردەمەی کە لەناو دەسەڵات بوویت....ھتد، ئیدی نازانم  ئۆپۆزسیۆن بوون چ مانایەکی ھەیە؟؟. ئاخر چـۆن دەکرێت ئۆپۆزسیۆن بیت و ڕۆڵ بگێڕیت لە پێکھێنانەوەی نەیارە سیاسیەکانت، لە ئاستی باڵا بەشداری پرۆسەی سوێند خواردنی سەرۆکی ھەرێم بکەیت، دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان ئەم چەشنە ئۆپۆزسیۆنە  بەپارە دەکڕێت حەزدەکات دەیانی لەو شێوازە ھەبێت، چونکە ئەم چەشنە لە ئۆپۆزسیۆن نەک زەرەری بۆ پەزەکان نییە بەڵکو ھەندێک جار پارێزەری پەزەکانیشە. خۆ ئەگەر پاساوی ئەوەش دەھێننەوە کە تا ئێستا حکومەت تەشکیل نەبووە بۆیە بەم چەشنە کاردەکەن، من دەڵێم خۆ پرۆسەی سیاسی نەوەستاوە، ئەودەم وچاوانەی کە حکومەتی نوێ تەشکیل دەکەنەوە ھەرئەوانەی پێشوون ھیچ گۆڕانکارییەکان بەسەردا نەھاتووە. 
٢- شێوازی کاری ئەم حیزبە لە تەواوی بوعدە جیاوازەکان بەتایبەت بواری پەرورەدەو بانگەواز و نوێ بوونەوە لە ڕووی فیکری و کاری ڕێکخستنەکانی...ھتد ، ھەر لە سەر ڕتمەکۆنەکەی بەردەوامە و ھەست بەگۆڕانکاریەکی ئەوتۆ ناکرێت، ئەمە جگە لەوەی کە لەڕووی کاری سیاسی و  گوتاری سیاسی و بڕیاری سیاسی و  شێوازی ڕاگەیاندنی ھەروەک لە خاڵی یەکەم ئاماژەمان پێدا ھەر لەسەر شێوازە کۆنەکەی خۆیەتی. 
سەبارەت بە تەوەری دووەمیش کە ئایا یەکگرتوو دەتوانێت جارێکی دی دەست بە گەشەکردن بکاتەوەو ھەستانەوە بەخۆیەوە ببینێت،؟ لەڕاستیدا لە دونیای سیاسەتدا ھەموو حیزبێک قابیلی ھەم سەرکەوتن و ھەم شکستە دەتوانێت بەرەو بەرزی ھەنگاو بنێت و دەشکرێت ڕوو لە نزم بوونەوە بکات دەتوانێت کێرڤی جەماوەری خۆی بەرزبکاتەوەو دوریش نییە لەڕووی جەماوەرییەوە دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام ئەوەی کە گرنگە دان بە ھەڵەی خۆیدا بنێت و لە ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری گرنگ دابێت بۆیان و بەشێوەیەکی کردارەکی چارەسەریان بکات.
بۆ وەڵامی پرسیارەکەش دەکرێت لە دوو لایەنەوە تەماشای بکەین، یەکەمیان لە ڕووی دەرەوەی حیزب و نێوەندە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان کە ڕەنگە بۆ ئیستای ئەم حیزبە زۆر گونجاو و لەبار نەبێت بەتایبەت لە دوای بەھاری عەرەبی کە نیشانەی پرسیار و زوومی کامێراکان خراوەتە سەر کاری ئیسلامی بەتایبەت ئیسلامی وەسەتی، بەچەشنێک لە زۆربەی ووڵاتان کێشەیان بۆ دروست دەکریت و ڕێگە نادرێت بێنە سەرکورسی دەسەڵات ئەگەریش لەپرۆسەیەکی دیموکراسی پاک و نەزیھیشدا دەربچن.
دووەمیان، لە ڕووی ناوخۆی حیزبەوە کە پێم وایە ئەمەیان ھیچ بیانویەک قبوڵ ناکات و پاساوێک ھەڵناگرێت و دەتوانێت لە ناوخۆی خۆیدا ھەڵسانەوە و نوێ بوونەوە دەست پێبکات، کە پێشموایە ھەموو ھەڵسانەوەیەک لە خودەوە دەست پێدەکات ئەویش بە دروستکردنی ئیرادەیەکی بەھێزی ھەستانەوە وئیدارەکردنی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و گێڕانەوەی متمانەیەکی بەھێز بۆ کادیرو ئەندام و ھەڵسوڕاوانی، بەڵام وەختێ دەتوانێت پرۆسەی ھەڵسانەوە بەڕێوەبەرێت کە ئەم کارانە ئەنجام بدات: 
١-بەر لەھەرشتێک دەبێت ئەم حیزبە چیدی بیرلەوە نەکاتەوە وەکو جاران بە سواڵ و سەدەقە حیزب بەڕێوەبەرێت و ئەندامانی تەنھا بە پاداشتی قیامەتی بجوڵێن و کاری بۆ بکەن، ناکریت حیزب بیت و نەتوانیت دەزگایەکی ڕاگەیانی بەھێزت  ھەبیت وەک دەزانین بوونی ئابوری بەھێز زەمانە بۆبوونی ڕاگەیاندنی بەھێز، بە دەست پانکردنەوە لە ئەندام و ئابوونەی ئەندامان حیزب بەڕیوە ناڕوات، بەڵکو دەبێت بیر لە پرۆژەیەکی ئابوری بەھێز بکاتەوە ببێتە خاوەنی ژێرخانێکی ئابووری ئەوتۆ کە تەواوی لایەنەکانی وەک پەروەردەیی، سیاسی، ڕاگەیاندن...ھتد، خۆی پێ بەھێز بکات چونکە وەک دەزانین ژێرخانی ئابووری بەھێز بەتایبەت لە ئێستەدا بناغەیە بۆ سەرکەوتنی ھەرکارێک. 
٢-پێویستە ئەم حزبە جارێکی دی خۆی نوێ بکاتەوە لەتەواوی بوعد و لایەنەکانەوە بەتایبەت لایەنی پەروەردەیی، و شێوازی کاری بانگەواز و فیکری ....ھتد، چونکە ئەم شێوازە لە فیکرو پەروەردە خەریکە باوی نەمێنێت و بووەتە شتێکی سواو و ئەندامانی ئەم حیزبەی تووشی جۆرێک لە نیگەرانی و بێتاقەتی کردووە  
٣-وەک دەزانین لەناو کاری ئیسلامی بەگشتی خەڵکانێک ھەن بەناوی دڵسۆزی بۆکارو پڕۆژەی ئیسلامی بەچەشنێک لە چەشنەکان خەریکی کاسبی کردن و خۆدەوڵەمەندکردنن،  یەکگرتووش لەم حاڵەتە بەدەرنییە، پێویستە سەرکردایەتی یەکگرتوو بەجددی بیر لەچارەسەری ئەم حاڵەتە بکاتەوەو چیدی ڕێگە نەدات ئەم جۆرە کەسانە لە پاڵ حیزب خەریکی پەیداکردنی پاروی چەوربن چونکە ڕێگەدان بەم حاڵەتە ھەم جوانی و قورسایی پرۆژەکە کاڵ دەکاتەوە ھەمیش متمانەی ئەندامان بە پڕۆژەکە بەرەو لاوازی و نەمان دەبات  .
٤-ڕێگە بدرێت خەڵکانی نوێ و خوێنی تازەو بیری تازە بچەنە سەرکردایەتی ئەم حیزبەو بەشداربن لە بڕیاری سیاسی، ئەو ئەندامە دێرینانەش کە چەندین ساڵە لەم حیزبەدا کاردەکەن ئیدی کورسیەکانیان چۆڵ بکەن بۆ کەسانی دی و ببنە دەستەیەکی ڕاوێژکاری بەھێزو پرس و ڕایان پێ بکریت، باشترین کاتیش بۆ ئەم گۆڕانکاریە مانگی دوانزەی ئەم ساڵە کە یەکگرتوو بە نیازە کۆنگرەی خۆی تیادا ببەستێت .
٥-یەکێک لە کێشەکانی ئەم پارتە ئەوەیە کە بوونی پرۆژەیەکی ئەوتۆ کە گەنجان و لاوان دڵخۆش بکات و لە دەوری خڕ ببنەوە ھەستی پێ ناکرێت، کە لەسەرتای ڕاگەیاندنیەوە تەواو پێچەوانەبوو، جێگەی ئومێدی توێژی گەنجان بوو، وەک دەزانین ھەستیارترین توێژ لەکۆمەڵگەدا گەنجانن، لێرەوە پێویستە سەرکردایەتی ئەم حیزبە وەک بەشێک لە پرۆسەی ھەستانەوە و نوێ بوونەوە بیر لەپرۆژەی گرنگ بکاتەوە کە خزمەت بەم توێژە ھەستیارە بکات و جارێکی دی ئومێدی خۆیانی لەسەر ھەڵچننەوە. 
٦-یەکگرتوو لە حیزبێکی نوخبەویەوە بکرێتەحزبێکی جەماوەری  و  خۆی سیاغە بکاتەوە لەسەر بنەمای خزمەت و بابەتی ئیسلامی و بوون و نەبوون نەکاتە گرفتێک، بەڵکو بناغە خزمەت بیت نەک ئایدیا تاکو جێگەی زۆرترین خەڵکی تیادا ببێتەوە. 
٧-بە پەیوەندیەکانی خۆیدا بچێتەوە لەگەڵ ووڵاتانی ئیقلیمی بەتایبەت ئێران و تورکیاو دیبۆلۆماسیەتێکی جیاوازتر لە جاران لەگەڵیان دەست پێ بکات تا چیدی بەحەزەرەوە لێی نەڕوانن.