سەردێڕ:

​گرنگی پشکنینی DNA لەدۆسیەی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا

2/16/2020 4:25:32 PM
4808 جار خوێندراوەتەوە
سالار مەحمود
+ -

لە ساڵانی رابردوودا کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال داوای زەوی و خانوویان دەکرد، داوای موچە و باشکردنی ژیانیان دەکرد، داوای سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان دەکرد.

بەشێکی کەم لە داخوازیەکانیان جێبەجێ کران. بەتێپەڕبوونی رۆژگار حکومەتەکان نەک ئەرکەکانی سەرشانیان لە دۆسیەی ئەنفالدا بەجێ نەهێنا، بەڵکو بە فشارو خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی کەسوکاری قوربانیانیش بەدەنگەوە هاتن بۆ داخوازیەکانیان زۆر کەم بوو.

ماوەیەک داوای هێنانەوەی ئیسک و پروسکی قوربانیەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیان دەکرد. ئەوە بوو ساڵ نا ساڵێک بەبێ فەحسی  Deoxyribonucleic acidدی ئین ئەی DNA الحمض النووی). چەند روفاتێک هێنرانەوە لەگەرمیان و چەمچەماڵ و دوکان و بارزان بەخاک سپێردرانەوە.

لە ئێستا بەگشتی و دوای هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەماوە کە ۱۷۱ ژن و مناڵی لێ دەرهێنران.

بابەتی فەحسی دی ئین ئەی ئیتر ئەو ئەرکەیە کە نابێ پشتگوێ بخرێت.

نابێ نەزانرێ ئەو ئیسک و پروسکانە کێن و لەچ خێزان و گوند و دایک و خوشک و براو باوکی کێن؟

چەندین ساڵەو لە بۆنەی جیاجیادا داوای وەرگرتنی سامپڵی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال دەکرێت بۆ ئەوەی لەکاتی دەرهێنانی ئیسک و پروسکی ئەنفالکراوەکاندا بەراورد بکرێن.

ئەم کارە ئەرکی هەردوو حکومەتی عیراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

بەتایبەتیش لەهەرێمەوە دەبوو ئەم ئەرکە جێبەجێ بکرایە، چونکە کەسوکاری قوربانییەکان لەهەرێمن. بەشێکیان لەناوچە دابڕاوەکانن.

لەهەردوو کۆنگرەی نێودەوڵەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی  دووەم و سێیەم لە راسپاردەکاندا ریزبەند کراوە و داواکراوە کە فەحسی DNA بۆ کەسوکاری قوربانیەکان بکرێت جگە لەناسینەوەی ئێسک و پروسکەکان بۆ بابەتی بە جیهان ناساندن و لە یاد نەکردن و ناسراوی گۆڕەکان و ناونیشانیان و بە زانستی کارکردن لەو دۆسیەیە گرنگی زۆری هەیە.

لەناو گۆڕەکاندا زۆرینەی روفاتەکان ناناسرێنەوە بەکۆمەڵ و بەبێ تەسکەرە و جنسیە  کەمیان نەبێ.

تەنیا بەجل و بەرگ و هەندێ بەڵگەی تردا کە دەزانرێت کوردن و خەڵکی کوردستانن لەوە زیاتر نازانرێت.

بەبێ پشکنینە سەرەکیەکە هەروا دەهێنرێنەوە کوردستان، بەس ژمارە کراون بەخاک دەسپێردرێن بەکێلی بێ ناوونیشانەوە! ئەم بابەتە ئیتر  دەبێ جدی کاری لەسەر بکرێت.

وەک چۆن لە کۆنگرەی دووەمی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەهەولێر ساڵی ۲٠٠۸  بە راسپاردە لە خاڵی (۱۱)دا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.

ئەمەش دەقەکەیەتی وەک خۆی

١١- دعوة الحكومة العراقية لإعداد البنى التحتية للتنقيب عن المقابر الجماعية بتوفير مختبرات فحص الحمض النووي وقواعد البيانات.

بەهەمان شێوە لە کۆنگرەی سێیەمی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە ساڵی ۲٠۱۱ی نەجەف بە راسپاردە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم ئەرکە ئاگادار کراونەتەوە.

ئەمەش دەقی راسپاردەکەیە

١١-  دعوة الحكومة العراقية الى تكثيف الجهود من أجل جلب مختبرات (DNA) وتأهيل كوادر وطنية لاستعمالها ، استكمالاً للإجراءات الفنية الخاصة بملف المقابر الجماعية.

کەواتە چەندین ساڵە هوشیاریی دەدرێتە حکومەتەکان بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە.

ئەم بەبیرهێنانەوەم بەپێویست زانی، چونکە هێشتا درەنگ نیە. لەو روانگەوەی سەدان گۆڕی بەکۆمەڵ ماون هەڵبدرێنەوەو سەدان هەزار مرۆڤ ماون لە ژێر خاک دەربهێنرێن کە بەکۆمەڵ کوژراون.